یارسان مدیا
٢٣\٧\٢٠١٩
بە پی هەوالیک لە روداو كۆمپانیایەك 12 كارمەند لەسەر نەتاشینی سیول لە کار دەرکریان.
کاکەیەکان لە هەرێمی كوردستان جور کمیت دینی وە رسمیت ناناسین و کومپانیەکان وە اسانی لە کار دریان ئەکن.
رووداو
لەلایەن شکار ئەحمەد 23 کاژێر لەمەو بەر
كۆمپانیایەك 12 كارمەند لەسەر نەتاشینی سمێڵ دەردەكات
رووداو – هەولێر
12 كارمەندی كۆمپانیایەكی نەوت كە كاكەیین، دەڵێن لەلایەن ئیدارەی كۆمپانیاكەوە داوایان لێكراوە سمێڵیان بتاشن، بەڵام ئەوان سمێڵیان نەتاشیوە، بۆیە لەلایەن كۆمپانیاكەوە دەركراون.

ئەو 12 كارمەندە كە لە كۆمپانیایەكی كەنەدی بەناوی (ORYX) لە هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، دەڵێن ساڵێكە لەلایەن كۆمپانیاكەوە دەركراون.
جەمال كاكەیی، نوێنەری كارمەندە دەركراوەكان بە (رووداو)ی گوت: “لە 13/2/2016 وە لەو كۆمپانیایە كاردەكەم، هیچ كێشەیەكمان نەبووە. بەڵام لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو بانگیان كردین و گوتیان دەبێت سمێڵتان بتاشن، ئەگەرنا دەردەكرێن. ئێمەش رازی نەبووین، بۆیە لە رۆژی 31/7/2018 كۆمپانیاكە 12 كەسی كاكەیی دەركرد”.
جەمال پێیوایە سمێڵ كراوەتە بیانوو بۆ دەركردنیان، ئەگەرنا هیچ كێشەیەكیان نەبووە. ئەو دەڵێت: “كە بڕیاری دەركردنمان دەرچوو، تووشی شۆك بووین، چونكە ئێمە زیاتر لە دوو ساڵ بوو لەو كۆمپانیایە كارمان دەكرد و هیچ كێشەیەكمان نەبوو. ناشكرێت لەو ماوە زۆرەی كاركردنمان ئەو سمێڵە گەورەی ئێمەیان نەبینیبێ”.
جەمال دەڵێت هانایان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بردبوو، لەوێ بەڵێنیان پێدابوون بیانگەڕێننەوە سەر كارەكانیان، بەڵام تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە.
نوێنەری 12 كارمەندە دەركراوە كاكەییەكە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات و دەڵێت: “لەبەرئەوەی بەبێ هۆكارێكی گونجاو دەركراوین، مافی ئەوەمان هەیە قەرەبوو بكرێینەوە یان بمانگەڕێننەوە سەر كارەكەمان، ئەگەرنا سكاڵا تۆمار دەكەین”.
كرێكارە كاكەییەكان هانایان بۆ رێكخراوەكان بردووە. تۆڕی رێكخراوە مەدەنییەكانی هەولێریش دەیانەوێ رای گشتی بۆ ئەم بابەتە بجووڵێنن. رێباز یوسف، سەرۆكی تۆڕەكە كە نوێنەرایەتی 50 رێكخراو دەكات، بە (رووداو)ی راگەیاند: “بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری وزە كاردەكەن بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیشان لەئەستۆیە، ئەویش رێزگرتن لە كولتوور و ئایینی خەڵك و رەخساندنی زۆرترین هەلی كارە بۆ خەڵكەكە”.
رێباز پێیوایە ئەوە تەنیا بیانوویەك بووە بۆ دەركردنیان “ئەوە بیانووی هەندێك كەسی نێو كۆمپانیا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بووە بۆ ئەوەی كەسە نزیكەكانی خۆیان لە شوێنی كرێكارە كاكەییەكان دابنرێن”. گوتیشی: “ئێمە دەست لە دۆسیەكە هەڵناگرین و ئەگەر كۆمپانیاكە بڕیارێك لە بەرژەوەندی ئەو كرێكارانە نەدات، سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین”.
بڕیاری ئەو كۆمپانیایە كاكەییەكانی تووڕە كردووە. ئەیاد كاكەیی، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەڵێت: “كۆمپانیاكە هەستی كاكەییەكانی بریندار كردووە، ناكرێ كۆمپانیایەك بێ گوێدانە نەریتی كاكەییەكان بێڕێزیمان پێبكات. من سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیاكەم كردووە، كەسانێك هەن دەیانەوێ كێشە بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست بكەن و خەڵكەكەی سوودمەند نەبن”.
گوتیشی: “سمێڵ لەلای كاكەییەكان زۆر پیرۆزە، ناكرێ كۆمپانیایەك لە ناوچەی كاكەییەكان كاربكات و بەهۆی سمێڵیانەوە بڕیاری دەركردنی گەنجانی كاكەیی بدات. ریشسپی و پیاوماقوڵانی كاكەیی نەیانهێشتووە خەڵكەكە كاردانەوەیان هەبێ، بۆیە گەنجانی كاكەیی ناوچەكە جارێ بێدەنگییان هەڵبژاردووە”.
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، ئەوان چاوەڕێن حكومەت كێشەكە چارەسەر بكات، ئەگەرنا رەنگە چیدی گەنجەكانیان پێ كۆنترۆڵ نەكرێ: “خەریكە شعوری هەموو كاكەییەكان بریندار دەبێت، ئەوە كێشەیەكی زۆر گەورەیە كە ماوەی ساڵێكە لایەنی پەیوەندیدار نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن”.
(رووداو) پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كۆمپانیای ORYX كرد، بەڵام بەبیانووی ئەوەی ئەو قسانە هەڵبەستراون، ئامادە نەبوو قسە لەسەر بابەتەكە بكات.
بازدیدها: 80
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website