یارسان مدیا
چوارشەممە، 30 کانونی یەکەم، 2020
ن: سەفەر عەزیزی
لەم ڕۆژانەدا یادی ١٠ساڵەی بەهاری عەرەبی، کە بەخۆسوتاندنی ((موحمەد بوئەزیز)) لە وڵاتی تونس دەستی پێ‌کرد، دەکرێتەوە. لەکاتێکدا ئەم یادە دەکرێتەوە کە دوای ١٠ ساڵ نەک ناوچەکە هیچ گۆڕانێکی دیمۆکراتیانەی بەخۆوە نەبینیووە، بەڵکوو ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر خراپتر بووە و مۆرالی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خەڵکی دارووخاوە. لە ڕاپرسییەکدا کە ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویکردۆتەوە، زۆربەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە ڕاپەرینیان کرد، گوزارشت لەوە دەکەن کە ژیانیان خراپتر بووە بە بەراورد لە پێش بەهاری عەرەبی. هەروەها خەڵکی یەمەن، سووریا و لیبیا پەشیمانن لە ڕاپەڕین. لە لایەکی دیکەوە، پشتگیری ڕاپەڕینەکان لەوڵاتانی دیکەش وەک، توونس، سودان، میسر و ئەلجەزایر ناگاتە سەرەوەی ٦٠ دەرسەد. زۆربەی هەرەزۆری هاووڵاتیان باوەڕیان وایە کە داهاتووێکی خراپ و نادیار چاوەڕاوانییان دەکات. ئەم ڕاپرسیە ئەو ڕاستییە نیشاندەدات کە بەهاری عەرەبی، زستانێکی دوور و درێژی بۆ کۆمەڵگای عەرەبی هێناوە.
خەڵک و هێزە ئازادیخوازەکان دوای ڕاپەڕینەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست و بەتاێبەتی وڵاتانی عەرەبی، ئەو هیوایەیان لا درووست بوو، کە بەهاری عەرەبی دەتوانێ وەرچەخانێکی بنەڕەتی لە بواری فیکری، کلتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سیستەمی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بێنێتە کایەوە. ئەم تێگەیشتنە بە پشت بەستن بە هێزی گەنجان سەرچاوەی دەگرت. سەرەڕای ئەوەی بەهاری عەرەبی وەک دیاردەێکی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو سەری هەڵدا ، بەڵام دەرەنجامی سیستمگەلێکی سەرکوتگەر و تۆتالیتا‌ر بوو کە وەکوو بەرهەمی مۆدێرنیتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتبوونە کایەوە. هیچ شەک و گومانێک لەوەدا نیە کە ئەم سیستەمانە لە مێژووی حوکمڕانی خۆیاندا نیشانیان داوە کە ئەوان ناتوانن وەڵامدەری خواستە ئابووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆیی بن. لایەکی دیکەوە، بوونی هێزە ئازادیخواز، چەپ و لیبراڵەکان و کەمە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە ژێر زەبروزەنگدان دیسان شتێکی تازە نییە. سەرەڕای حوکمڕانی خراپ یان دەسەڵاتی خراپی سیستەمە سیاسییەکان لە وڵاتانی جێگای ئاماژە لە لایەک و و خراپ بوونی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە، ئەم پرسیارەمان لا درووست دەکات کە بۆچی پرۆسەی دیمۆکراسی بەهاری عەرەبی شکستی هێناو؟
مرۆڤ دەتوانێ بڵێت کە بەهاری عەرەبی نەک نەیتوانی هیچ ئاڵۆگۆریکی ریشەیی لە سیستەمە کۆنەکاندا بگۆڕێت، بەڵکوو ئاستی توندوتیژییەکان لە چاوو ڕابردوو زیاتر بووە. بۆ بەرسڤ دانەوەی پرسیاری سەرەوە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە، پێویستە دیاردەی بەهاری عەرەبی بە دیدێکی کلتوورناسی، ئاییناسی و سۆسۆلۆژییانەوە شرۆڤە بکرێت.
ستراکچیری کۆمەڵگا و سیستەمی دەسەڵاتدارییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەک داڕێژراوە کە ئەستەمە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە تێفکرین و تێگەیشتنی کۆمەڵگادا درووست ببێت. نۆرمی ئایینی، کۆمەڵگایەکی بناژوخواز و نەبوونی کلتورێکی کۆمەڵگای مەدەنی و لە هەمانکاتدا سیستەمێکی کلینتاڵ (مەبەست لە سیستەمێکە کە تاکەکانی کۆمەڵگا وەک موشتەر یان کڕیار سودیان لێ وەردەگیردرێت لەلایەن نوخبەیەکی سیاسی دەسەڵاتدار. بەواتایەکی دیکە ئەندامانی کۆمەڵگا لەڕێگای دەمچەورکردنەوە، زمانبەستراو دەکرێن)، ئەوەندە ڕەگ و رێشەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات داکوتاوە، ئەستەمە بەم زوانە و بەو ئاسانییە بگۆڕدرێت. ئێمە لە مێژووی لانی کەم ١٠٠ ساڵی دووایدا، شاهدی دەیان شۆڕش لە هەریەک لەم وڵاتاندا بووین. شۆڕشەکان تەنها و تەنها ئاکتورەکانیان گۆڕێوە بەس. بەمانایەکی دیکە هیچکام لە شۆڕشەکان نەیانتووانیوە سیسیەمی بنەڕەنی ئەم کۆمەڵگایانە بگۆڕن.
هیوا و چاوەڕوانییەکان ئەوە بوو کە ئەگەر بەهاری عەرەبی درێژه بكێشێت لەوە دەچێت کە ببێت بە ره‌وتێكی مێژوویی بۆ گۆڕینی ئاینده‌ی ئه‌م به‌شه‌ی جیهان که هەمیشە گیرووده‌ی سیستمگەلێکی نیپۆتیزم، سێکتاریزم، ئیسلامی سیاسی و تۆتالیتاریزم بووە. بەماناێەکی دیکە، به‌شداریكردنی حیزبه ئیسلامگه‌راكان له ژیانی سیاسی و دیمۆكراتی ئەو وڵاتانەدا زیاتر ئەم هیواییەی درووستکرد، چونکوو پرۆسەی دیمۆکراسی ده‌توانێ گۆڕانكاری له پێكهاته و كلتووریاندا پێکهبێنێت و بەم جۆرە ببن بە بەشێک لە پرۆسەی چاکسازی و دیمۆکراتیزەکردنی وڵاتانی ناوچەکە. قه‌بووڵكردنی پرۆسه‌ی حكوومەتی مۆدێرن و به‌شداریكردن له ژیانی دیمۆكراتی بە مەبەستی پێکهێنانی وەرچەرخان لە ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وڵاتانی جێگای باس، دەتوانێ جوورێک بێ لە هەنگاونان بۆ سكۆلاریزه‌کردنی حوکمڕانی له خواره‌وه.
زۆرێك له حیزبه دیمۆكرات مه‌سیحیه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوایی ئه‌و ئه‌زمونه‌یان تێپه‌ڕاند ئەویش لە ئەنجامی فۆرمگرتنی کۆمەڵگای مەدەنی و درووستبوونی ژێرخان و جۆرێک لە سەقامگیریی دیمۆکراسیانە. ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی مێژووی و ئۆنیکی بۆ حیزبە مەسیحیەکانی رۆژئاوا پێکهێنا کە واردی ململانییە دیمۆکراسییەکان ببن و لە پراکتیکدا ببن بە بەشێک لە کلتووری دیمۆکراسی لە وڵاتانی رۆژئاوایی‌دا. ئێستا قسه له سه‌ر درووست بوونی ئه‌زموون و كلتووری دیمۆكراسیەتە كه له زۆربەی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا بوونی نییه و ده‌بێ درووست بكرێت.
حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه جگه له هه‌ندێك ئه‌زموونی بە ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌گینا هیچ کام له سیستمه سكۆلار و نیوه سكۆلاره‌كانی جیهانی ئیسلامی له گه‌ڵ پرۆسەیک بە ناوی دیمۆكراسی ناسازگار بوون و هەروەها نه‌یانتوانیووه رێگاکانی گەیشتن بە دیمۆكراسی له وڵاته‌كانی خۆیاندا تێپەڕ و پراکتیزە بکەن. لە ڕاستیدا، ئه‌زموونی سكۆلار له وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا زیاتر بریتی بووه له كۆده‌تا، سه‌ركوت، نایه‌كسانی، گه‌نده‌ڵی و ته‌حقیركردنی مرۆڤه‌كان. به‌شێك له خۆشه‌ویستی هێزه ئیسلامگه‌راكان له‌ناو خه‌ڵكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤه‌كان ، نایه‌كسانی و ئه‌و ئه‌زموون و كارنامه نێگه‌تیڤ و گه‌نده‌ڵییە به‌رفراوانه‌ی حكوومه‌ته نادیمۆکراتەکان لە ناوچه‌كه‌دا.
سه‌قامگیربوونی دیمۆكراسی له‌و وڵاتانه‌ی كه له ئه‌زموونی دوورودرێژی حكوومه‌تی تۆتالیتار‌و نادیمۆكرات ده‌ربازیان ده‌بێ، پرۆسه‌یه‌كی ئیجگار ئاسان نییه. ئه‌گه‌ر ته‌نها وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی سیاسی ته‌ماشای دیموكراسی نه‌كه‌ین و به ڕوانگەێکی كلتووریش لێ بڕوانین ، له‌وانه‌یه ئەو کات تێگه‌یشتن لە دیمۆکراسی ئاسانتر بێت. هەڵبەت ئه‌مە ته‌نیا ئیسلامییه‌كان نین كه هه‌ڕەشه له په‌ك خستنی پرۆسەی دیمۆكراسی ده‌كه‌ن .به‌ڵكوو هه‌ندێك بۆچۆنی سكۆلار و ته‌نانه‌ت دژ به ئاین و سوپاش هه‌ن كه دانەوێلەیان له گه‌ڵ دیمۆکراسی و شێوازه دیمۆكراتیه‌كاندا ناكوڵێت.
بەقەوڵی تیۆریسیۆن و دیمۆکراسی ناسیی دانیمارکی ((هەل کۆک))، ده‌بێ له رێگای شێوازی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه فێری دیمۆكراسی ببین و له پراكتیكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌ێڕه‌وی لێبكرێت. كۆمەڵگا،حیزبه‌كان و رێكخراوه مەدەنییەکان له ئه‌نجامی ئه‌م تاقیكردنه‌وانە‌دا دەمامکەکانیان فڕێ ده‌ده‌ن و له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگاكانی خۆیاندا دیمۆكراسی وه‌ك به‌هاێەکی سه‌ره‌كی په‌ێڕه‌و ده‌كه‌ن.ئێستا ئەگەر ئەو وتەیەی کۆک بە بنەما بگرین بۆمان دەردەکەوێت کە به‌بێ تێپه‌ڕکردنی ئه‌زموونی پراكتیكی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه شتێک بە ناوی كلتووری دیمۆكراسی دەستەبەر دەبێت و نه حیزبە سیاسییەکان هەوڵی بە دامەزراوەکردنی خۆیان دەدەن.
ڕاستیەکەی ئه‌وه‌یه كه له‌م وڵاتانه‌ی كه هێزه ئیسلامگه‌راكان تێدا نفوزێكی به‌رچاوویان هه‌یه، بە بێ بوونی ئه‌وان دیمۆكراسی ڕاسته‌قینه سه‌رناگرێت و هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی دیمۆکراتیزەکردنی ناوچەکە سەرکەوتوو نابێت. ئه‌گه‌رچی هێزە ئیسلامییەکان هه‌ندێك جار هه‌ڕه‌شه له‌بوونی دیمۆكراسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه به‌شێكه له یاری دیمۆكراسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رده‌م تێپه‌ڕبوون به‌ره‌وه دیموكراسی. بۆ گەیشتن به دیمۆكراسی، كۆمه‌ڵگا پێویستی به كه‌سان و هێزی دیمۆکرات(ئاینی و سكۆلار) و ئه‌زمون و كلتوری دیموكراسی هه‌یه. گەرچی زۆرکەس لای وایە ئایین، بەتایبەتی ئایینی ئیسلام، نا‌تووانێت لەگەڵ مەقوڵەی دیموکراسی و چەمکەکانی ئازادی سازگار بێت، بەڵام من باوەڕم وایە، مادام ئایین وەک هەر دیاردەیەکی دیکە بەشێکە لە باس و خواستی زانستی سیاسی، دەبێت لایەنە ئیسلامیەکان پەلێشکرێن بۆ گۆڕەپانی سیاسی و ململانییە دیموکراسیەکان. هێزە ئیسلامیەکان تەنها لە چوارچێوەی قانونێکی بنەڕەتی و سیستەمێکی پەرلەمانی-دیموکراتییەوە، دەتوانرێت مەهار بکرێن و دووربخرێنەوە لە توندوتیژی. مێژووی وڵاتانی رۆژئاوە ئەو ڕاستیە دەسەڵمێنێت کە لایەنە ئایینیەکان دەتوانرێت بخرێنە بازنەی ممارسەی دیموکراسییەوە. ئاخر ناکرێت تۆ باسی دیموکراسی و ئازادی بکەیت و لەولاشەوە ڕێگری بکرێت لە هەر گروپێک، جا ئایینی بێت یان بێئایین، کە لە پرۆسەی سیاسی بەشدار بێت.
خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه كه دیمۆكراسی له‌و وڵاتانه‌دا تەنیا بە ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و درووستكردنی په‌رله‌مان سنووردار ناكرێت، بەڵکوو ئه‌وه‌ی زیاتر روبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه مه‌سه‌له‌ی مافی ژنان،كه‌مینه ئاینیه‌كان، ئازادیی سه‌ندیكایی، تاك و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. به‌رگری كردن له‌م به‌شانەی کۆمەڵگا، به‌شێكه له خه‌باتی دیمۆكراسیخوازانه و خاڵی بنەڕەتی و وەرچەرخانی کۆمەڵگە بۆ ئایندەیەکی باشتر و سەقامگیرتر.
دەرئەنجامی ئەم باسە دەمانگەینێتە ئەو شوێنە کە چەقبەستوویی کلتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ لە باری دیمۆکراسییەوە و چ لە بواری کۆمەڵایەتییەوە،گەورەترین بەربەستن لە بەردەم کرانەوە لەم کۆمەڵگایانە و درووست‌کردنی سیستەمگەلێکی دیمۆکراتیک کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگادا بێت.
بەکورتی و کرمانجی، ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە فاکتەرگەلێکن کە دەتوانن رێگر بن لە بەردەم پرۆسەی دیمۆکراتیزاسیۆن و کۆمەڵگای مەدەنی:
١ سونەتگەرایی و دواکەوتوویی کۆمەڵگا
٢ ئیسلامی سیاسی
٣ سیستەمی ئەرباب و ڕەعیەتی
٤ وابەستەیی ئابووری ڕەنتی
٥ دەسەڵاتی نیپۆتیزمی
٦ نەبوونی ئەزموونی دیمۆکراسی
٧ نەبوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی
ئێستا دەبینین کە دوای تێپەڕبوونی ١٠ساڵ بە سەر بەهاری عەرەبیدا،کەچی هێشتا ئازادی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری تاک و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ژێر هەڕەشەدایە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای ئیسلامی-عەرەبیدا بەردەوام هێزە لیبراڵ و دیمۆکراتەکان لە پاشەکشەدان. پێدەچێت ئەم کۆمەڵگایانە پاشخانێکی لەرزۆکی کۆمەڵگای مەدەنییان هەبێت و بەربەستگەلێکی کلتووری، ئایینی و هەروەها تێکڵاوی ئتنیکی-ئایینی ڕێگربن لەبەردەم پرۆسەی دیمۆکراتیزاسیۆنیاندا.
خاڵێکی دیکە کە گرنگە ئاماژەی پێبکرێت، نەبوونی مەعریفەی گشتییە.هەڵبەتە ئەم مەعریفە گشتییە پەێوەستە بە ستراکچیری سیاسی و ژێرخانی فیکری-فەلسەفی تاک و نۆخبەکانی کۆمەڵگا. دۆنیای ئیسلامی، دۆنیایەکی داخراو و ستەتیسکە. بەواتاێەکی دیکە، ڕەوتی سەلەفیزم و فەندەمێنتالیزمی ئایینی باوەڕێکی نەگۆریان هەیە بۆ کۆمەڵگا و هەرچی پێشکەوتنە بەخەتەر بۆ سەر کلتووری ئیسلام و دابونەریتی موسەڵمانان دەبینن.
ڕەنگە ئیتر ئەستەم و خۆگێلکردن بێت کە بەردەوام ڕۆژئاوا وەک بەربەست لە بەردەم پرۆسەی دیموکراتیزاسیون زەق بکرێتەوە و بەم جۆرە چاوو لە داڕوخانی سیستەم و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات بپۆشرێت. چ چەپ و هێزە سیکۆلارەکان و چ ئیسلامییەکان بۆ بەرەودان بە تێزی ڕۆژئاوا وەک بەربەست لە بەردەم دیمۆکراسی، دەیانەوێت چاووپۆشی لەوە بکەن کە کۆمەڵگا چەندە لە ناوەوە بۆگەنی کردوە و هەر لەم ڕێگایەشەوە دەیانهەوێت سۆزی خەڵکی بۆلای خۆیان ڕاکێشن. لێرەدایە دیسکۆرسی چەپ ئیسلامییەکان دەچێتە یەک خانە و یەک ڕوانگەوە. هێزەکان کاتێک خاڵین لە هیزر و تێفکرین هەمیشە بۆ دەربازبوون لە قەێرانی ئایدۆلۆژی و چەقبەستوویی سیاسی، پەنا بۆ فاکتەرگەلێکی دەرەکی دەبەن. ئەمن پێم وایە ئیتر ئەم لۆژیکە برەوی نەماوە و دەبێت لەجیاتی لۆژیکی دەرەکی، هەوڵی ریفۆرمێکی قوڵ و ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و کلتووری کۆمەڵگا بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بدرێت.
سەفەر عەزیزی
کۆپنهاک
2020-12-30
[wpforms id=”4110″ title=”true”]بازدیدها: 104