بەهۆی رووداوەکانی ساڵی ١٩٥٢ی وڵاتی پاکستان، کاتێک کە رایەدارانی ئەو وڵاتە بڕیاری سەپاندنی زمانی ئۆردۆی بەسەر تەواوی پاکستان دا. کۆمەڵێک لە جەوان و خوێنکاران و سیاسەتڤانانی بەنگالی ـ بەنگەلادشی راپەڕین و لە دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و داوایان کرد کە زمانی زکماکی خۆیان کە بەنگالییە ببێتە زمانی فەرمی بۆیان. لەو راپەڕینەدا خوێن رژا و چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی و شەهید بوون. هەر لەبەر ئەو هۆیە و تێکۆشانی گەلانی خاوەن زمانی تایبەت و جیا لە زمانی دەسەڵاتداران و مافخوارانی جیهان، سازمانی زانست، کەلتور و پەروەردەیی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان (( UNESCO)) یۆنیسکۆ، دوای ٤٧ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەی وڵاتی پاکستانی ئەوسا. لە رۆژی ١٧ ی سەرماوەزی ١٩٩٩، بڕیاری دا کە رۆژی ٢١ ی رەشەمێ ببێتە رۆژی جیهانی بۆ زمانی دایک ـ زمانی زکماکی.

مخابن لە ئەنجامی ژێردەستەیی گەلی کورد و دابەشبوونی کوردستان، زمانی کوردیش کەوتە بەر حوکمی فەرمیەتی زمانە سەردەستەکانی عەرەبی، تورکی و فارسی و ماکزمانی کوردی وەک زمانی دووەم یان قەدەغەکراو لە ماوەیەکی دوورودرێژدا مایەوە و بە شێوەیەکی زانستی ولەگەڵ سەردەمدا پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەدیت. لەهەمان کاتدا زاراوەکانی زمان لەیەکتر دوور کەوتنەوەو نەتوانرا زمانێکی یەکگرتوو و فەرمی درووستبکرێت. دوژمنان و وڵاتە سەردەستەکان هەمیشە لە رێگای فاکتەرەکانی ژیان دینی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و پەروەردەیی و هتد. کرانە تەهدید بۆ سەر لەناوبردنی زمان و تێکدان و شێواندنی زمانی کوردی.
بۆیە یەک لە پێویستیە گرنگەکانی ناو خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا خەباتی زمان و زمانی زکماکی بووە و گرنگی پێدراوە. گرنگی دان بە زمانی زکماکی لەرووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی لە ناو جڤاکی کوردیدا بەهێزکردنی کەلتوری رەسەن و باوەڕی و داب و نەریتە سروستیە کۆنەکانی کۆمەڵگایە و لەسەرووی هەمووشەوە بەکارهێنانی زمانی زکماکی کوردیە. ئەمە دەبێتە سەرچاوەی بەهێزکردنی گیانی وڵاتپارێزی و باڵاکردنی رۆحی نەتەوەیی.
ئێمە لە کۆمیسیۆنی زمان، کەلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، رۆژی جیهانی زمانی زکماکی پیرۆز دەکەین و دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە چۆن خەباتی زمان و پاراستنی هەموو شێوەزاراوەکانی کوردییمان کردۆتە یەکێک لە ستوونەکانی هەوڵ و تێکۆشانمان، ئاواش گرنگی و پەرە دەدەین بە پێشکەوتنی زمانی دایک ـ زکماکی کوردی و هەمدیس داواکارین لە رای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە زیاتر گرنگی بدەن بە زمانی کوردی و قسەی پێبکرێت:
ـ لە هەمان کاتدا ئێمە پشتگیری لە زمانەکانی تری غەیرە کوردی وەکو ئاسوریـسوریانی، ئەرمەنی و کلدانی و هەروەها هەموو ئەو زمانە رەسەنانە دەکەین کە گەلانی تری کوردستان ماکزمانیانە دەکەین و بە زمانی فەرمی بۆیان قەبوڵ دەکەین.
ـ هەر زاراوە و دیالیکتێکی کوردی گەورە بێت یان بچووک. ئێمە لە ک ن ک بە گرنگ و پێویستی دەبینین و هەوڵ دەدەین پەرەی پێبدەین و بەرەو پێشی ببەین و دەشیپارێزین.
ـ لەسەر هەموو سازی فەرمی و نافەرمیەکان، رۆشنبیری و بەڕێوەبەریەکانی بە تایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بە پێویستی دەزانین وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی گرنگی بە هەموو زاراوەکان بدرێت و لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا جێگیربکرێن و لەسەر ئاستی ئاکادێمی و زانستی زمان خەباتی بێوچانی بۆ بکرێ.
ـ هەردوو زاراوەکانی هەورامی و کەلهوڕی بە لقەکانیانەوە وەکو سۆرانی و کورمانجی ـ بادینانی پەرەی پێبدرێت و لەو ناوچانەی کە زۆرینەن پرۆسەی خوێندن بەو زاراوەیە بـیت و لە شوێنەکانی تریش لە پرۆگرامەکانی خوێندندا گرنگی پێبدرێت.
ـ هەر ساڵ لە رۆژی ٢١ ی رەشەمێ وەک جەژنی زمانی زکماک لە ساڵنامە ـ کەلەندارەکاندا جێ بگرێ و یادی بکرێتەوە.
لە رۆژی جیهانی زمانی دایک ـ ماکزمان ـ زکماکی دا سڵاو لە دایکانمان ئەوانەی کە نەوە دوای نەوە بە کوردی نەوەکانیان بە زمانی کوردی زمان پرژانکرد و بوونە گەورە مامۆستا بۆ نەوەکان و بە زیندوویی زمانی کوردیان هێشتەوە.
سڵاو لە دیوان وشەوچراخانی دیوانخانەکانی گوند و شارەکانی کوردستان کە سەرچاوە و بونیاد و ستوونی مانەوەو پاراستنی ئەو زمانە شیرینەی ئێمە بوون.
با هەموومان بە زمانی دایک ـ زمانی زکماکی خۆمان بدوێن.
دیسان ئێمە وەکو ک ن ک ئەم رۆژە رۆژی جیهانی زمانی زکماکی پیرۆز دەکەین
کۆمیسیۆنی زمان، چاند و پەروەردە
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ ک ن ک
٢١ ی رەشەمێ ٢٠١٧
بازدیدها: 56
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website