یارسان مدیا
27 sep 20
ن.حشمەت خوسرەوی
پێرێ پۆستێکی کورتم لە ژێر ناونیشانی ” رفراندووم باشوور کوردسان جوورێگ لە خودکووشی سیاسی بی” بە بیانۆی سێهەمین ساڵیادی بەرێوەچوونی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک دانا. زۆری پێ نەچوو کە لە چەپ و ڕاستەوە کەوتمە بەر ڕەخنەی کەسانێک کە خۆیان بە لایەنگری ریفراندۆمەکەی ٢٥ی سپتامبری ٢٠١٧ دەزانن. زۆر شتی سەیر لە سەر ئەم پۆستەی من نووسراوە. یەکێک پێ وایە کە من دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستانم، یەکێکی دیکەش پێ وایە کە من نازانم ریفراندۆم چییە و دەبێ فێری بم. کەچی یەکیکی دیکە بەوە تۆمەتبارم دەکات کە من خۆم کردوە بە تێوریسیون و ئەوی دی تۆمەتی ئەوەم لێ دەدات کە ئەو قسەیەی من، هی وەزیری دەرەوەی تورکیە((یڵدرم)) بووە کە گوایا من تەرجمەم کردوە بۆ سەر زمانەکانی کوردی و فارسی.
تەواوی ئەو تۆمەت و ڕەخنانەی کە بەرەو رووی من دەبنەوە، دەتوانن لەم ڕاستیەوە سەرچاوە بگرن کە لەوانەیە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی نەتەوەی کورد کە جیاوازە لە گەڵ کارەسات و نەهامەتییەکانی زۆر نەتەوەی دیکە، گرێدراوی بواری سایکۆلۆژیەتی تاکی کورد بێت. ئەگەر بە وردی چاوو لە دیرۆکی کورد لانی کەم لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بکەین ، زۆر زەحمەتە کە نەتەوەیەک لەم جیهانە بدۆزیتەوە کە تاکەکانی وەکوو هی کورد چاووپۆشیان لە ستەمکاریی، قورخکاریی ، خەیانەت و بێ ئەخڵاقی سەرکردە سیاسییەکانی خۆی کردبێت. بۆ وینە ئەگەر چاوو لە باشووری کوردستان بکەین دەبینین کە کارنامەی سیاسی دەسەڵاتدارانی باشوور بریتی بووە لە شەڕی ناوخۆ، جاشیەتی،برسی هێشتنەوەی هاووڵاتی، هێنانی هێزی داگیرکەرانی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان مەلایی و جەڵالی یان هەرێمی زەرد و سەوز. ئەوەی ئەم دوو دەسەڵاتە ستەمکارە دەرحەق بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە کە ڕەنگە دوژمنی کوردیش هەر ئەوەندەی کردبێت. ئەمەش جگە لە شەڕێ بە وەکاڵەت دژی باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان. سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتیانە، کەچی تاکی کورد هێشتا ئەوان بە قارەمان و فریادڕەسی خۆیان دەزانن. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە هیچ نەتەوەیەک لەم جیهانە نیە کە وەکوو تاکی کورد ئامادە بێت کە لاپەڕەی ڕەشی خەیانەت و کۆیلیەتی سیاسی بە سەروەری بۆ خۆی بزانێت. ڕەنگە یەکێکی دیکە لە نەهامەتیەکانی تاکی کورد ئەوە بێت کە هەر زوو کارەساتەکان و مێژووی ڕابردووی خۆیان لە بیریان دەچێت و زۆربەی شکستەکانی خۆیان دەخەنە پاڵ دوژمنەکانیان، کەچی نازانن دوژمنی سەرەکی یان ئالیگارشی(oligarchie) سیاسی کورد لە ناو ماڵی خودی کوردە . دەبێ لە پێشدا ئەو کەسانە لە سیاسەت و حوکمڕانی بە هەوت پشتیانەوە دوور بخرێنەوە ئەو جار سەربەربەرزانە بچنە جەنگی دوژمنی دەرەکی و شەڕی مان و نەمانی لە گەڵدا بکە، چوونکە ئەگەر لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری ، نیزامی و سایکۆلۆژیی زاڵ نەبیت بە سەر دوژمنی دەرەکییتدا، ئەو جار ئەو دێت کەرامەت و فەلسەفەی وجوودت دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمن لێرەدا پێم خۆشە کە لە وەڵامی تەواوی ئەو کەسانەدا بە ئاشکەرا و کۆنکرێت باس لەوە بکەم کە بۆچی ریفراندۆمەکەی باشووری کوردستان ، جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسییە؟
پێش هەموو شتێک بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم ئەویش ئەوەیە کە خەونی کوردستانێکی سەربەخۆ یا دەوڵەتێکی کوردی، خەونی چەندین نەسڵی یەک لە دوای یەکی کورد بووە. هەوڵدان بۆ کوردستانی سەربەخۆ، هیچ تەزادێکی لە گەڵ میساقی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا نیە و تەنانەت هەوڵدان بۆ ڕزگاری لە ژێر دەستی کۆلۆنیالیزمی ئێراقی بە تەواوی لە گەڵ “اصول چهاردەگانە”ویلسون، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی وڵاتە یەکرگرتووەکانی ئەمریکاش یەکدەگرێتەوە. بەش بە حاڵی خۆشم هەمیشە پێم وابووە کە کوردستان کۆلۆنیاڵ کراوە و دەبێ لە ژێر دەستی رزگار بکرێت.
هیوادارم ئێستا خوینەرانی ئەم بابەتە لانی کەم لەوە تێگەیشتبن کە من دژی دەنگ و ویژدانی خەڵکی باشووری کوردستان نیەم، بەڵکوو قسە لە سەر شتی دیکەیە.
بؤچی من پێم وایە کە ریفراندۆمی باشووری کوردستان جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسی بووە؟
لە ڕاستیدا مەبەستی من بە هیچ شێوەیەک ئەوە نیە کە بلێم مافی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی تاوان بێت یان خۆکوشتنی سیاسی بێت، بەڵکوو مەبەستم ئەو کەسانەیە کە بە هاندانی خەڵک بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ، واردی کایەێیکی سیاسی یان قورماێکی سیاسی بوون لە سەر حیسابی هاووڵاتیانی باشووری کوردستان.
دەمەوێ بڵێم کە دەرئەنجامەکانی دوای ریفراندۆم و ئەو بارودۆخەی کە لە دوای ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان هاتووتە پێش، بە پلەی یەکم جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسییە بۆ شەخسی بەڕێز ((مەسعوود بارزانی)) و حیزبەکەی و ڕاوێژکارە لاوازەکانی چواردوەری ناوبراو و ئەو حیزبانەی کە بە بێ خوێندنەوەێیکی ورد و ئەقڵانی، پاڵپشتیان لە پێشنیارەکەی بارزانی کرد وەکوو حیزبی شیوعی کوردستان، یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان و حیزبی سوسیالیستی کوردستان.
خۆکوشتنی سیاسی یانی چی؟
خۆکوشتنی سیاسی(Political Suicide)، گوزارشت لە کونسپتێک دەکات کە تێدا سیاسەتمەدارێک یان پارتێکی سیاسی بە هێناگۆرێ پێشنیاریک یان ئەنجام دانی کردارێکی نە گونجاو، دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر وەزئیەتی مەوجوود(The Status Quo) ،وەکوو بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان. پاشان ئەنجامی (Outcome) ئەم پرۆسەیە وا دەکات کە هەم دەنگدەران و هەمیچ هاوولاتیان بڕوایان بەو جۆرە کەسە سیاسیانە یان پارتێکی سیاسی نەمێنێت.
ئەمن لە سەر بنەمای ئەو پێناسەیە بۆ خۆکوشتنی سیاسی پێم وایە کە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان لەو هەل و مەرجەدا ،جۆرێگ لە خۆکوشتنی سیاسییە، نەک بە مانای دژایەتی کردن لە گەڵ دەنگی مافخوزایی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. رووی قسەم زۆرتر لەو کەسانەیە کە کەڵکیان لە هەستی ئاتفی و نەتەوایەتی هاووڵاتیانی باشووری کوردستان وەرگرت وەکوو دژکردەوەێیک بەرانبەر بە بەغدا. لە ڕاستیدا، پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تەنیا بیانۆیک بوو ،چوونکە کوردستانی سەربەخۆ بە قەوڵی ڕەوانشاد ” نەوشیروان مستەفا” بە قسە درووست نابێت، بەلکوو بە دامەزراوەی سیاسی و نیشتمانی درووست دەبێت کە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەی خود گەل بن، نەک بنەماڵە و خێڵ.
لە لایەکی دیکەوە ،دوورخستنەوەی خودی م.بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسی بوو.
بۆ ئەو کەسەش کە دەڵێت یەکەم جار ئەم دەستەواژەیە لە لایەن وەزیری دەروەی تورکیە واتە((یڵدرم) بە کار هاتووە لە پەیوەندی لە گەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا ، دەبێ بە بیری ئەو ئازیزە بخەمەوە کە ئەم دەستەواژەیە، یەکەم جار لە لایەن ئەندام پارلمانێکی سەر بە حیزبی کرێکارانی بریتانیاوە بە ناوی((Gerald Kaufman) بە کار چوو بەرانبەر بەو شکستەی کە رووبەرووی حزبەکەی ببوەوە. ئەم دەستەواژەیە لە زۆر لە ولاتانی دێمۆکراتیک و غەێر دێمۆکراتیکیش لە پەیوەندی لە گەڵ رووداوە سیاسی و ئابوورییەکاندا، کەڵکی لێ وەردەگرن.
بۆچی من پێم وایە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان ، جوورێک لە خۆکوشتنی سیاسی بوو؟
بێگومان زۆربەمان ئەو ڕاستیە دەزانین کە بەشێکی زۆر لە ئەم کریس و کارەساتانەی کە لە باشووری کوردستاندا وجوودیان هەیە، بەرهەمی رێفراندۆمە شکست پێهێنراوەکەی هەرێمە هەر چەند نابێ کەس گومانی لەوە هەبێت کە ریفراندۆم مافیکی حقووقی و گەردوونی کوردە، بەڵام نە کاتەکەی گونجاو بوو و نە میکانیزمەکانی بەرێوەبردنی ریفراندۆمیش. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی خۆیان لە قەرەی ریفراندۆم دابا، دەبوایە لە ڕیگای بە ناو راوێژکارە سیاسییەکانیانەوە بیانزانیبا ئایا لە رووی فاکتۆری نیۆخۆییەوە بارودۆخی هەرێم ئەوەندە گونجاوە بۆ رێفراندۆم؟ دەبوایە خاوەنی چەندین دژەپلانی دیکە بوایان پێش ئەوەی خەڵکی هان بدەن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە لایەکی دیکەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ، تەنانەت نیمچە کۆدەنگێیک بۆ پاڵپشتی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان وجوودی نەبوو جگە لە چەند موستەشارێکی سەر بە کۆنگریسی ئەمریکی و چەند دۆستێکی بێ دەسەڵاتی کورد لە فەرانسە نەبێت.
بەداخەوە سەرکێشی بە ناو سیاسییەکانی باشووری کوردستان کارتی ریفراندۆمیان بۆ مەبەستی ئایدۆلۆژی خۆیان بە کار هێنا، کەچی لەم گەمە سیاسییە یا قومارە سیاسییەدا بە جۆرێک دۆڕان کە دواتر پەنایان برد بۆ لای مەرجەئیەتی شیعە واتە(( سیستانی)) کە جارێکی دیکە وەسڵیان بکاتەوە بە بەغدا حەیاتەکەوە بە بێ هیچ مەرج و زەمانەتێک. دوای ئەوەیکە لە ریفراندۆم پاشگەز بوونەوە و بە ڕاشکاوی رایانگەیاند کە ئەوان لە گەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی ئێراقن بۆ سڕکردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆم، ئەو جار کاتی ئەوە بوو کە جارێکی دیکە وەکوو جاران بکەونە پیشبڕکی بۆ رێکەوتنی نهێنی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا.
ئەم هەڵە کوشندە و ستراتیجیانەی بە ناو سیاسییەکانی کورد ، خەون و پرۆسەی دەوڵەتی کوردییان لەو بەشەی کوردستان بۆ چەند دەیەی دیکە لە ناوبرد. تەنانەت کارێکیان کرد کە کەیسی پاڕچەکانی دیکەی کوردستانیش بۆ سەربەخۆیی لە گەڵ نائومێدی رووبەروو بکاتەوە. کار گەیشتە شوێنێک کە تازە ئیتر زەحمەتە کورد تەنانەت ئەو فیدرالییە نیمچە سەربەخۆییەی دیفاکتۆییە بەخۆیەوە ببینێتەوە کە لە سەر بنەمای جوگرافی و نەتەوەیی بنیات نرابوو.
نابێت لە بیرمان بچێت کە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا زاڵە ، ئەنجامی سەرکێشی سیاسییەکانی کورد لەو بەشەیە نەک خەڵکی هەژار و تێکوشەری باشووری کوردستان. شکستی ئەم جارەی کورد لە گەڵ هەموو شکستەکانی دیکەیدا، جیاوازترە. کارەسات لەوە زیاتر چییە کە پێش بەرێوەچوونی ریفراندۆم، داگیرکەرانی کوردستان و دۆست و ئاغای سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان واتە(( تورکیە و ئێران)) هەڕەشەیان لێکردن کە خۆیان لە قەرەی ریفراندۆم نەدەن، چوونکە ئەوان دەیانزانی کە سەرجەم کۆدە سیاسی ، ئابووری و ئەخڵاقییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە تاران و ئانکارایە.بەڵام کەلەڕەقی و کورت بینی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی کورد بەتاێبەتی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم تەنانەت نەیانتوانیبوو ئاستی هەڕەشەکانی دوژمن و ئاغاکانیان بخوێننەوە. ئەنجامی ئەم ڕەفتارە سیاسییەی بەشێک لە سەرکردەکانی باشووری کوردستان بونە هۆی شکاندنی کەرامەت و شکۆی کورد، بونە هۆی لە دەستدانی گەورەترین پشتیوانی نێودەوڵەتی، بونە هۆی نزیک بوونەوە لە داگیرکەرانی کوردستان، بونە هۆی لە دەستدانی زۆرتر لە ٤٠٪ خاکی باشووری کوردستان و تەنازول کردن لە گیانبەختکردنی ئەو هەموو پێشمەرگەییەی کە بە قیمەتی گیانی خۆیان ئەو ناوچانەیان رزگار کردبوو، تەسلیم بوون و کشانەوە لە شاڕەگی ئابووری باشووری کوردستان واتە کەرکووک و هەروەها لە دەستدانی خانەقین و ڕاکردن لە شەنگال ، ڕەبیعە و زومار و مەخموور و گوێڕ و بامەڕنی و باشیک، سەدی موسڵ بە ٤٠کێڵگەی نەوتەوە، بە بێ هیچ بەرگرییەک.
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی دوو بنەمالە سیاسییەکە تاکوو ئێستا هەرێمی کوردستانیان خستووتە ژێر قەرزێکی زیاتر لە ٢٠ ملیارد دۆلاری و چەندین ساڵە لە بەر سیاسەتە هەڵەکانی ئەم بە ناو سیاسییانە، خەڵک بێ مۆچە و برسی کراون. ئەو کەسانەی کە درۆی دەوڵەتی کوردییان بۆ هەرێمی کوردستان کرد و بێ باکانە دەستیان ڕاوەشاند بەرانبەر بە بەغدا ، هەر ئەو کەسانە بوون کە لە ٢٠٠٥ دژی خواستی خەڵکی کورستان بۆ جیابوونەوە لە ئێراق ڕاوەستان و جارێکی دیکە ئێراقە حەیاتەکەیان درووست کردەوە. هەر ئەو کەسانە بوون کە سازشیان بە چارەنووسی ناوچە دابڕاوەکان وەکوو کەرکووک و خانەقین دەکرد و بە خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستیانە چوارچێوەی دەستووری ئێراقی نوێیەوە. ئەو کاتە لە جیاتی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کورددستان، خەریکی تجارەتی حیزبی و شەخسی بوون لە گەڵ بەرپرسانی بەغدا. لە هەمووی کارەساتتر ئەوە بوو کە کارییان دەکرد بۆ دەرهێنانی عێراقی ئەرەبی لە(( بەندی هەوتەمی ئەنجوومەنی ئاسایش)) و گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ ئێراق، کەچی ئێستا زۆر بە ئاسانی و دوای ئەو هەموو شکستانە دەڵێن ئێمە هەڵە بووین.
ئاخر کارەسات لەوە زیاتر کە ژنێکی هەژار لە هەرێمی بادینان خۆی لە بەرانبەر کازمیدا دەچەمێنێت و دەڵێت: کوردستان ئەمانەتی تۆ. ئەم وتە سادەیە گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەوەیکە بزانین کە تەنانەت دایکێکی بە تەمەن و دوور لە سیاسەتی ئەم هەرێمە، نائومێد بووە لە دەسەڵاتدارانی سیاسی باشووری کوردستان. ئەمە بۆ خۆی جۆرێک لە شکستی ئەخلاقییە و باشترین جۆری خۆکوشتنی سیاسییە ئەگەر کەسێک بە دوور لە ئاتیفە و ئایدۆلۆژیی حیزبی و ئمتیازاتی شەخسییەوە بیر لە قسەی ئەو دایکە بەڕێزە بکاتەوە.
ئێستا هەرچی بووترێت بێ سوودە ،چوونکە هیچ وشەیەک ناتوانێ گوزارشت لە ئازاری بێ سنووری ئەم هەرێمە، شکاندن کەرامەتی تاک و شکۆمەندی ئەم ولاتە بە دەستی بە ناو سیاسسییەکان و ڕاوێژکارە لاواز و ترسنۆکەکانیان، بکات.
گەلۆ، ئایا ئەم هەموو نەهەماتیانەی کە بە دوای ریفراندۆمەکەی باشووری کوردستاندا هاتوونە پێش، ئەگەر خۆکوشتنی سیاسی نییە، کەواتە دەتوانێ چی بێت؟