Home / پستهای تازە / خەڵک لە رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران داوای مافەکانیان ئەکەن

خەڵک لە رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران داوای مافەکانیان ئەکەن

پێشتر کوردو هەموو خەڵکی ئێران دژی رژێمی حەمە رەزا شا راپەڕینێکی مەزنیان کردو رژێمی شایان روخاند. دواتر هەر لە سەرەتای ساڵی 1979دا ئاخوندەکان دەستیان بەسەر راپەڕینی گەلانی ئێراندا گرت و لە جێی رژێمی شا، رژێمێکی کۆنەپەرستی ئاینی و مەزهەبی بوو بە بەڵا بەسەر خەڵکی ئەو ولاتەوە. لەو کاتەوە رژێمی ئاخوندەکان تەواوی ئێرانیان کردە زیندان بۆ خەڵکەکەی. ئەو سەردەمە تەنیا خەڵکی کوردستان بوون کە سەریان بۆ ئەو دەسەڵاتە دانەنەواند و بە هەر شێوەیەک بێت درێژەیان بە تێکۆشان بۆ ئازادی دا. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ داخوازیە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانی خۆیان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن.

Qetlîama Kampa Şehîd Rustem Cûdî ya Mexmûrê

ئاخوندەکان دوای ئەوەی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان دزی و رژێمێکی خراپتر لە رژێمەکەی حەمە رەزا شایان لەو ولاتە دامەزراند، ئیتر خەڵکی ئێران کەوتنە ناو تاریکستانیی. هەر لەو کاتەوە رژێمی نوێ کەوتە تالانکردنی سامانی وڵات و بێبەشکردنی خەڵک لە مافە دیموکراسی و مرۆڤایەتییەکانیان. هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو هەمانکات تەقەلای ئەوەیان دا سیاسەت و مۆدێلی سیستەمەکەی خۆیان بنێرنە ئەودیوی سنوورەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە تەواوی رۆژهاڵاتی ناوەڕاستدا ئەم هەوڵەیان خستە گەڕ. دەستیان خستە هەر شوێنێکەوە کە فرسەتێکیان بۆ هەڵکەوتبێ و دەرفەتیان بووبێ. لە لوبنانەوە هەتا سوریا، لە ولاتانی کەنداوەوە هەتا ئەفغانستان و شوێنانی تریش دەستی ئەوانی بۆ خراپەکاریی گەیشتێ.

لە ناوخۆی ئێرانیش لە مافەکانی مرۆڤەوە بگرە تا مافە دیموکراسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی ئێران ژێر پێ خران. هەموو دەنگێکی ناڕازی یان زیندانی کرا یا لە سێدارە درا. لە رۆژهەلاتی کوردستانیش سیاسەتێکی دڕاندانەیان پەیڕەو کرد. وەلامی هەموو داخوازییە مرۆیی و دیموکراسییەکانی گەلی کوردیان بە کوشتوبڕو کاولکاریی دایەوە. بە گشتیی ئێرانیان وەک مێشکی خۆیان کردە وڵاتێکی رەش و تاریك. بەتایبەتیش ژیانی ژنانیان کردە زیندان و لە جارشێوی رەشدا بەندیان کردن. بە کورتی ئاخوندەکان سەرانسەری ئێرانیان کردە زیندان بۆ تەواوی خەڵکی ئەو وڵاتە.

بەڵام وەک وتراوە پەتی زۆرداریی کورتە. لە دوا رۆژەکانی مانگی 12ی 2017 وە خەڵکی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خۆی بڵند کردو لە دژی رژێم کەوتە سەر جادە و شەقامان. هەر لە مەشهەدەوە هەتا تاران و کرماشان و زۆر دەڤەری تر، خەڵکی ئێران دەستیان بە راپەڕین کرد. داوای ئەو نانە ئەکەن کە لە گەروویان دزراوە، داوای سفرەی تالانکراویان ئەکەن. ژنان دوای ئازادی زەوتکراوی خۆیان ئەکەن، کرێکاران و کارمەندان داوای گەڕانەوەی ژیانی دزراویان ئەکەن. خوێنداکاران داوای مافی دیموکراسی و خوێندنیان ئەکەن. کوردو بەلوچ و عەرەب و ئازەری و ئەوانی تر، داوای مافە دیموکراسی و نەتەوەییە رەواکانی خۆیان ئەکەن. هەموو خەڵکی ئێران داوای ئازادی ئەکەن.

ئیدی رژێمی ئێران ناتوانێ درێژە بە سیاسەتی نامرۆڤانەو نادیموکراسیی خۆی بدات. داخوازیەکانی خەڵکی ئێران رەواو راستن. ئەو دنیایەش کە بڕوای بەو ماف و بەهایانە هەیە، پشتیوانی ئەوان ئەکات. ڕژێمی ئێران لە جیاتی گوێ لە داخوازیەکانی خەڵک بگرێت، دیسان بە ئاگرو ئاسن کەوتۆتە گیانی ناڕازیبووان و تا ئێستا چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان گیراون.

ئەو راپەڕینەی خەڵکی ئێران لەم چەند رۆژانەدا دەستیان پێکردووە، شتێکی سادە رووکەش نییە. رەگی ئەو تووڕەبوون و ناڕەزایەتیانە قووڵن. ئەو دروشمانەی بەرزئەکرێنەوە جەربەزەیی و جەسارەتیان پێوە دیارە. فراوانبوونی راپەڕین و بەشداریی خەڵک رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە. ئەمە بە تەواوی راپەڕینە دژی رژێمی نادادپەروەر و داپڵۆسێنەری ئیسلامیی ئێران.

لە جووڵەی ئەم رۆژانەدا بە روونی دیارە کە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند ناڕازییەو چەند تینووی ئازادییە. شارە گەورەو سەربڵندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک کرماشان و سنە نموونەی زیندووی ئەو راستییەن. ئەم راپەڕینە بزووتنەوەیەکی دیموکراسی و رەوایە دژی رژێمی کۆنەپەرست و دیکتاتۆری ئیسلامی ئێران. ئاماژەکان ئەوە پیشان ئەدەن کە ئەم هەڵمەتە هەڵمەتی گەورەتر بەدوای خۆیدا ئەهێنێت و ئیتر رژێمی ئێران ناتوانی بەو شێوازە بەردەوام بێت. پێویستە هەر لەسەرەتاوە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران بە وردی و شارەزاییەوە ئەم راپەڕینە بخوێننەوەو بەو پێیە هەڵوێستی خۆیان دیار بکەن. ئەگەر ئەم راپەڕینە نەبێتە گەرداوێک لە دژی رژێم، رەنگە رژێم بتوانێ بە فێڵ و تەلەکە لە لایەک و ، لە لایەکی ترەوە بە زەبروزەنگ دایبمرکێنێتەوە و خۆی لەو قەیرانی دەسەڵاتە دەرباز بکات. هەربۆیە پێویستە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی خەڵکی ئێران و دۆستانیان، پێکەوە هاوکار بن تا بتوانن بە هەماهەنگی لەبەرامبەر هێرشەکانی رژێمدا بوەستن و ئەنجام بەدەست بێنن.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان راپەڕینی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رەواو درووست ئەبینین و پشتیوانی لێئەکەین. پێویستە خوازیارانی دیموکراسی و ئازادی هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا سەرانسەری ئێران دەستی یەکتر بگرن، لە زووترین دەرفەتدا رێکەوتنێکی بەهێز پێکبێنن و ببنە ئەڵتەرنایڤ و رابەریی کردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵك.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان خوازیارە کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم قۆناغە گرنگە زۆر بە باشی هەڵسەنگێنن. کاتی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن و دەمودەست پێکەوە بەرنامەیەکی هاوبەشی داخوازیەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە بکەن. پێویستە گەلی رۆژهەلاتی کوردستان و رابەرە سیاسیەکانی ئەو پارچەیە، سەرەتا ناو ماڵی خۆیان رێکبخەن و تەیار بن، تاکو بتوانن لەگەڵ بەرپرسان و گەلانی تری ئێران، لەسەر بەرنامەیەکی دیموکراسی بۆ تەواوی ئێران رێکبکەون. ئەگەر ئەم راپەڕینەی خەڵکی ئێران بتوانێت لە زووترین دەرفەتدا، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی دیموکراسی و دادپەروەر رێکبخرێت، ئەوا ئەتوانێ گۆڕانکاریەکی گەورە لە دۆخی ئێراندا بکات. پەیامی خەڵک لەم راپەڕینەدا روون ئاشکرا داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتیی ئەکات. داوای ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی ئەکات. زۆر گرنگە رێبەرانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان وئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەم راستییە بە باشی بزانن و کاری پێبکەن.

گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک خەڵکی تری ئێران هەمان ئەو داخوازیە رەوایانەی هەیە. نان و ئازادی یان ئازادی و نان، ئیدی هاوتەریبی یەکترن و بوون بە درووشمی گۆڕانکاریی لە ئێران. لە پشت ئەم دروشمی داخوازیی گۆڕانەوە، پێویستە هەرچی زووتر رێککەوتنێکی بەرفراوان بێتەدی.

سەرکەوتن بۆ گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك

02.01.2018 برۆکسل

بازدیدها: 37