Home / خەور مهم. اخبار مهم / کۆچی دوایی بەڕێز مامجەلال لەم قۆناغەی کوردستاندا زیانێکی گەورەیە

کۆچی دوایی بەڕێز مامجەلال لەم قۆناغەی کوردستاندا زیانێکی گەورەیە

بە داخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ 03.10.2017 بەڕێز مامجەلال سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرۆککۆماری پێشووی ئێراق لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لەم قۆناغە ناسکەی کە گەلی کوردستانی پێدا تێپەڕ ئەبێت، لە دەستدانی کەسایەتییەکی وەک مامجەلال زیانێکی زۆر گەورەیە. بەڕێز مامجەلال وەک پێشمەرگەو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێکی کورد، زیاتر لە 60 ساڵ تەمەنی خۆی بە خزمەتکردنی دۆزی کوردستان و ئازادی گەلی کورد بەخشی. لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیدا توانی ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی باشووری کوردستان و خەمخۆری پرسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانییش وەک رێبەرێکی چالاکی کورد هەمیشە بەدوای پرسی کوردستانەوە بووەو هەوڵی داوە دۆست و هاوکاریی بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای کوردستان بەدەستبێنی و زۆریشی بەدەستهێنا. لەو پێناوەدا لە دەیان دەرگای داوەو لە زۆر لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو بووە.

لەدوای رووخانی رژێمی بەعسی ئێراقیش یەکێک لە رابەرە سیاسییە هەر چالاکەکانی ناوچەکە بووەو جێ پەنجەی بە هەموو رووداوەکانی ئەو قۆناغەوە دیارە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە بوو توانی ئەوە بسەلمێنێ کە شایانی سەرکۆماریی ولاتێکی وەکو ئێراقە. سەرەڕای هەموو کێشەو ململانێ ناوخۆیی و دەرکەییەکانی ئێراق، ئەو توانی ئەو قۆناغە بە سەرکەوتووی دەرباز بکات. هەر لەو سەردەمەشدا بوو گەلی باشووری کوردستان لە رووی ئاوەدانی و ئابوورییەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك، زۆر بە داخەوەین بۆ لەدەستدانی بەڕیز مامجەلال. سەرەتا سەرەخۆشی لە خۆمان، لە ماڵبات و بنەماڵەی بەڕیز مامجەلال، لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی و تەواوی گەلی کوردستان ئەکەین. ئێمە دڵنیاین شوێنی مامجەلال لە لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی گەلەکەماندا بۆ هەمیشە بە نەمریی ئەمێنێتەوە.

بەڕێز مامجەلال هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بوو دەنگە جیاوازەکان لە بەرەو پلاتفۆڕمێکی نەتەوایەتیدا کۆبکاتەوە. هەر خودی یەکێتی نیشتیمانی نمونەیەکی ئەوە بوو. بەهیواین رێبوارانی رێی مامجەلال درێژە بەو خەباتە بدەن و لە پێناو یەکێتییەکی نەتەوەییدا هەنگاوی چالاکانە بنێن.

 

کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك

03.10.2017 برۆکسل

بازدیدها: 40