رووداو – سلێمانی
وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تاران داوای دەستپێکردنی دانووستاندن لەنێوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و حکومەتی ئێرانیان خستووەتە بەردەم وەزیری دەرەوەی ئێران.
میدیاكانی یەكێتی نێوەڕۆکی دیداری رۆژی دووشەممەی وەفدی یەکێتی و وەزیری دەرەوەی ئێرانیان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندووە، هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی دانووستاندن لەنێوان کۆماری ئیسلامی و کوردی رۆژهەڵات، بە مەبەستی چارەسەری كێشەكان.
لەبارەی وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئێران بەو پێشنیازە، ئەندامێکی وەفدی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند “زەریف گوتوویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە کە هەموو کەس و لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا بەشداری بکەن، بەڵام وەڵامێکی روونی بە دەستپێکردنی دانووستاندن نەداوەتەوە”.
حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدك) کە لە هەموو حیزبەکانی دیکە زیاتر باسی پێویستی دانووستاندن دەکات، پێشنیازەکە بە ئەرێنی دەبینێت.
مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری حدک دەڵێت، پرسی کوردی رۆژهەڵات بۆ کۆماری ئیسلامی پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام باسکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەش نائاسایی نییە.
مەولودی پێیوایە، هەلومەرجی ئاڵۆزی ناوچە دەتوانێ بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ببێتە دەرفەت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، زۆر لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە. فاروق بابامیری، جێگری سکرتێری ئەو حیزبە دەڵێت، حیزبەکانی رۆژهەڵات دەرگای دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی ئێرانیان دانەخستووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ خێرێکیان لە دانووستاندن نەدیوە.
بابامیری دەشڵێت، تاوەکو کورد نەبێتە هێز و گوشار نەخاتە سەر دەسەڵاتی تاران، کۆماری ئیسلامی هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەڵناگرێت.
بازدیدها: 46
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website