Home / چەوەری پەخش بیەن / ئۆباما سوپاسی پێشمەرگە دەکات

ئۆباما سوپاسی پێشمەرگە دەکات

لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی ساڵی رابردوودا، ئۆباما لە دوو گوتاری دەربارەی داعش بە یەک وشەش باسی پێشمەرگەی نەکرد، بەڵام ئەمساڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوپاسی پێشمەرگەی کرد.

کۆبوونەوەیەکی ساڵانە لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام ئەمساڵ جیاواز بوو، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو و باسی سەرەکی کۆبوونەوەکە، ئۆپەراسیۆنەکەی موسڵ بوو.

جگە لە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی عەبادی و ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکی لە پێش چاوی هەموو کامێراکان سێجار باسی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە شەڕی داعش، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کۆشکی سپی گومانی لەوە نییە بێ کورد ئۆپەراسیۆنەکەی موسڵ سەرکەوتوو نابێت.

باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا گوتی “سوپاسی من نەک تەنها بۆ هێزە عێراقیەکان و هێزە کوردیەکانی پێشمەرگەیە، بەڵکو بۆ ئەو ژن و پیاوە سەربازانەی ئەمریکاشە کە هاوکاربوون لە شەڕەکەدا”.

لە بەرامبەردا، دوای کۆبوونەوە داخراوەکەی لەگەڵ ئۆباما، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشبین دیاربوو، ئەو گوتی “هیوادارین لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا داعش لە موسڵ دەربکەین و، شکستێکی گەورە بۆ بیروباوەڕی داعش تۆماربکەین”.

بەگوێرەی دوو سەرچاوەی دیپلۆماسی، ئیدارەی ئەمریکی پەلەیەتی و دەیەوێت پێش مانگی 11 و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستپێبکات.

بەڵام مارک تۆنەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند “من ناڵێم ئێمە پەلە لە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی موسڵ دەکەین. ئەمە بڕیار و پلانی حکومەتی عێراقە”.

بەڵام بۆ کورد ئەوەی گرنگە قۆناخی دوای گرتنەوەی موسڵە نەک کاتی دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکە. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ “دوای ئازادکردنی موسڵ رەوشێکی تازەی سەربازی و مرۆیی دێتە پێشەوە”.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە کۆبوونەوەکەی ئۆباما و عەبادی “لە جیاتی داهاتوو، زیاتر باسی ئامادەکارییەکان بۆ گرتنەوە موسڵ، کراوە”.

منبع:

رووداو – نیویۆرک

لەلایەن مه‌جید نیزامه‌دین گلی     20/9/2016

http://rudaw.net/sorani/world/20092016

بازدیدها: 43

دیدگاهتان را بنویسید