Home / چەوەری پەخش بیەن / توركیا و رۆژئاڤا بەناوبژیوانیی ئەمریكا دانوستاندن دەكەن

توركیا و رۆژئاڤا بەناوبژیوانیی ئەمریكا دانوستاندن دەكەن

رووداو- هەولێر

ئەمریكا سوورە لەسەر ئەوەی توركیا و رۆژئاوای كوردستان لەیەكدی نزیك بكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانیش بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی باكووری رەققە، لە ئەنجەرلیك گەڕێكی دانوستاندن لەنێوان هەردوولا بەسەرپەرشتیی ئەمریكا بەڕێوەچووە. توركیا داوای لە هێزە كوردییەكان كردووە لەگەڵ بەرەی نوسرە و ئەحراری شام دابنیشن، بەڵام ئەوان داواكەیان رەتكردووەتەوە.

داعش لە عێراق و سووریا گورزی گەورەی بەردەكەوێت، بەڵام هێشتا توانای هێرشی پێچەوانەی ماوە. ئەگەر لەچوارچێوەیەكی بەرتەسكیشدا بێ، ناوبەناو هێرش دەكات، بەڵام لە رۆژئاوای كوردستان بارودۆخەكە بە پێچەوانەی بارودۆخی سووریا و عێراقە، داعش توانای خۆڕاگرتنی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەودا و حساب لەسەر قۆناغی دوای داعش بەر لە لەنێوچوونی، لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێبكات. ئەمریكا هەوڵ دەدات سەری پەتەكە بگرێت و بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆی توند و خاوی بكاتەوە.

سەرەڕای سووربوونی لەسەر پشتگیریكردنی یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات، ئەمریكا ناخوازێ ئەو پەیوەندییە لەسەر حیسابی توركیا یان لایەنەكانی دیكە بێ، بۆیە هەوڵ دەدات گرژییەكانی نێوان پەیەدە- توركیا خاو بكاتەوە و بە یەكەوە بیانسازێنێ‌.

ئەو هەوڵەی ئەمریكا لە 21ی ئایاری رابردوو دەستی پێكردووە، دوای ئەوەی ژەنەراڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریكا سەردانی كۆبانێی كرد، پاشانیش چووە توركیا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی (رووداو) لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە لە كۆبانێ دەستی كەوتووە، بە پێشنیازی ئەمریكا و لەژێر ناوی دڵنیاكردنەوەی توركیا لەوەی كە سەر بە پەیەدە نین، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بە هەلیكۆپتەرێكی سوپای ئەمریكا چوونەتە بنكەی ئەنجەرلیك و لەوێ چاویان بە فەرماندەی سەربازی و بەرپرسانی ئەمنیی توركیا كەوتووە. دوای ئەو سەردانە توركیا رازی بووە هێزە كوردییەكان بپەڕنەوە رۆژئاوای فورات و دەست بە ئۆپەراسیۆنی منبج بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە كە بەهۆی هەستیاریی بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت “لەنێو ئەو شاندەی سەردانی ئەنجەرلیكی كردووە، هەریەك لە شەهید فەیسەڵ سەعدون (ئەبو لەیلا) و عەقید تەلال سلۆ، گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەبوون”.

رۆژی 22ی ئەم مانگە، رۆژنامەی ئەلسەفیری لوبنانی بڵاوی كردەوە كە لە ئەنجەرلیك دانیشتنێكی ئەمریكا – توركیا – هەدەسە بەڕێوەچووە، لەوێ‌ بڕیاری گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ ماڵێك دراوە، بەڵام سەرچاوەكەی (رووداو) لەوبارەیەوە دەڵێت: “لەو كۆبوونەوەیەدا باسی باكووری كوردستان نەكرا. مەسەلەكە تەنیا پەیوەست بوو بە رۆژئاوای كوردستان”.
(رووداو) بۆ وەرگرتنی زانیاری لەوبارەیەوە پەیوەندی بە شەڕڤان منبج، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجەوە كرد، بەڵام وەڵامەكەی ئەوە بوو كە دەسەڵاتی قسەكردنی لەوبارەیەوە نییە.

توركیا دانیشتنی یەپەگە و نوسرە دەخوازێ

ئەوەی بۆ رۆژاڤا گرنگە ئەوەیە كە توركیا ئاستەنگ بۆ یەكخستنی سێ كانتۆنەكە دروست نەكات. لە دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی منبج گۆڕانێك لە خیتابی بەرپرسانی توركیادا بەرامبەر رۆژئاوا بەدی دەكرێت.

ماوەیەكیشە چەند نووسەرێكی تورك باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا توركیای رازی كردووە بە یەكخستنی كانتۆنەكان. هاوكات بەگوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە یەپەگە، ترافیكێكی گۆڕینەوەی پەیام لەنێوان یەپەگە و توركیا بە رێگای ئەمریكا دەستی پێكردووە. ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت “توركیا داوای كردووە یەپەگە لەگەڵ گرووپەكانی وەكو بەرەی نوسرە و ئەحراری شام دابنیشێ. یەپەگە سەرەتا زۆر بە توندی ئەو داوایەی رەتكردەوە، بەڵام دواتر داوای كرد كە ئەو گرووپانە دەبێت پێشوەخت دان بە مافەكانی كورددا لە رۆژئاوا بنێن”.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: “دوای ئەوەی یەپەگە ئەم داوایەی رەتكردەوە، ئەمریكا پەنای بۆ بەرپرسێكی كورد لە هەرێمی كوردستان برد تاوەكو یەپەگە بەوە رازی بكات، بەڵام یەپەگە سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت نوسرە و لایەنەكانی وەكو ئەو، پێشوەخت هەڵوێستی خۆیان لەبارەی مافەكانی كورد لە رۆژئاوا رابگەیەنن”.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە “رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی بە دەستپێشخەری ئەو بەرپرسەی  كورد لە شوێنێكی دەرەوەی توركیا و رۆژئاوای كوردستان بۆ تاوتوێكردنی ئەو مەسەلەیە ببەسترێ‌”.

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەمریكا لە كۆتاییدا سەركەوتوو دەبێت لەوەی كورد و توركەكان بە سازشكردن رازی بكات “ئاماژەكان دەركەوتوون، سەودای قۆناغی دوای داعش لە رۆژئاوا دەستی پێكردووە. ئاستەنگێكی زۆر جدی دروست نەبێ، سازشی رۆژئاوا بەسەرپەرشتی ئەمریكا رەنگدانەوەی لەسەر باكووریش دەبێت”.

بنكەیەكی ئەمریكی لە عەفرین

سەرچاوەكەی رووداو، باس لەوە دەكات كە كوردیش پڕۆژەی خۆی هەیە و دەیەوێ‌ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا فراوانتر بن. بە گوتەی ئەو  سەرچاوەیە “یەپەگە پێشنیازی بۆ ئەمریكا كردووە، تاوەكو بنكەیەكی سەربازی لە عەفرین بكاتەوە”. دەربارەی وەڵامی ئەمریكاش دەڵێت “هێزەكانی ئەمریكا بەبیانووی ئەوەی دەسەڵاتی ئەو كارەیان نییە، دەڵێن (ئەو پێشنیازە لە واشنتن تاوتوێ دەكەین)”.

سەرچاوەكە بەدووری نازانێ ئەمریكا پێشنیازەكەی قبوڵ كردبێ، بەڵام تاوەكو یەكخستنی كانتۆنی كۆبانێ و عەفرین ئاشكرای نەكات.

بازدیدها: 57

دیدگاهتان را بنویسید