Home / پستهای تازە / گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوەدەچێت؟

گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوەدەچێت؟

گشتپرسی پرۆسەیەکی زۆر ئاسانترە لە هەڵبژاردن، دەنگدەر تەنیا بە وەڵامی بەڵێ یان نەخێر قسەی خۆی دەکات ، هیچ قەوارەیەکی سیاسی و کێبرکێ لە پرۆسەی گشتپرسیدا نییە، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەوە کە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزترە چونکە زۆر پارتی سیاسی بە لیستی جیاجیا لە هەڵبژاردن بەشدارن و کێبرکێیەکی تووندیش هەیە.

سەرۆکی وڵات یان سەرۆکوەزیران ئیدی بەپێی سیستەمی هەر وڵاتێک کامیان دەسەڵاتی یەکەم و جێبەجێکار بوون داوا لە دەستەی باڵای کۆمسیارانی هەڵبژاردن دەکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بگرنەبەر ، ئەم داوایە دەبێ پشت بە یاسایەک ببەستێ، یانیش پەرلەمان داوا دەکات و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەردەکات.

لە هەرێمی کوردستان رێگەی دیکەش هەن. دەسپێشخەرییەکی جەماوەری بە کۆکردنەوەی 100 هەزار واژۆ دەتوانێ داوای گشتپرسی بکات لە دەستەی کۆمسیاران، یان پارلەمان دەتوانێ داوا بکات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێ وەک زەرورەتی قۆناخەکە و پشت بەستن بە داواکاری خەڵک داوای گشتپرسی بکات.

کۆمسیارانی هەڵبژاردن کە لە سێ ئەندامی پارتی ،2 یەکێتی ،2 گۆڕان ،1 یەکگرتوو و یەک ئەندامی کۆمەڵ پێکهاتووە دەتوانن بڕیاری گشتپرسی بدەن ، ئەگەر 5 کەس رازیبوون بە داواکارییەکە ئیدی گشتپرسی دەبیتە بڕیار و رۆژەکەی دیاری دەکرێت.

ئەنجامی گشتپرسی و سەرکەوتنی پشت بە رێژەی بەشداربووان دەبەستێ، با بڵێین دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە ، بەڵام 2 ملیۆن و 600 هەزاریان دەنگ دەدەن، ئەگەر ملیۆنێک و 301 هەزار کەس کەس دەنگیان بە بەڵی دا ئەوە ئەنجام بە بەڵێ دەسەلمێنرێ، رەنگە پرسیارەکە بڵێ لەگەڵ جیابوونەوەی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستانی؟ ئەگەر زۆرینە گوتیان بەڵێ ، ریفراندم سەرکەوتوو دەبێ و قۆناخی دوای ئەو ئیدی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەبێ.

منبع: رووداو

http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1204201717

بازدیدها: 25