رووداو – موسڵ ئەوەی هەموو کەس ترسی هەبوو لە مووسڵ رووبدات، روویدا و کوشتنی خەڵک لەنێوان شیعە و سوننە لە موسڵ دەستیپێکرد. لەم رۆژانەی دواییدا گەنجێكی سوننە مەزهەب بەناوی حەمید خەلەف كوژراوە، ماڵباتەکەی هاواریانە کە کوڕەكەیان بەبێ ئەوەی داعش بێ و گوناهێکی هەبووبێ، وەك خۆیان دەڵێن لەلایەن هەندێ چەکداری دەمامکداری شیعە مەزهەب بە گوللە كوژراوە. یەكێك لە براكانی حەمید خەلەف چیرۆكی كوشتنی براكەی گێڕایەوە و بە رووداوی راگەیاند “چەكدارێك پەنجەی بۆ كەسێك درێژكرد و بەمنی گوت: بەسەری ئیمامی عەلی ئەگەر ئەمە داعش بێ یەکسەر دەیکوژم، منیش گوتم بەخوا نایناسم، لەولاتر دوو چەکداری دەمامکدار هاتن، یەكێكیان گوتی توڵەی براکەمم کردەوە کە لە شەڕی داعشدا کوژرا، ئەو کەسەی دیکەم کوشت، من نەمزانی باسی برای من دەکەن و کوشتیان”. دایكی حەمید خەلەف بە ئاهـ و ناڵە و چاوی پڕ گریانەوە قسەی بۆ رووداو كرد و باسی لەوە كرد چۆن چەكدارە دەمامكدارەكان هەڕەشەی كوشتنیان لەویش كردووە، گوتیشی “چەكدارێكیان بەمنی گوت حەجییە بگەڕێوە ئەگەرنا ئەو مەخزەنەت لێ بەتاڵ دەکەم، منیش گوتم کوڕم بێگوناهە، گوتیان بگەڕێوە دەنا دەتكوژین”. حەمید خەلەف تەمەنی 35 ساڵ بووە و سێ منداڵی لەدوای خۆی جێهێشتوون، خەڵکیش هەیە بەچاوی خۆی کوشتنی حەمیدی دیوە، شایەتحاڵێك بەناوی بەسام عومەر بە رووداوی راگەیاند “بەئێمەیان گوت ئەمە داعشە و کوشتیان، یەکەمجار گوللەیەکیان لەسەر دا، یەکسەر مێشکی دەرهات، رۆیشتن، دواتر گەڕانەوە و گوللەیەکی دیکەیان لە پشتی دا”. لەسەر مەزارگەی نەبی یونس كە بە گرنگترین شوێنی ئایینی لە شاری موسڵ هەژمار دەكرێت و مێژووەکەی بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، سەربازە شیعەکانی نێو سوپای عێراق ئاڵای شیعەیان لەسەر هەڵداوە، خەڵکی شارەكەش کە زۆربەی هەرە زۆریان سوننەمەزهەبن، دەڵێن ئەستەمە ئەمە قبووڵ بکرێ. هاووڵاتییەكی موسڵ بە رووداوی گوت “جارێ با لە شەڕی داعش تەواو بین، خودا دەزانێ چۆن ئەم کێشەیە ساف دەکەین”. یەكێكی دیكەشیان گوتی “قبوڵ ناکەین دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێت”. هەروەها هاووڵاتییەكی دیكە گوتی “ئاڵای شیعە لێرە تائیفیەت پەیدا دەکات و قبوڵ ناکەین”. لەبەرامبەردا سەربازە شیعەمەزهەبەکانی نێو سوپای عێراق دەڵێن دیارە خەڵکی موسڵ زوو ئەوەیان لەبیرکرد كە لە باشووری عێراقەوە بۆ رزگارکردنی شارەکەیان هاتوون. عەقیل دەحام، سەربازی عێراقی (شیعە) بە رووداوی گوت “ئەگەر شیعە نەبووبان کێ مووسڵی رزگار دەکرد؟ خودا ئەمانە عاقڵ بکات، دیارە عەقڵیان لەدەست داوە، ئێمە بۆ تائیفییەت نەهاتووینەتە ئێرە، بەڵکو هاتووین براکانمان لە موسڵ رزگار بکەین، بەڵام ئەوان بەچاوی تائیفیەت سەیری ئێمە دەکەن”. شەڕی داعش لە موسڵ تەنیا لە بەری چەپ تەواو بووە، هێشتا بەری راست هەر هەمووی لەدەست داعش دایە، موسڵی دوای داعش وەک خەڵکەکەی دەڵێن، پێناچێ بێ دەنگی تەقە بێ.
بازدیدها: 30
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website