NNSROJ
: هاوسەرۆکی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان ئاکەپەی لە شکاندنی ئاگربڕ لەنێوان دەوڵەت و پەکەکەدا بە تۆمەتباری سەرەکی ناساند. سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ یورونیۆز گوتی”مخابن پاش هەڵبژاردن، دەوڵەت رایگەیاند چیدی پرسەی ئاشتی بەردەوام نابێ، هەر ئەمەش تورکیای بەرەو بژاردەی سەربازی بەکێش کرد کە بۆ تورکیا بێبەختییەکی مەزن بوو.”
ناوبراو لەسەر ئەگەری سەرکەوتن یان بنکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی یەکی نوڤەمبەردا گوتی: ئەگەر پاش ئەم هەڵبژاردنە ئێمە جێگایەکمان لەنێو دەوڵەتی داهاتوودا هەبێ، تێکڕای هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە تاکوو کوردەکان وەک “نەتەوە” بناسرێن و هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە بە فەرمی دان بە مافە سەرەتاییەکانیان دابنرێت، هاوکاتیش هەوڵ دەدەین پرۆسەی ئاشتی بخەینەوە گەڕ و پەرلەمان دەبێ پێداچوونەوە لەسەر پرۆسەی ئاشتی بکاتە یەکەمایەتی خۆی. ئەگەریش نەکرا لە دەوڵەتی داهاتوودا پشکمان هەبێ، وەک بەرهەڵستکار هەوڵەکانمان لەسەر ڕێبازە دێمۆکراتیکەکان تاقی دەکەینەوە بەڵکو دەوڵەت ناچار بکەین مل بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دابنێت.
دەمیرتاش هاوپێوەند بە گرێدراوێتی سیاسی پەکەکە و هەدەپەوە وێڕای رەتکردنەوەی ئەو بابەتە، گوتی: “پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەم بارەوە تووشی شڵەژان بووگن.”
هاوسەرۆکی هەدەپە راشیگەیاند “خەڵکی تورکیا لە فرەخوازیی سەرۆکی ئاکەپە تێگەیشتوون و چاوکراوەن. بۆیە گەشبینم لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لانیکەم سەدا ١٣ی دەنگەکان بۆ هەدەپە دەبێت.”
سەبارەت بە سیاسەتیی دەرەوەی تورکیا دەمیرتاش پێوایە ئەو وڵاتە ناچار نییە لەنێوان دوو بلۆکی رووسیا و ئەمریکا یەکیان هەڵبژێرێ و دەتوانێ سیاسەتی تایبەت بە خۆی هەبێت؛ “بەپێچەوانەی ئێستە کە تورکیا پاڵپشتی لە هێزە بناژۆخوازەکان دەکا، دەبێ پەیوەندی توندوتووڵ لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا دابمەزرێنین.”
ناوبراو گوتیشی “ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوین هەوڵ دەدەین پاڵپشتی تورکیا لە ئەلقاعیدە و داعش و گرووپە هاوشێوەکان لە سووریا کەم بکەینەوە و چاوەدێری توندوتووڵ بخەینە سەر سنوورەکانمان و ناهێڵین خاکی تورکیا بکرێ بە پردێک بۆ گواستنەوەی چەکوچوڵ بۆ گرووپە ئاماژەپێکراوەکان.” دەمیرتاش هەروەها گوتی “لەم دوایانەدا هەندێ بەڵگەی نووسراومان دەستکەوتووە وا ناردنی چەکوچوڵ لە تورکیا بۆ سووریا پشتڕاست دەکەنەوە.”
هاوسەرۆکی هەدەپە لەمەڕ ئەگەری تێوەگلانی سەربازیی تورکیا لە سووریاش گوتی: “ئێمە هیچ چەشنە دەستێوەردانێکی سەربازی پەسەند ناکەین، ئەمە دۆخەکە تێکپرژاوتر دەکات.”
بازدیدها: 51
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website