Home / پستهای تازە / ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئاوارتەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئاوارتەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان

 

 

 

بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان، کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش، رۆژی 02.02.2018 کۆبوونەوەی چواردەمین (ئاوارتە)، لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوە بە پەلەیە تایبەت بوو بە بارودۆخی ئەفرین، لەبەرئەوە ئەجێندانی کۆبوونەوە تەنیا یەك بابەت بوو، ئەویش ئەوە بوو ئێمە وەک کۆمیتەو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان، چی بکەین بۆ ئەفرین.

سەرەتا نوێنەری رۆژاوا لە سەر دوا بارودۆخی ئەفرین، رەوشی خەڵک و هەڵویستی هێزە خۆجێی و دەرەکیەکان کۆمەڵێک زانیاری و ئاگاداری پێشکەش کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی سیاسی و دیپلۆماسیی هێزە کوردستانیەکان و رەوشی ناوچەکە و جیهان تاووتێ کران.

لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکان:

ئەفرین کوردستانە. هێرشی دەوڵەتی تورکیا بە تەنیا لەسەر ئەفرین نییە، لە سەر هەموو کوردستانە. دەوڵەتی تورکیا نەیاری سەرەکی گەلی کوردستانە. پێویستە هەموو کوردستانیان لە دژی ئەو دوژمناکاری و هێرشانە راوەستن و ئەفرین بپارێزن.

کۆبوونەوە سڵاوی گەرم بۆ هێزەکانی قەسەدە و هەموو بەرگریکارانی ئەفرین کە بەوپەڕی قارەمانێتییەوە بەرگریی ئەکەن، ئەنێرێت. هەروەها هاوکاری و پشتگیریی خۆی بۆ گەلی ئەفرین و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی دژی داگیرکاریی لە خەباتدان دووپات کردەوە.

کۆبوونەوە لە کەسێتی شەهیدانی بەرخۆدانی ئەفریندا، بەڕێزەوە هەموو شەهیدانی کوردستان بە بیردێنێتەوە. سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان و هەموو گەلی کوردستان ئەکات، هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ برینداران ئەخوازێت.

بە شادمانییەوە ئێمە ئێساتا ئەبینین کە چۆن گەل و هێزە کوردستانیەکان لە چواردەوری پرسی ئەفرین کۆبوونەتەوە. گەلی کوردستان لەسەرانسەری جیهاندا، دژ بە هێرشکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هاتوونە سەر شەقام و پشتی ئەفرین ئەگرن. ئێمە دەستخۆشی لە هەمووان ئەکەین. هەمانکات هیواخوازین ئەو هەڵوێست و دۆخە ببێتە بنەما بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی مەزنی نەتەوەیی.

کۆبوونەوە هەڵوێستی دەوڵەتی روسیا لە ئەفرین شەرمەزار ئەکات، ئەو هەڵوێستە بە شایانی گەلی روسیا نازانێت. داوا لە رێبەرایەتی روسیا ئەکات بە زووترین کات ئەو هەڵوێستە نەشیاوەی بگۆڕێت و نەبێتە هاوکاری تورکیا.

کۆبوونەوە هەڵوێستی دەزگا نێونەتەوەییەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، ناتۆ، ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا لەسەر پرسی ئەفرین، بە لاواز و دوور لە پێوان و پرەنسیپە ئەخلاقی و مرۆییەکان ئەبینێ. داوا لەو دەزگاو ولاتانە ئەکات بە راشکاویی دژی ئەو هێرشکارییەی دەوڵەتی تورکیا راوەستن و هێرشەکان رابگرن.

کۆبوونەوە هەڵوێستی رای گشتی جیهان پۆزەتیڤ ئەبینێت. بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە بەهێزتربێت و کاریگەریی لەسەر دەوڵەتان دابنێت، پێویستە کارو تێکۆشان لەگەڵ دۆستانی بیانی بەردەوام بێت و پەرەی پێبدرێت. بۆ ئەوەش پێویستە تاوانەکانی تورکیاو راستینەی گەلی کوردستان زیاتر بانگاشەی بۆ بکرێت.

هێرشی تورکیا دژی بنەماو یاساو پەیمانە نێونەتەوەییەکانە. هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەفرین و تاوانکارییە دڕندانەکانی لەو هەرێمە، پێشێلکردنی بنەما یاساییەکانە و بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەژمێررێن. هاوکاریی تورکیا بۆ ئەلقاعیدە و پاشماوەکانی داعش، هەروەها هێرشکردنە سەر ئەفرین، تێکۆشان لە دژی داعش لاواز ئەکات.

لە کۆبوونەوەدا راپۆرتی کارو چالاکییە دیپلۆماسییەکانی پێشووتر پێشکەش کرا. کۆمەڵێك کاری گرنگ کراون کە کاریگەرییان لەسەر میدیاو راێ گشتی هەبووە. ئەمەش قۆناغی یەکەمین بوو. لە قۆناغی دووەمیندا پێویستە کارێکی وا بکرێت کە کاریگەریی لەسەر ناوەندەکانی بڕیار دابنێت، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و ولاتان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن. دواتر پێشنیاز و داخوازی بۆ کارو چالاکی داهاتوو، بە تایبەتی لەسەر پرسی ئەفرین، پێشکەش کراو لەو چوارچێوەیەدا پلانسازییەك داڕێژرا.

 

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان

برۆکسل 04.02.2018

 

  1. كۆمسیۆنی كاری دەرەوەی – كنك
  2. یەكیەتیی نیشتیمانیی كوردستان
  3. پارتی یەكیەتی دیموكراتی ( پ ی د )
  4. بزووتنەوەی گۆڕان
  5. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان
  6. پارتی ئیسلامی كوردستان
  7. كۆنگرەی جڤاتێن دیموكراتیك – ك ج د ئەورۆپا
  8. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
  9. تەڤگەری ژنانی كوردستان – ئەوروپا
  10. فیدراسیۆنی ئێزدیانی كوردستان
  11. یەكیەتی سوریانیانی ئەوروپا
  12. پارتی یەكیەتی سوریانی – رۆژاوا
  13. پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك
  14. حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
  15. نوێنەرایەتی ( ھ د پ ) لە ئەوروپا
  16. پارتی دیموكراتی كوردی سوریا
  17. پارتی چەپی دیموکراتی کورد – سوریا
  18. پارتی چەپی کورد – سوریا
  19. پارتی دیموکراتی کورد – ئەلپارتی- سوریا
  20. پارتی دەموکراتی پێشڤەڕۆی كوردی سوریا
  21. پارتی رزگاری کوردستان
  22. پارتی سەوزی كوردستان ( رێكخراوی سەوزی ئەوروپی – كوردستانی )
  23. ئەنستیتۆی كورد لە برۆكسل
  24. رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان
  25. پارتی یەکێتی نیشیمانی ئازاد – رۆژاوا
  26. تەڤگەری ئاوەدانکردنەوەی کوردستان – سوریا.
  27. ئەنجومەنی شەنگاڵ لە دەروەی وڵات.
  28. پارتی سەربەخۆیی.
  29. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان.
  30. پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردستان- الوحدة. (رۆژاڤا)
  31. کۆمەڵە – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.
  32. پارتی سەوزی کوردستانی (رۆژاوا)

 

بازدیدها: 35