یارسان مدیا
27 سپتامبر 2020
ن.سەفەر ئەزیزی
پێشەکی
کورد لانیکەم لە ١٠٠ ساڵی ڕابردووەوە خەباتی کردووە بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆی. لەم ١٠٠ساڵەدا، زۆر هەل هەبوو کە لەدەستدراوە و زۆرجار کورد نەیتووانیوە لەگەمە سیاسییەکان یاریکەرێکی باش بێت. هۆکاری هێندێک لەم شکستانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتی ئەم خەباتە لەلایەن نوخبەێکی ناشارەزاوە بەڕێوە چووە. لەلایەکی دیکەشەوە، زۆرجار ئاتیفەی ناسیۆنالیستانە بەسەر تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەقڵانیدا زاڵبووە.
٢٨ساڵ لە حوکمڕانی باشوور لانیکەم ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەڵمێنێ کە هێزێک دەسەڵاتی لەدەستدایە کە هەموو ئەقڵ و مەنتقی لەلولەی تفەنگەکەیدایە. یەکێک لە نالوژیکترین و نائەقڵانیترین دەسەڵات لەمێژووی کوردا لە باشوور حوکمڕانی دەکات. لە ڕاستیدا دەوڵاتی سەربەخۆ یان باشتر بڵێم دەوڵەت-نەتەوە لەلایەن ئەم هێزە خێلەکییەوە کە بە منتاڵیتیەتی شاخەوە حوکمڕانی دەکات، درووست نابێت.
ریفراندۆم وەکوو ئامرازێک گەرچی کارتێکی بەهێزبوو دەتوانرا بۆ گوشاری سیاسی و دێپلۆماسی سوودی لێوەربگیردرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوور و لەسەرەوەی هەموویان(( مسعود بارزانی))، ریفراندۆمی وەکوو کارتێکی شەخسی و حیزبی بەکار هێنا بەم جۆرە خەونی سەربەخۆیی باشووری بۆ چەندین دەیەی دیکە لە ناوبرد.
لەم وتارەدا، هەوڵدەدەم چەند بەشێکی بچووک لە فاکتەرە ناوخۆییی و دەرەکییەکانی شکستی رفراندۆم بخەمە بەردەم خوێنەر بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ریفراندۆم شکستیخوراد و ئایا کورد دەتوانی لە پاش شکستی رفراندۆم هەمان ئەو قەوارە بەهێزە بێت کە دووای رووخانی سەدام هەیبوو لە عێراقدا؟
بۆچی کورد لەم گەمە سیاسییەدا شکستی هێنا؟
ئەڵبەت شرۆڤەکاران بۆچۆنی جیاوازیان هەیە، لەمەڕ ئەم پرسیارە. بەڵام ئەوەی من لەم چەند ڕۆژەدا وتەنانەت بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و دووای ریفراندۆم چاوودێرییم کردووە، چەندها هۆکاری جیاوازی ناوخۆییی و دەرەکی بوونە هۆی شکستی دەسەڵاتدارانی کوردستان و خەونی سەربەخۆییان بۆ ماوەیەکی درێژ لەگۆڕنا. زۆر بەکورتی ئاماژە بە چەند هۆکاری سەرەکی دەکەم، بەڵام گرنگە ئەم شکستە دیراسەیەکی قوڵی بۆ بکرێت و وەکوو رووداوەکانی دیکە بەسەریدا باز نەدەین. خەسارناسی زۆرجار دەتوانێت ڕێگر بێت لەکارەساتەکانی ئایندە. نوخبەی کورد و سیاسییەکانی کوردستان بەهەموو پارچەکانییەوە قەد زانستی خەسارناسییان بەلاوە گرنگ نەبووە. هاوڕێیەک دەیگێڕایەوە کە لەکاتی رووخانی سەدام، بیرمەندێکی عەرەب لە ووتارێکدا دەنووسێت “ڕەوانشناسی تاک و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە،کاتێک سەدام کوێتی گرت ڕژانە شەقام و چەپڵەیان ڵیدا، هەر هەمان خەڵک کە سەدام لە کوێت دەرکرا، دیسان هاتنە شەقام و چەپڵەیان لێدا، کە سەدامیش رووخا دیسانەوە هاتنەوە شەقام و چەپڵەیان لێدا”. ئەم چەپڵەلێدانە بۆ سەرکردە و حیزب و خێڵ و ئاغا، بەشێکە لە کلتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. قەد دیدێکی ڕخنەگرانە نەبووە بۆ شکستەکان و سەرکەوتنەکان.
هۆکارە نێونەتەوەیەکان:
١- کورد بەگشتی و باشووری کوردستان بەتاێبەتی نەیتوانیووە بەدرێژایی ٢٨ ساڵی ڕابردوو لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان، بە لۆبییکی کاراوە کار بۆ ڕاکێشانی دەسەڵاتدارانی جیهانی بۆ کەیسی کورد و خەونی سەربەخۆیی بکەن. ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە نوێنەری تاییبەتی خۆیان هەیە و زۆرجاریش نەک تەنسیقیان لەبەینا نییە، بگرە دژایەتی یەکتریش دەکەن. ئەڵبەت ئەم دژایەتییە مێژوویەکی کۆنی هەیە و کارەساتی کەرکوک ئەو واقعیەتەی سەڵماند.
٢- هێشتا وڵاتە زلهێزەکان کار لەسەر ئەو واقیعە سیاسی و جوگرافییە دەکەن کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم تەوافقی لەسەر کراوە. لەم خاڵەیاندا کوردی باشور زۆرجار تاکلایەنانە جاڕی لەنێوچوونی پەیمانی سایسبیکویان لێدەدا، بێ ئەوەی ڕەچاوی بەژەوەندییە گشتییەکانی وڵاتانی زلهێز بکەن کە سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، لەسەری تەوافقیان هەیە.
٣- ئەوەندەی شەڕی تێرور و داعش گرنگ بوو بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتاێبەتی ئامریکا، کە زۆرجار ئەمەیان بەگوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا دەدا، کە ریفراندۆم و ئاڵوزی دەبێتە هۆی تێکچوونی تەرکیز لەسەر داعش، حازر نەبوون ڕێگری لە حەشدی شەعبی بکەن بۆ دەسبەسەرداگرتنی ناوچە جێناکۆکەکان.
٤- بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز لە یەکپارچەیی عێراقدا خۆی دەبینێتەوە. سەربەخۆیی کوردستان لە ڕووانگەی ئامریکاوە دەبێتە هۆی ئاڵوزییەکی دیکە لەناوچەکە.
هۆکارە ئیقلیمیەکان:
١- هەڵکەوتەی ژئوپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان بە هێندێک وڵاتی داگیرکەری کوردستان بەسراوەتەوە. ئەمە چ بەخواست و چ بەبێ خواستی خۆیان بێت، دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو لایەنانە. دەڤەری زەرد لەوەتەی کوردستان ئازاد بووە هەم لەباری سیاسیی و ئابوورییەوە و هەم لەبوای کلتوورییەوەر لە ژێر نفوز و کاریگەری تورکیا دایە. دەڤەری سەوزیش لەلایەن ئێرانەوە لەژێر هەژموونی کۆماری ئیسلامیدا بووە. زۆرجار تاڕادەی دەستێوەردان لەناوخۆیی حیزبەکانیشیاندا ئەم لایەنانە تەداخولیان کردووە.
٢- کوردستان لەئێستادا بۆتە جێگای ململانی هێزە ئیقلیمیەکان و لەم ململانیەشدا شەڕی باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ململانییەکانی ئەم هێزانە وەک وەرگەڕانەوەی مێژوو بۆ دوواوە، بۆتە ململانی ئایینی و ئیمپراتوریەتی سەفەوی-ئوسمانی. پەلکێشانەکانی ئێران لە ڕێگای گروپە شیعەیەکانی ناوچەکە، گەواهی ئەوە دەدەن، کە ئێران ئێستا لە زیاتر لە ٥ پایتەختی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کۆتایی دەکات و ئەجندای کۆماری ئیسلامی بەڕیوە دەبات. لەخۆڕا نییە کە(( قاسم سلێمانی)) بەکاریگەرترین پیاووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە میدیا و ناوەندە جیهانییەکان، ناوبانگی هەبوو. لەلایەکترەوە، تورکیا لە یەکیەتی ئورووپا نائومێد بووە و دەیەوێت لەڕێگای گروپگەل و هەستی ئایینی سونیزم، هژمونی خۆی لەناوچەکە داسەپێنێ. خەونی هەرە گەورەی ئەردوگان خەونێکی نیو-ئوسمانیزمە.
٣- هەر سەرکەوتنێکی هەرێمی کوردستان و نزیکبوونەوە لە سەربەخۆیی وەک گەورەترین خەتەر بۆ سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی وڵاتانی دراوسێ لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەم وڵاتانە بۆ دژایەتیکردنی خواستی نەتەوەیی کورد هەموو کارتێک بەکار دێنن. دووای ریفراندۆم، دانیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران و تورکیا و عێراق ئەو ڕاستییەی نیشاندا، گەرچی ئەم وڵاتانە بەخوێنی یەکدی تینوون، بەڵام لە کەیسی کوردستاندا، هاوڕا و هاوفکر و تەبان.
هۆکارە ناوخۆییەکان:
سەرەڕای هۆکارە نێودەتەوەییی و ئیقلیمیەکان، باوەڕم وایە گەورەترین کێشە و شکستی باشوری کوردستان هۆکارە ناوخۆییەکانە. هەر بۆیە هەڵوێستەکردن و ڕاوەستان لەسەر هۆکارە ناوخۆییەکان گرنگ و جێ بایەخن.
١.- ٢٨ ساڵ تەمەنی حوکمڕانی باشور، حوکمڕانییەکی نائەقڵانی و نالوژییکیانە بووە. ئەم حوکمڕانییە، حوکمڕانییەکی خێڵەکی و پیاوسالارانە، بە لۆژیکی شاخ دەسەڵاتی مەدەنی گرتەدەست کە هیچ شارەزاییەکی لە پەروەرد و فێرکردن نەبوو. مورالێکی شڕەخۆری لە نێو تاکی کوردا درووستکرد. شارچیەتی، بادینی و سۆرانی نەک کزنەبووەوە، بەڵکوو ئەم دەستەواژانە لە هونەری ئەم سیاسییانەدا پەروەردە بووە و هاتەکایەوە. زەقکردنەوەی ناوچەگەرایی بەشێک لەو میراتەیە کە ئەم حوکمڕانییە ٢٦ ساڵە نانی پێوە دەخوات.
٢.- ٢٨ ساڵە بە کردەوە، دوو دەسەڵات و دوو حکوومەت ئەم ناوچەیە بەڕێوە دەبات. دەسەڵاتی مەسعود بارزانی قەد لە دەڤەری سەوز بەقەد کادرێکی ئاسایی یەکیەتی نەبووە. سەرەڕای ئەوەی مسعود بارزانی بەڕواڵەت سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە ٢٠٠٥وە تا ٢٠١٧، بەڵام لە پراکتیکدا تەنها لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتەکەی، دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەبوو. بەمانایەکی دیکە ئەم دەڤەرە ساڵانێکە دوو خێڵ و دوو بنەماڵە بەواقع دەبەشیانکردووە و هەر لایەنێک حکومی دەڤەری خۆی دەکات.
٣.- هێزی پێشمەرگە بەکردەوە، سەر بەچەندین لایەن و کاراکتێری سیاسییە و قەد وەک هێزێکی نیشتمانی چاوولێنەکراوە. وەزیری پێشمەرگە هەمیشە ناوێکی ڕەمزی بووە. لەماوەی ئەم ٢٨ ساڵەدا و بەتاێبەتی دوای رووخانی ڕێژیمی سەدام، بەهۆی نەبوونی بڕوا بەیەکتر و باوەڕنەبوون بەسیستەمی دەستووری و دێمۆکراتیک، پارتی و یەکیەتی حازر نەبوون، هێزێکی نیشتمانی بێلایەن دروست بکەن. ئەمانە هەر بە لۆژیکی شاخەوە دەسەڵات لە مومارەسەی سیاسیدا نابینن، بەڵکوو لە لولەی تفەنگا دەیبینن.
٤.- ژێرخانی ئابوورییەکی تەواو داڕوخاو و درووستکردنی چینێکی ڕنتخۆر و بندیوار و لادیوار. لەم ٢٨ ساڵەدا بێجگە لە درووستکردنی مۆڵ و ئاپارتمان و گەڕەکی جیاجیا بە ناوی سەرکردەکانەوە، هیچ کارخانەیک کە بتوانێت بەرهەم بێنێت، درووست نەکراوە. ئەوەی هەبووە و نەبووە نەوت بووە کە داهاتی ئەو نەوتەش تەنها بۆ گیرفانی بنەماڵە و نوخبەیەکی دیاریکراو بووە.
٥-. دوو بنەماڵە لە کوردستان نیوەی کوردستان چ خاک و چ ئابووری قورغکردووە. ئەم هەڵسوکەوتە ئنتیمای نیشتمانی لە نێو خەڵکدا و بەتاێبەتی لای جیلی تازە پێگەیشتوو بەتەواوی لاواز کردوە.
٦. لەخۆبایییەکی لەڕادەبەدەر، بێخوێندنەوە و ئانالایزی ڕووداوەکان، وای لە دەسەڵاتدارانی کورد کرد، کە دەست بۆ کەیسێک ببەن کە لە قەوارەی خۆیاندا زۆر زۆر گەورەتر بوو. ریفراندۆم گەرچی مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام ئەگەر ئەقڵ و مەنتیق لەپشت ئەو فیکرەیەوە هەبووایە، ڕەنگە ڕۆژگاری کەرکوک و کوردستان ئێستا ئەوە نەدەبوو کە ئێستا هەیە.
٧.- سیاسەتوانەکانی کوردستان هەر بەلۆژیکی شەست و هەفتاکان لە سیاسەتی نێونەتەوەیی دەڕوانن. کەس نییە گوێی لە سەرکردەکان نەبووبێت لە کاتی ڕیفراندۆمدا کە بوونی ئامریکا گارەنتی ئەوەیە کە هیچ هێزێک ناتوانێت دەستمان بۆ بەرێت. لەخۆشباوەڕیان بە دەسکەوتەکانیان، لەبیریان چوبوو کە سیاسەت بەوساناییە نییە کە ئەمان لێی تێفکریوون.
٨.- بڕیاری ریفراندۆم ئەوەندەی شەخسی بوو، ئەوەندە بڕیارێکی نیشتمانیانە نەبوو. مسعود بارزانی دەبوایا بەرلەوەی جاڕی ڕیفراندوم بدات، لانیکەم دەرگای ئەو پەرلەمانە شەرعییەی، کە بەهێز دایخست، بکردابایەتەوە و کۆدەنگییەکی نیشتمانی لەسەر دروستکردبا. ڕێفراندوم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بڕیاری لەسەردرا. بێجگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، هەتا خودی هاوپەیمانەکەی مسعود، بەزۆر ڕاپێچی ناو ئەو پرۆسەیە کرا. چارەنووسی ملەتێک و خەونی ملەتێک لە شەخس یان حیزبێکدا خۆلاسەکرابووەوە.
دەرئەنجام
هۆکارەکان زۆر لەوە زیاترە کە من باسمکرد لەسەرەوە. ئەم کارەساتە بەبڕوای من یەکێک لەو کارەساتانەیە کە مێژووی هاوچەرخی کورد بەخۆیەوە بینیوە. ئێستا ئەم کارەساتە دەمانخاتە بەردەم دوو مەژار:
١- کوردستان لەبەردەم شەڕ و بشێوییەکی ناوخۆییدایا، کە لەم بووارەدا ئێران کاراکتێری سەرەکی ئەم پلانەیە. کێشەکانی یەکیەتی و تێکهەڵچوونی پارتی و یەکیەتی و لایەنەکانی دیکە پلانێکە کە ماوەیەکە لەلایەن ئێرانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. لەم بووارەدا دەبێت لایەنەکان زۆر وشیارانە مامەڵە بکەن.
٢- پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لە سیستەمی ئیداری، سەربازی، ئابووری، سیاسی…هتد لە باشووری کوردستان تەنها زامنی دووپات نەبوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیەیە.