یارسانمیدیا
2026-08-15
نووسەر: سارۆ خوسرەوی

لە ڕوانگەی زۆربەی ڕەخنەگرانەوە، مەترسیی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بریتییە لە تێکەڵکردنی دین لەگەڵ سیاسەت، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئازادییە گشتییەکان، پێگەی ژنان، فراوانبوونی هزری توندڕەوی و لاوازکردنی فەرهەنگی نەتەوەیی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
هەردوو کۆمەڵگەی ئێزیدی و یارسان، بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی هەڕەشەی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بوونەتەوە. گرووپە جیهادی و سەلەفییەکان لە چوارچێوەی ئوممەتی ئیسلامیدا مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی دەکەن و باوەڕیان بە فرەڕەنگیی ئایینی نییە. یارسانییەکان بە باشی لەگەڵ ئەم جۆرە تێڕوانینە ئاشنان و بەردەوام هەوڵیان داوە پارێزگاری لە خۆیان بکەن. هەموو یارسانییەک ئاگاداری داستانی «مەڕنەو»ە و دەزانێت بە شێوەیەک لە بنەڕەتدا گرووپە ئیسلامییەکان هەوڵی تواندنەوەی ئایینی یاری و کۆمەڵگەی یارسانیان داوە. ئەگەر بەرخۆدانی سوڵتان سەهاک و یارانی لە چیای شنروێ نەبوایە، ئەمڕۆ کۆمەڵگەیەک بە ناوی یارسان کە میراتگری بەشێکی بەرچاو لە فەرهەنگ و باوەڕ و ژیاری کوردییە، لە ئارادا نەدەبوو.
دوایین جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ سەر کۆمەڵگەی یارسان، بەتایبەت کاکەییەکان لە باشووری کوردستان. کاکەییەکان لە سەردەمی بەعسدا وەک کورد دەچەوسێنرانەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش هەم وەک کورد و هەم وەک پێکهاتەیەکی ئایینیی جیاواز لە دەڤەری کەرکووک هێرشیان کرایە سەر.
ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەندێک گرووپی سەلەفی و جیهادیی نزیک لە باڵی ئەنسارولئیسلام هەن کە بە نهێنی لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینەکانی مەلا کرێکار وەک ڕێبەری مەعنەویی خۆیان و بە هاوکاریی ناڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی، بانگەشە بۆ سەلەفیەت و بیری توندڕەوی دەکەن. لە ژێر کاریگەریی ئەم بانگەشانەدا، چەندین گەنج لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونە نێو داعش و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە لە سووریا و بەشێکیان لە ڕۆژاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە شەڕڤانان کوژران.
لە ڕەوشێکی وەهادا، کوردانی نیشتمانپەروەر و کۆمەڵگەی یارسان هەر جۆرە جموجووڵێکی گرووپە سەلەفی و جیهادییەکانی ناوچەکە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆیان دەبینن.
ئەو کوردانەی کە ئوممەتی ئیسلام لە سەرووی ناسنامەی کوردبوونەوە دەبینن و فەرهەنگ، زمانی کوردی و بۆنە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانیان بۆ گرنگ نییە، لە دژایەتیی بیری کوردایەتیدان و بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ ڕەوتی ئیسلامی سیاسیدان. بەڵام خۆشبەختانە دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە بەرچاو نییە کە جێگەی نیگەرانییەکی گەورە بێت. هەرچەند کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان کەڵک لە هەندێک مەلای ئایینی وەردەگرێت، بەڵام لەبەر وشیاریی سیاسی و تێگەیشتوویی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات، مەلا سەلەفییەکان نەیانتوانیوە وەک سەلەفییەکانی باشووری کوردستان کۆمەڵگە بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیان. خەڵکی ڕۆژهەڵات ڕاستە زۆربەیان لە ڕووی ئایینییەوە موسڵمانی شیعە و سوننەن، بەڵام لە ڕووی فەرهەنگییەوە پێڕەوی لە میراتی مێژوویی زاگرۆس دەکەن و زیاتر پابەندی فەرهەنگی فرەڕەنگی و ئاشتەوایین تا جیاوازیی ئایینی.
مەترسیی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵات ئەو کاتە زیاتر خۆی دەردەخات کاتێک ناسنامەی نەتەوەیی لاواز دەکرێت و مزگەوت لەلایەن مەلایەکەوە دەکرێتە بارەگایەک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی. وەک دەزانین کۆماری ئیسلامی پرسی فەلەستینی کردووە بە بەشێک لە شەرعیەتی ئایدیۆلۆژیی خۆی و دەیەوێت لە ڕێگەی مەلای مزگەوتەکانەوە جۆرێک لە هاوسۆزی لە نێوان خۆی و خەڵکی ڕۆژهەڵات دژ بە ئیسرائیل دروست بکات، بەڵام خۆشبەختانە زۆربەی کوردانی نیشتمانپەروەر ئەو هاوسۆزییەی ئێران بە درۆ و دووڕوویی دەزانن و گوێ بە سیاسەتەکانی نادەن، چونکە دەزانن کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هاوسۆزیی مرۆییەوە هەوڵی دروستکردنی هاوسۆزیی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک دەدات بۆ لێدانی زەبر لە کورد و مافە ڕەواکانی.
زۆربەی کورد لە ڕۆژهەڵات ئەم پرسیارە لە خۆیان دەکەن: کۆماری ئیسلامی کە خۆی ٤٧ ساڵە کورد دەکوژێت و زمانی قەدەغە کردووە، چۆن دەبێت داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بێت لە فەلەستین؟
لە کۆتاییدا، تۆی کوردی موسڵمان ئەگەر دڵت بۆ ئازادی و سەقامگیریی کوردستان لێدەدات، پێویستە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی ئاگات لە کەسوکارت بێت کە دەچنە کام مزگەوت و گوێ لە کام مەلا دەگرن؛ ئایا ئەو کەسە وەک نەمر شێخ عێزەدینی حوسەینی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕە، یان هاوشێوە و هاوبیری مەلا عەلی قەرەداغی و مەلا کرێکارە؟
کۆمەڵگەی یارسانیش پێویستە زۆر ئاگاداری ئەو کەسانە بێت کە بە ناوی دڵسۆزییانەوە بۆ یارسان، وتە و کردەوەی مەلایەکی جیهادی و سەلەفی دەکەنە بیانوویەک بۆ ئەوەی هەموو کوردێکی موسڵمان بە سەلەفی و لایەنگری ئیسلامی سیاسی لە قەڵەم بدەن. وەک چۆن سەلەفییەکان بە مەبەست بیری نەتەوەیی و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان دەکەنە ئامانج، ئەو کەسانەش کە بە ناوی دژایەتیی سەلەفییەتەوە هێرش دەکەنە سەر هەموو موسڵمانان، بە نەزانی خزمەت بە پرۆژەی داگیرکەرانی کوردستان دەکەن.
ناوەڕووک بابەتەکە ڕەنگدانەوەی نووڕین نوویسەرە و یارسانمدیا مەسوولیەتی وە وەرەسە ناگرێت.
بازدیدها: 328
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website