رووداو – کەرکووک
شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی خێزانێکی کوردی کاکەیی لە باشووری داقووق، چوار ئەندامی خێزانەکەیان کوشتووە و پێنج ئەندامی دیکەش بێسەروشوێنن.
گوندی عەلوودپاشا (لهێب) لە باشووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک، گوندێکی دوورەدەستە و تەنیا خێزانی تێدا ژیاوە، کە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری روویانکردووەتەوە گوندەکەیان.
لەو گوندەدا ماڵی کەسێک بەناوی حوسامەدین نەجمەدین و شوانێکی عەرەب هەیە. شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکە، دوای رووبەڕووبوونەوەیان، حوسامەدین نەجمەدین و شوانە عەرەبەکە لە دەرەوەی ماڵەکەیان کوژراون، لەنێو ماڵەکەشدا هاوژینێکی و دایکی مام حوسامەدین کوژراون.
یەکێک لە کوڕەکانی مام حوسامەدین بەناوی “رەحمان” بە رووداوی راگەیاند، چەکدارەکان نزیکەی 20 کەس دەبوون و بە کوردی قسەیان کردووە، یەکێکیان ناوی “ئاسۆ” بووە. گوتیشی “ئێمە کاتێک چەکدارەکان چوونە ماڵی ژنی دووەمی باوکم توانیمان خۆمان رزگار بکەین، هەرچەندە تەقەیان لێکردن، بەڵام دەربازمان بوو”.
حەکیم تەگەرانی، لە هێزەکانی پێشمەرگە، کە بۆ لێکۆڵینەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بە رووداوی راگەیاند، سەرەداویان دەستکەوتووە کە چەکداری داعش بوون و بە هاوکاری شانە نوستووەکانیان هاتوونەتە گوندەکە.
جگە لە کوژرانی ئەو چوار کەسە، پێنج کەسی دیکە لەو دوو خێزانە بێسەروشوێنن، کە سەرجەمیان ئەندامی ئەو دوو خێزانەن.
هاوژینی دووەمی حوسامەدین نەجمەدین لەگەڵ دوو منداڵ رزگاریان بووە و چۆنێتی رووداوەکەیان بۆ هێزە ئەمنییەکان باسکردووە، کە بەگوتەی ئەوان چەکدارەکان دەمامکدار بوون و بە کوردی و عەرەبی قسەیان کردووە.
راپۆرتێکی پێشووی رووداو لە (10-5-2015) لەبارەی ئەو گوندەی خێزانەکەی حوسامەدین نەجمەدین تێیدا ژیاون.
لە ساڵی 2015 تۆڕی میدیایی رووداو نیوزفیچەرێکی لەبارەی ژیانی ئەو خێزانە و مەترسی داعش لەسەر گوندەکەیان بڵاوکردەوە. حوسامەدین و منداڵ و هاوژینەکەی بۆ رووداو قسەیان کردووە و دەڵێن، چەکیان دژی داعش هەڵگرتووە و رێگەنادەن بێنە خاکی کوردستانەوە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
بازدیدها: 45
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website