Home / چەوەری پەخش بیەن / دەیان بنەماڵەی کوردی یارسان بەهۆی بێکارییەوە کۆچ دەکەن

دەیان بنەماڵەی کوردی یارسان بەهۆی بێکارییەوە کۆچ دەکەن

دەیان بنەماڵەی کوردی یارسان لە ناوچەی داڵاهووی کرماشان بەهۆی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی داهات، ئاوارەی دەشتەکانی نێوان شارەکانی قوروە و دێولانی پارێزگای سنە و هەروەها هەندێک ناوچەی پارێزگای هەمەدان بوونە.

لەلایەن رووداو

رووداو- رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دەیان بنەماڵەی کوردی یارسان لە ناوچەی داڵاهووی کرماشان بەهۆی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی داهات، ئاوارەی دەشتەکانی نێوان شارەکانی قوروە و دێولانی پارێزگای سنە و هەروەها هەندێک ناوچەی پارێزگای هەمەدان بوونە.

ئەو بنەماڵانە لەو ناوچانەدا بە کەمترین ئیمکانات دەژین و هیچ پێداویستییەکی ژیان تەنانەت ئاو و کارەباشیان بۆ دابین نەکراوە. لەنێو کرێکارەکاندا ژن و منداڵ و کەسی بەتەمەن هەن. ئەوان دەڵێن منداڵی ئەو کەسانە بەهۆی نەبوونی بنەماڵەکانیان، ناتوانن بچنە قوتابخانە.

چەرمەسەری ژیان نەبێ، کەس پێی خۆش نییە لەو دۆخەدا بژیت. دەیان بنەماڵەی ناوچەی داڵاهووی کرماشان بەشێکی زۆری ساڵ بەم شێوەیە دەژین. لە دەست بێکاری و نەدارییەوە پەنایان بۆ دەشتە پڕ پیتەکانی پارێزگای سنە و هەمەدان هێناوە.

لێرە گەورە و بچووک لێک جیا ناکرێنەوە، هەموو بە کەمترین ئیمکانات دەژین. کارەبا و گاز و سۆبەیان ئاگرە.

ئەوان لە هۆزی سنجاوین، دەڵێن لە ناوچەی داڵاهوو و کرماشان بێکارن و داهاتیان نییە، ناچارن لەگەڵ هاتنی بەهار بەرەو دەشتەکانی دێولان، قوروە و هەمەدان کۆچ بکەن کە شوێنی بەرهەمهێنانی بەروبومی بێستان و کشتوکاڵی وەک چەوەندەرە.

تا درەنگانی پاییز لەو ناوچەیە دەبن، دواتر چەند مانگێک بارگەوبنە و رەشماڵەکانیان بۆ باشووری ئێران لەکۆڵ دەکەن. پشوویان تەنیا ئەو چەند رۆژەیە کە لە رێگەدان. لە وەرزی زستان کە باشووری ئێران گەرمە و کاری لێ دەست دەکەوێ بۆ ئەوان دەرفەتێکی زێڕینە.

ژن و پیاو، پیر و منداڵ هەموو لە کار و کوێرەوەری رۆژانە بەشدارن. منداڵان نە بەشێوەیەکی تەندروست دەژین، نە خۆراکی پێویستیان هەیە و نە لە نیعمەتی خوێندن و پێگەیشتن بەهرەمەندن، بۆیە چارەنووسێکی جیاواز لە باب و باپیرانیان چاوەڕێیان ناکات.

http://rudaw.net/sorani/middleeast/iran/271020161

 

 

بازدیدها: 39