Home / پستهای تازە / هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستان لە کەرکووک

هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستان لە کەرکووک

 

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پێی بڕیارێکی کۆبوونەوەی ئەوڕۆی ٢٨ ـ ٣ ـ ٢٠١٧ بڕیاری دا کە ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستان لە شوێنە فەرمییەکان بەرز بکاتەوە. شایانی باسە کە نوێنەرانی تورکەمان و عەرەب بڕیارەکەیان بایکۆت کردووە.

Kurdistans flag
Kurdistans flag

لە دەستووری ئێراقدا کە لە ١٥ ـ ١٠ ـ ٢٠٠٥ دا خرایە بەردەست تەنها لە ماددەی ١٢ دا بە یەک وشە باس لە ”ئاڵا” کراوە ئەویش تەنها وەک ئاماژەیە و هیچ وردەکاریی و لک و پۆپێکی نییە. ئەڵبەت بە پێی پرینسیپی هاوبەشیەتیی ماف لە سیستەمی فیدراڵیدا دەبا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەو کاتە پێی لە سەر هەبوونی ئاڵای هەرێم لە سەرتاسەری ئێراق شانبەشانی ئاڵای ئێراق دابگرتایە کە هەردوو ئاڵای ئێراق و کوردستان لە سەرتاسەری ئێراق پێکەوە هەڵ بدرێن. تا ئەو کاتەی دوو نەتەوەی کورد و عەرەب لە دەسەڵاتێکی دیموکراسیی شەفافدا بڕیار بدەن پێکەوە بن نابێت هیچ جۆرە پاساوێک بۆ پشتگوێخستن یان بە پلەدوو دانانی ئاڵای کوردستان بهێنرێتەوە.

بە داخەوە، ئەو کاتە دەسەڵاتی هەرێم نەک هەر پرسی ئاڵای بە شێوەیەکی یەک دەست و یەکدەنگ چارەسەر نەکرد بەڵکو گەلێک پرسی دیکەیش وەکوو نەبوونی یەک سپا، یەک بەڕێوەبەرایەتیی و یەکدەستیی فەرمیی لە هەرێمی باشووری کوردستان هەر ئەو کاتە و تا ئێستایش چارەسەر نەکرا.

سەرەڕای ئەوانە، ئەو بەشەی هەرێمی کوردستان کە دەر لە ناوچە دابڕاوەکانە دووچاری قەیرانی گەورەی بەڕێوەبردن کراوە کە سەرئەنجامەکەی نەبوون یان فرەلاوازیی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و خوێندن و وەبەرهەمهێنان و ئەلەتریک و ئاو و هتد. لە ژێر سایەی سیستەمێکی بەهێزی دیموکراسیی و یەکسانیخواز و دادپەروەر دا دەکرێ دڵی هەموو غەیرەکوردێکی کەرکوکیش ببرێتەوە. دەکرێ ئامادە بن لە ژێر چەتری هەرێمدا لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا بە تەبایی پێکەوە بژین.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم راستیانەدا گرنگە کە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک بەشێک لە سیاسەتی تاکتیکیی حیزبایەتیی، کێشەی شەخسیی ناو دەسەڵات و جۆرێک لە جووکدانی (پرۆڤاکاسیۆنی) سیاسیی بۆ تووڕەکردنی لایەنەکانی دیکە نەبێت. پاش زیاتر لە چارەکە سەدەیەک پێویستە ئیتر باشووری کوردستان بببێتە نموونەیەکی بڵندی دیموکراسی و پێکەوەژیان و خزمەت بە هاووڵاتیان. هەر لەم رێگایەشەوە پیلانی ئاژاوەگێڕییە هەرێمی و دەرەکیەکان پووچەڵ دەکرێنەوە.

ئاڵای هەرێمی کوردستان سیمبول و بەهایەکی نیشتیمانییە. زۆر گرنگە لە سەر هەمان ئاستی جیددی و بە دەربەست و بە وەفاداریی نیشتیمانییەوە، دوور لە تووڕەبوون و گرژیی و هەڵچوون و کاردانەوەی شەخسیی و حیزبیی، بەکار بهێنرێت.

بەهێزیی کەرکووک لەوەدایە کە سیمبولی پێکەوەژیانی گەلانە، ئەمەش جوانترین لایەنی کەرکووکە. هیچ کامێک لە پێکهاتەی ئەو شارە نابێت بهێڵن هێزی دەرەکیی نێوانیان تێک بدات. باشوور بە گشتیی و کەرکووک بە تایبەتیی دەتوانن سوود لە ئەزموونی ڕۆژئاوا وەربگرن کە گەلان پێکەوە هاوماف و هاوئەرک دەژین.

ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پشتگیریی هەموو هەنگاوێک دەکەین کە لە خزمەت خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی سەنگەری کوردستانیبوون و ئاییندەی کوردستاندا بێت. ئەوی کەسایەتیی خەڵکی نیشتیمانێک بەهێز و پتەو دەکات و ئاڵاکەیان بە شەکاوەیی ڕادەگرێت ئەوەیە کە تا چ ئاستێک ئاسوودە و تێر و خاوەن بەرهەم و خاوەن توانای زانستیین، ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک پێشکاروانن و ئاییندەی خۆیان و نەوەکانیان مسۆگەر دەکەن. ئەوی ئاڵای گەلێک بەهێز دەکات هەبوونی سیستەمێکی دیموکراسیی و شەفاف و دادوەر و یاساپەروەرە کە جێگای هەڵاواردن و نیپۆتیزم و گەندەڵیی و شێوەکانی دیکەی بەدکاریی دەسەڵاتی تێدا نەبێتەوە.

کوردستانیان دەبێت بە بەرپرسیاریەتیەکی گەورە و بە داواکاریی سیاسیی جیددییەوە لە پشت ئەو بڕیارەوە بووەستن و ئیمتیازی ناشایستە بە لایەنێک نەدەن کە دژ بە کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان کاریان کردووە و کار دەکەن. هاوکات نیشانی بدەن و بیسەلمێنن کە کوردستان نیشتیمانی فرەلایەنیی و فرەئایینزایی و فرەئایینیی و بیروباوەڕی جیاوازە.

هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک مافێکی رەوایە. راستە لە پارێزگای کەرکوک نەتەوەگەلیی جیا هەن و ژیان دەکەن، بەڵام كەرکوک شارێکە سەر بە جوگرافیای کوردستانە. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئەو ناڕەزایی و ریاکسیۆنانەی لە دژی ئەم بڕیارە بەجێ نابینین و پشتگیری لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین. هەروەها ناڕازیبوون و ریاکسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیای دژ بەو بڕیارە شەرمەزار دەکەین.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك

٢٨ ـ ٣ ـ ٢٠١٧     برۆکسل

knk

بازدیدها: 123