یارسانمدیا
١٠ آپریل ٢٠٢٦
کۆنگرە لە ڕێکەوتی ٤ی ئەپریل بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی، بەتایبەت گیانبەختکروانی یارسان، دەستی پێکرد. دوواتر، بە بەرزڕاگرتنی بەرخۆدانی کۆمڵگای یارسان لە “بزووتنەوەی کۆمەڵگەی ئەهلی حەق” و یادی گیانبەختکردوی ئەم ڕێبازە، زندەیاد محەمەد نەزەر نووری، کۆنگرە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن بەڕێز ئەردەشێر نووری کرایەوە و بە پەسەندکردنی لەلایەن ئامادەبووانەوە شەرعیەتی وەرگرت.
کۆنگرەی حەوتەمی ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان لە بارودۆخێکدا بەڕێوە چوو کە ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پەلکێشی دۆخێکی جەنگی و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پەرەسەندوو لە ئاستی ناوچەکەدا بۆتەوە، بەتایبەت لە ململانێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، و هاوکات لەگەڵ قەیرانی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرەوڕوویە. بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرەیە نیشانەی پابەندبوونی بەردەوامی ئەم حیزبە (ڕێکخراوی پێشوو) بە بنەما دیموکراتییەکان، بەردەوامیی چالاکییە ڕێکخراوەییەکان و بەهێزکردنی میکانیزمە ناوخۆییەکانە.
لە بەشی یەکەمی کۆنگرەکەدا، ڕاپۆرتی شەورای مەرکەزی لەلایەن یاری رابەری هاوبەشی کۆنگرەی شەشەم، بەڕێز ئەمیر سەلیمی پێشکەش کرا. ئەم ڕاپۆرتە وێڕای لێکۆڵینەوە لە دۆخی گشتی وڵات و بارودۆخی کۆمەڵایەتی، باسی لە چالاکییەکان و پەیوەندییەکانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری کۆماری ئیسلامی، پرسە ئابوورییەکان، گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دۆخی کوردان لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ململانێکان، کرد. ڕاپۆرتەکە پاش گفتوگۆیەکی چڕ، لەلایەن کۆنگرەوە پەسەند کرا.
دوواتر، ڕاپۆرتی کۆمیسییونەکان و کۆمیتەکانی وڵاتەکان پێشکەش کرا. ئەم ڕاپۆرتانە بە وردی کار و ئەرکی ئۆرگانەکانیان لە نێوان دوو کۆنگرەدا هەڵسەنگاند و بوونە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی دەستکەوتەکان و ناسینی ئاستەنگەکان و کێشانی نەخشەڕێگای داهاتوو. کۆنگرە لە ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی چڕوپڕدا، بەرنامە، بنەماکان و پەیڕەوی ناوخۆی خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەموو پێشنیارەکان بۆ چاکسازی حیزب بە وردی هەڵسەنگێندرا و لە کۆتاییدا بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی پەسەند کرد.
بەشداربووان جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکان، بەرزکردنەوەی هاوئاهەنگی ناوخۆیی و پلاندانانی ئامانجدار بۆ چالاکییەکانی داهاتوو کردەوە.
ڕێکخراوی دیموکراتی یارسان لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ٢٠١٢، لە پراکتیکدا بە ناسنامەی حیزبێکی سیاسی چالاکیی کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە و بە پێشنیاری شەورای مەرکەزی ، کۆنگرە بڕیاری دا ناوی”ڕێکخراو ی دیموکراتیکی یارسان” بگۆڕدرێت بۆ “حیزبی دیموکراتیکی یارسان” و بۆ لەمەودوا چالاکییەکان لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسی پەرەپێبدات.
کۆنگرە وێڕای دەستخۆشی لە بەشداریی چالاکانەی هەموو یاران و هەوڵی ئۆرگانە جیاوازەکان، هیوای خواست کە بڕیارەکانی ئەم دەورەیە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی زیاتر و کارایی بەرزتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
کۆنگرەی حەوتەم بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆحی هاوپشتی، هاوکاری بەکۆمەڵ و پابەندبوون بە بنەما ڕێکخراوەیی و حزبییەکان، و بە هەڵبژاردنی شەورای مەرکەزی نوێ، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
حیزبی دیموکراتیکی یارسان
شەورای مەرکەزی
هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەوتەم
٥ی ئاپریل
٢٠٢٦

بازدیدها: 94
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website