Breaking News
Home / پانل آزاد / مارتین لوتێرMarthin Luther))و ژان کەلڤینیJean Calvin)) ئیسلامی کەی لەدایک دەبن؟

مارتین لوتێرMarthin Luther))و ژان کەلڤینیJean Calvin)) ئیسلامی کەی لەدایک دەبن؟

یارسان مدیا
2020.05.26
سەفەر عزیزی

لە سەدەی ١٤ و ١٥ی زاینیی مەسیحیەت لەوپەڕی دڕندەییدا بوو و مێژووی مرۆڤایەتی پڕاوپڕ لە کوشتن بوو و جۆرێک لە تاریکی باڵی بەسەر مرۆڤایەتیدا کێشابوو. دەرئەنجامی ئەم ڕۆژگارە ڕەشە، سەرهەڵدانی ڕێنسانی(Renaissance) بەدووایخۆیدا هێنا. لەم دەورانە کە بەسەرەتای دەورانی ڕەوشەنگەری پێناسە دەکرێت، فەیلەسوفگەلێک پەیدا دەبن

Safar Azizi

کە بەکەڵک وەرگرتن لە خودی ئایینی مەسیحیەت وەرچەرخانێک لە تێگەیشتنی تاکی کۆمەڵگای مەسیحیەت دروستدەکەن. هەر لەم دەورانەیە کە زاناگەلی ئایینی وەک )مارتین لوتر و ژان کەلڤین( شۆڕشێکی ئایینی بەرپا دەکەن و هەوڵ دەدەن پەێوەندی نێوان خودا و تاک لە دەسەڵاتی ڕوحانیەتی ئایینی کاتولیک دەربێنن. بەم جۆرە پەێوەندی نێوان تاک و خودا دەبێت بە سەنتەری باسەکان و هەر لەم نێوەندەدا چەمگەلی سیکولاریزم(Secularism) و دێمۆکراسی(Democracy) و مافی تاک دەبێت بە گرنگترین باسەکانی ئەو ڕۆژگارە. مەسیحیەت لە مۆنۆپۆلی ڤاتیکان دێتە دەرەوە و سیاسەت و دەسەڵاتدارییەتی لە جیاتی هەوڵدان بۆ خۆشگوزەرانی لەو دوونیا، هەوڵ بۆ خۆشگوزەرانی ئەم دوونیایە دەدات. بەواتایەکی دیکە، ئەگەر لە ڕابردوودا ئینسان لە پریفریدا(periphery) دەبوو، ئێستا دەبێتەوە بەسەنتەر و ئایین دەکەوێتە پریفرییەوە. لە ئایینە ئیبراهیمیەکاندا، مرۆڤ همیشە وەک بەشێک لە سیستەمێکی هەرەوەزی(Collectivism) کە هەموو تاکێک لە چوارچێوە و بازنەی ڕێنماییە ئایینیەکاندایە، قەتیس دەبێتەوە. بەبێ ئەم سیستەمە هەرەوەزییە، تاک هیچ مانایەکی نییە. ئەم گۆرانکارییە لە مەعریفەتی رۆژئاواییدا، ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی خەباتی رۆشنگەریی و ڕێنسانس بێت و هەموو مێژووی مۆدێرنیتە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم خوێندنەوەیە. بەم جۆرە دروستبوونی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ خەڵک هەر لە ڕێگای ئەم خوێندنەوەیەوە دادەمەزرێت.

ڕێفورمەکان لە ئایینی مەسیحیەت بووە سەرەتاییەک بۆ خوڵقاندنی چەندین جۆری دیالۆگی ئایینناسی و رۆشنبیرانە کە کۆی ئەم دیالوگانە بووە هۆکاری گۆڕینی خوێندنەوەی کونسرڤاتیڤانە لە ئایینی مەسیحیەت. هەڵبەت باسەکان خۆیان لە سێ بەرەی جیاوازدا دەبینیەوە، بەرەی دژە ئایین، بەرەی کونسرڤاتیڤەکان و بەرەی رێفورمخوازەکان. من لێرەدا نامەوێت بە قوڵی بچمە نێو باسێکی دوورودرێژ، بەڵام هەر جۆرێک بێت دەرەنجامەکان ئەوەمان پێ نیشاندەدەن کە بەرەی ڕێفورمخوازەکان کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبووە لە گۆڕینی دیدی کۆمەڵگا بۆ ئایین.

پرسیار لێرەدایە ئەوەیە کە بۆچی رێفورم لە ئایینی ئیسلام دژوارە و کەی زاناگەلی ئیسلامی ئەم رێفورمە دەستپێدەکەن؟

شتێک کە روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ، ئاینی ئیسلام لە قەیرانی شوناسدایە و ئەم ئاینە بە بەراورد لە گەڵ ئاینەکانی دیکە لەمڕۆدا یەکێک لە هەرە سەرلێشێواوترین ئاینەکانە. ئیسلام بە گوزەشتی زەمان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بەڕێوەبەرانی ئەم ئایینە بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیان کارنامەیەکی پڕ لە کوشتار و خوێنڕژییان دروست کردوە. ڕەنگە ئیسلام یەکێک لەو ئایینانە بێت کە قەد ڕوانگەیەکی یەکگرتوو لە لایەن ئەولەماکانی ئیسلامەوە نەبووە و هەر کەسەو بەشێوەیەک تەفسیری ئایەتەکان و خوێندنەوەکانی دەورانی سەرهەڵدانی ئیسلامی کردوە. ئیسلام بەگشتی لە هەرە سەرلێشواوترین ئاینە ئیبراهیمیەکانە. لێ چونکوو دەسەڵاتداران و پیاوە ئایینیەکان بەگوێرەی ویست و بەرژەوەندی خۆیان قورئانیان شرۆڤە کردوە و دەورانی موحەمەدیان تەفسیر کردوە. لە نێو ئیسلامدا دەتووانیت بۆ هەر دیاردەیەک بە دەیان و سەدان لێکدانەوە بدۆزیتەوە. ئەمە وا لە باوەڕدارانی ئەم ئایینە دەکات کە هەمیشە لە سەرلێشێواویدا بمێننەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە قەد ڕێگا نەدراوە لە ڕێگای زانستی مێژووییەوە پەردە لە سەر لایەنە شاراوەکانی ئەم ئایینە بدرێتەوە. نەبوونی مەسدەرێک، وەک ناوەندی بڕیاردان لە سەر شرۆڤە و تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی تکستە پیرۆزەکان و پرش وبڵاوی روانگەکان لە نێو ئەم ئاینە و تێکەڵکردنی کولتوور، وایکردووە کە ئەم ئاینە گروپگەلێکی توندئاژۆ بەرهەم بهێنێت و کۆمەڵگای ئیسلامی دووچاری قەیران بکات. بە بەراورد بە ئاینەکانی دیکە، تاکوو ئێستا نەتوانراوە بەشێوەیەکی زانستی و جدی کار لە سەر ئەم ئایینە بکرێت و شوناسێک بۆ ئەم ئایینە بدۆزرێتەوە کە لە گەڵ دوونیای ئەمڕۆییدا هەماهەنگ بێت. هەڵبەت هیچ گومان لەوەدا نیە کە ئیسلام لە ناو ئاخنی خۆیدا لە گەڵ بیرۆکەی دێمۆکراسی و دەسەڵاتدارییەتی خەڵک و هەبوونی یاسای مرۆیی لە ناکۆکی دایە. بەڵام خۆ ئەم کێشەیە تەنها لە ئیسلامدا نییە و نەبووە وباوەڕە ئاینییەکان لە گەڵ قانونە ئنسانیەکان زۆرکات لە ناکۆکیدان. لێ قانوونی ئینسانی بۆ خۆشگوزەرانی ئەم دوونیایە داڕێژراوە، بەڵام قانوونی ئایینی، قانونگەلی میتافیزیکین، کە دەستکاریکردنیان لە توانای مرۆڤ بەدەرە. گەرچی لۆژیکی ئاینی دەبێتە بەربەست لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆیی، بەڵام بەوحاڵەش ئینسان دەتوانێت لە ڕێگای خوێندنەوەی زانستی و بەبەرداکردنی بەرگێکی مرۆڤدۆستانە و داماڵینی ئەم ئاینە لە توندوتێژی و کۆنەپەرەستی. ئیسلام پێویستی بە ڕیفۆرمی قوڵی هزری و زانستییە. ئەم ریفۆرمە بە ساقکردنەوەی ئەم ئاینە لەو هەموو ناڕونی و سەرلێشێواوییەی شوناسی ئایینی کە بەدرێژایی مێژوو تێدا بووە دەستپێدەکات.

قسەی سەر زمان و بن زمانی خەڵکی باوەڕداری ئیسلامی کە خۆیان بە دوور لەم توندوتێژییە دەگرن ئەوەیە کە عەرەبستانی سعودی ئیسلامی واقعیی نییە، داعش ئیسلامی واقعیی نییە، ئێران ئیسلامی واقعیی نییە، ئەلقاعدە ئیسلامی واقعیی نییە، تالیبان ئیسلامی واقعیی نییە، بوکو هەرام ئیسلامی واقعیی نییە، حیزبوڵا ئیسلامی واقعیی نییە، حەماس ئیسلامی واقعیی نییە…. لیستی ئەو گروپانەی کە هاوڕێیانی باوەڕدار بە ئیسلامی واقعی نایزانن زۆر دوورودرێژە. ئێ ئەگەر ئەمانە ئیسلامی واقعیی نین، کەواتە ئیسلامی کێشەیەکی قۆڵی شوناسی هەیە. کەواتە ئیسلام پڕاوپڕە لە ناروونی و نادرووستی و تێنەگەیشتن(. ئێمە کە باوەڕی ئیسلامیمان نییە، چون تێبگەین کە ئیسلامی واقعیی کامەیە؟ ئەگەر بۆ تکستە پیرۆزەکان بگەڕینەوە، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە زۆر لە کار و کردەوەکانی ئەمڕۆی داعش و گروپە بناژۆخواز و تونئاژوەکانی دیکە لە گەڵ کردارەکانی سەردەمی دروستبوونی ئیسلامدا یەکدەگرێتەوە. زۆربەی هەرەزۆری کردەوەکانی ئەم گرۆپە توندئاژوانە لە سەر باوەڕی شەریعەت و سونە کاری پێدەکرێت. کەواتە یان هاوڕێیانی ئێمە لە ئیسلام تێنەگەیشتوون، یان ئەوەتا ئەم ئاینە پێویستی بە داماڵینە لەو تێگەیشتنانەی کە شیاوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەم سەردەمە نییە.

ئەم دینە لە باوەڕێکی خوداییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی سەرکوتگەر و توندئاژۆ. بە سیاسی کردنی دین بێجگە لە بەدناوکردنی خودی دینەکە هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت. نەستالوژی باوەڕدارانی دینی ئیسلام لە گەڵ سەردەمی نوێ دووشتی دژ بە یەکن. قەیرانی شۆناسی ئیسلامی تەنها خودی دینەکە ناگرێتەوە، بەڵکوو بۆتە کێشە و قەێران بۆ تاکی موسەڵمان و هەموو کۆمەڵگای ئیسلامی. باوەڕداری ئیسلامی ئەمڕۆ لە سەر سۆز و خۆشەویستی ناگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەڵکوو لە ڕێگای کوشتن، سەربڕین و بەکوێلەکردنی مرۆڤەوە پێناسە دەکرێت.

ڕێنسانسی ئیسلامی دەبێت دەستپێبکرێت و ئەمەش تەنها لە لایەن باوەڕمەندانی رۆناکبیری ئیسلامییەوە دەکرێت. مەحاڵە رێفورم لەم دینە بێتە ئاراوە هەتاکوو دانبەوەدا نەنرێت کە دینی ئیسلام لە قەێران و مەترسی جدیدایە. ئیسلام ئێستا لە مۆنۆپوڵی گروپگەلێکی توندئاژۆدایە کە نەک تەنها بە ڕێفورم، بەڵکوو ڕەنگە پێویست بە شۆڕشێکی ئایینی هەبێت، تاکوو بتوانرێت لەم قەێرانە ڕزگاری بێت. مەبەست لەم شۆڕشە، شوڕشی لەبەریەک هەڵتەکاندنی ئەو تێگەیشتنە ئایینیانەیە کە بەدرێژایی میژوویەکی دورودرێژ ئیسلامی وەک ئایینێکی توندئاژۆ پێناسەکردوە.

لەکۆتاییدا، دینی ئیسلام چیدی پێویستی بە مەلا و شێخ و موفتی، ئیمام …هتد نییە، ئەم دینە پێویستی بە ڕۆشنبیری هومانیست هەیە بۆ ئەوەی بەرگێکی ئینسان مەحوەری بۆ دروستکات. پێویستی بە مەعریفەی ئینسانی هەیە بۆ ئەوەی دەقی تێکستە پیرۆزەکان بەخوێندنەوەیەکی عەقڵانی و سەردەمیانە پێشکەشی نەوەکانی داهاتوو بکات. کاتێک دین بووە ئامرازێک بۆ ئەوەی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە مرۆڤەکان بسێنێتەوە و سەربڕین و کویلەکردن بکاتە بەشێک لە شۆناسی خۆی، بێگومان هەموو مرۆڤدۆستێک دەبێت بەتوندی بەگژیدا بچێتەوە. ئێستا ئیدی هەموو تاکێکی موسەڵمان بەرپرسیارە لەوەی کە ئەم دینە لە قەێرانی شوناس ڕزگار بکات. گرنگ نییە ڕابردووی ئیسلام چۆن بووە، گرنگ ئەوەیە داهاتووی ئیسلام چۆن وێنا دەکرێت. کەواتە موسەڵمانەکان کە خۆیان بە مەیانەڕەو دەزانن دەبێت لەم قەیرانە فکرێک بۆ ئەم ئایینە بکەنەوە، ڕفورم دروست بکەن و هەوڵ بدەن تەفسیرێک لە قورئان بێننە کایەوە کە بتووانێت جوابگۆی ئەم سەردەمە بێت. ئایینی ئیسلام سەراپایە لە کێشە و دووفاقی، ئەم دووفاقی و کێشانەش کۆنەپەرەستان و بەرژەوەندیخوازان بۆ مەرامی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن. موسەڵمانان چیدی نابێت لە هەنای ئەم هەموو قەیرانانە چاووی خۆیان بنوقێنن و هەمیشە بە خۆگیلکردن بەوەی ئەمانە موسەڵمانی ڕاستی نین، بەئاسانی بەسەر کێشەکاندا ڕد بن. بتەوێت و نەتەوێت داعش و گروپە توندئاژوەکانی دیکە لە ڕێگای ئیسلامەوە بۆ کردەوەکانی خۆی پاساو دێننەوە. هیچ لەو ڕاستیەش ناتووانرێت فەرار بکرێت کە مێژووی ئیسلام پڕە لە دیاردەی داعشیزم و ئەلقایدە و بوکوهەرام…هتد.

 

سەفەر ئەزیزی

سەفەر ئەزیزی

 

 

 

 

بازدیدها: 83

دیدگاهتان را بنویسید