دەوڵەتی تورکیا دەستی بەسەر کڵێسا و دێرو ماڵ و موڵکی ئەو ئاسوری – سریانی – کلدانیانەدا گرت کە لە کوردستان دەژین. بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە ماردین بوو بە شارەوانی مەزنی پارێزگا و ئیدی گوند و حوکمی کەسایەتی گوند لابرا، چەندین کڵێساو دێری مێژوویی و ماڵی سوریانیەکان لەو ناوچەیە بە بێدەنگی و لە پەناوە خرانە سەر سەرۆکایەتی کاروباری ئاینیی.
گەلۆ دەستبەسەرداگرتنی شوێنی ئاینی و پەرستگاو ماڵ و موڵکی خەڵکێکی مەسیحی لە لایەن دەزگاو بەڕیوەبەرایەتییەکی ئیسلامییەوە، جگە لە تاڵان و بڕۆ و داگیرکاریی چ ناوێکی تری هەیە؟ ئەم رەوشە بە چ لۆجیکێک لێکدەدرێتەوە؟ چ ویژدانێک دەتوانێ ئەمە قبوڵ بکات؟
دەوڵەتی تورکیا پێشتر گەلی کریستیانی جینۆساید کردو ماڵ و موڵکی داگیرکردن. دوای ئەوەش ئەوەی مابوون دەربەدەر کران. ئێستاش بۆ ئەوەی لەو ناوچەیە لە رەگ و ریشەیان دەربێنێ و ئاسەواریان نەهێڵێ، پەرستگاو شوێنە پیرۆزە مێژووییەکانیان داگیر دەکات. مێژووی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە دوژمنایەتی گەلان بە ناوبانگە. پێشتر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کلتور و باوەڕی جیاوازەوە وەک باخچەیەکی گوڵان بوو. کەچی تورکیای ئەمڕۆ یەک یەک ئەو گوڵانە هەڵدەوەرێنێ.
دوێنێ لە عێراق و سوریا تێرۆریستانی داعش ئەم مرۆڤانەی کوشتوبڕ کردن، لە شوێنی خۆیان دەریانکردن، ماڵو موڵکیان داگیرکردن و شوێن و پەرستگا مێژووییەکانیان تاڵان و خاپوور کردن. ئەمڕۆش لە تورکیا ماڵ و موڵکیان داگیردەکەن. بەڕاست لە نێوان ئەم دووانەدا هیچ جیاوازیەک هەیە؟
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، هەمیشە لە دژی ئەم کارە ناڕەوایانەی بەرامبەر گەلی ئاسوری – سریانی – کلدانی دەکرێن، راوەستاوین. ئێمە لە سەنگەری ئەوانداین و لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوام دەبین. ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی داگیرکردنی پەرستگاو شوێنە پیرۆز و دیرۆکییەکانی ئەوانین.
دەبێ دەوڵەتی تورکیا بە زووترین ئەو دێر و پەرستگاو موڵکانەی داگیری کردوون، رادەستی خاوەنەکانیان بکاتەوە.
لەو بارەیەوە ئێمە بە توندی ئەو ناڕەوایەتی و ناهەقییە شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و خاوەن ویژدان دەکەین لە گەلی ئاسوری – سریانی – کلدانی خاوەن دەرکەون و پشتگیرییان بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك
04.07.2017 برۆکسل
بازدیدها: 36
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website