Home / پانل آزاد / قەیرانی شوناسی ئێرانی  

قەیرانی شوناسی ئێرانی  

 

یارسانمدیا

 

سەفەر عەزیزی

شوناسی نەتەوەیی ئێران یەکێک لە ئاڵۆزترین کانسێپت و چەمکەکانی مێژوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتەیە. ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و مێژووی کۆنی خۆی هەمیشە وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی بووە و تەنانەت تا پێش ساڵی ١٣١٤ی خۆرەتاویی دیاردەیەک بە ناوی حکوومەت یا دەوڵەتی ناوەندەگەرا بوونی نەبووە. ئێران پێشتر بە شێوەی ئەیاڵاتی بەڕێوە چووە، بەڵام لە دەورانی مۆدێڕنیتە بەولاوە شوناسی دەوڵەت-نەتەوە(State-Nation) لە سەر شوناسی تاکە نەتەوە و تاکە زمان، واتە فارس و زمانی فارسی بوونیات نراوە. ئەم کانسێپتە لە دەورانی سەفەوییە بەدواوە، بۆتە خوێندنەوەیەکی گشتگیر و بەتایبەتی لە دەورانی پەهڵەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زیاتر برەوی پێدراوە.

هەڵبەت لە دەستپێکی ڕەوتی نەتەوەسازی بە مۆدێڵی ئێرانی، یەکێک لە ئارمانجە سەرەکییەکانی ئەندازیارانیی سیاسی ئەم پرۆژە  ناسیونالیستییە بۆ یەکسان کردنی کلتوور، چاند و زمانی نەتەوەی باڵادەست و تواندنەوەی زمان و کولتوورەکانی دیکە لە نێو زمانی فارسیدا بووە.

لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەم پرۆسەیە لە سێ قۆناخی جیاوازدا جیبەجێ کرا:

یەکم، قەدەغەکردنی زمانەکانی دیکە جگە لە زمانی فارسی لە بواری پەروەردە و ئیدارەدا لە چوارچێوەی بە سیاسیکردنی زمان(Political Language) تایبەت بە نەتەوەی باڵادەست. دووهەم، پاکسازیی زمانی فارسی، سێهەم، گۆڕینی دێمۆگرافیای شار و گوندەکان بە زمانی فارسی.

هەر لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، ڕێژیمی پەهڵەوی ساڵی ١٩٣٣ ی زایینی، زمانی فارسی وەک تاکە زمانی پەروردەی سەرانسەری ئێران دیاری کرد و بەم جۆرە خوێندن و نووسین بە هەموو زمانەکانی دیکە کە پێشتر لەو جوگرافیا سیاسیەی کە ئەمڕۆ بە ئێران ناوزەد کراوە ئازاد بوو، قەدەغە کرا. بە خۆڕای نەبوو کە دروشمی سەرەکیی ڕێژیمی پەهڵەوی بریتی بوو لە یەک نەتەوە، یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک زمان. لە سەردەمی پەهڵەوییدا تەنانەت جیاوازیی زمانەکانی دیکە وەکوو مەترسییەک بۆ سەر پرۆژەی دەوڵەت-نەتەوە دەبیندران کە تەنیا لە ڕێگای لە ناوبردنی ئەو زمانانەوە چارەسەر دەکرا.

ئەم شوناسە بێجگە لەوەی نەیتوانیوە یەکیەتی نەتەوەیی لە ئێرانێکی فرە نەتەوە و فرە ئاینیدا دروست بکات، بەڵکوو بۆتە هۆی دووبەرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم وڵاتە. سیاسەتی فەرهەنگی و زمانی بە پێداگری لەسەر باڵادەستی زمانیی فارسی و شیعەگەرایی ئێرانی، نەتەوە و ئاینەکانی دیکەی ئاسێمیلە کردوە و لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا، نەتەوە و پێکهاتەکانی نێو جۆگرافیایی سیاسیی ئێران هەست بە جیاوازی و هەڵاواردن دەکەن.

هەروەکوو پێشتر گووتم، ڕیشەی ئەم خوێندەنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی سەفەوییە. کاتێک شاە ئیسماعیلی یەکەم، ئاینی شیعەی دوازدە ئیمامی وەک ئاینی ڕەسمیی ئێران دیاریکرد و دەستی بە چەوسانەوەی کەمە ئاینییەکانی دیکە کرد. بەر لەم دەورانە، ئێران وەک وڵاتێکی پرولاری ئایینی و نەتەوەیی دەناسرا، بەڵام سەفەوییەکان سیاسەتی یەک-نەتەوە و یەک-ئاینیان دەستپێکرد. ناوبراو بەم سیاسەتە هەوڵی دروستکردنی شوناسێکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای ئاینیی شیعە بوو و بەمجۆرە هەوڵی تواندنەوەی کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان دیکەی دستپێکرد.  ئەم سیاسەتە لە دەورانی قاجاڕ درێژەی کێشا، بەڵام لە دەورانی پەهڵەوی فۆکۆسی دەوڵەت خرایە سەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی(فارسی)  و زمانی فارسی بوو بە فاکتۆرێکی گرنگ بۆ بونیاتنانی یەکگرتوویی شوناسی نەتەوەیی لە ئێراندا.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم سیاسەتە بە بیانۆی یەکپارچەیی فەرهەنگی و کۆمەلایەتی، خویندنی بە زمانەکانی دیکە جگە لە زمانی فارسی، قەدەغە کرد و بەم شێوەیە مێژووی ئێرانی باستان، بەتایبەت مێژووی ٢٥٠٠ ساڵەی خۆی وەکوو کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی دیارکرد.

لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ی خۆرەتاویی، بنەڕەتی ئیسلامی سیاسی لە دەورانی مۆدێرندا دانرا و ئاینی شیعە بە ڕەسمی و بەشێوەی بەربڵاوتر لە جاران، بوو بە فاکتۆرێکی بەهێزی شوناسی نەتەوەیی لە ئێراندا. قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاینی شیعەی دووازدە ئیمامی وەک ئاینی ڕەسمی وڵات دیاریکرد و تەنانەت سیاسەتی ڕەسمیی دەوڵەت و نەهادەکانی دەوڵەتی لە سەر دکترینی  ولایەتی موتڵەقی فەقیە و بنەمای شیعەی دووازدە ئیمامی داڕێژرا. ئەم سیاسەتە بووە هۆی ئەوەیکە کەمە-ئاینییەکانی دیکە وەک سونە، مەسیحی، یەهودی، زەردەشتی پەراوێز بخرێن و لە زۆربەی مافەکانی شارۆمەندی بێبەش بکرێن سەرە ڕای ئەوەی لە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیدا ئێتراف بە ئاینی زەردەشتی، مەسیحی و یەهودی کراوە. دەبێ بگوترێت کە لە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئترافێک بە ئاینی یاری و ئاینی بەهایی نەکراوە. ئەم کارەش بۆتە هۆی ئەوەی کە یارییەکان و بەهاییەکان لە تەواوی مافە یاسایی و گەردونییەکان بێبەش بکرێن.

هەلبەت لە پاڵ هەڵواردنی ئاینی، هەڵواردنی زمانیش بەشێک بووە لە سیاسەتی ڕێژیمی ئێستا لە ئێراندا. هەموو ناوەندە پەروەردەیی و کلتوورییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی سڕینەوەی زمانەکانی دیکەیان داوە، بەڕادەیەک کە لە هێندێک لە ناوچەکانی غەیرە فارس، باس لە ژینۆسایدی سپی دەکرێت.

ماهییەت و دیسکۆرسی تاکزمانی ، تەک نەتەوە و تەک ئایین ، بۆتە هۆی شێواندنی فرە چەشنی زمانی و نەتەوەیی لە ئێراندا. سەرەڕای هەوڵ و گوشاری حکوومەتەکانی ناوەندگەرا لە سەر بنەمای تێئۆریی دەوڵەت-نەتەوە بۆ باڵادەستکردنی ناسۆنالیزمی فارس لە ڕۆاڵەت و چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا، نەیانتوانیوە ئێرانێکی فرەچەشن دورست بکەن. دەرەنجامی ئەم سیاسەتە بە پێچەوانەوە بۆتە هۆی زیاتر دابڕان و ناکۆکی لە نێوان نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران.

شوناس و هەویتیی  دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران هەر لەدەورانی مۆدێڕنیتەوە تاکوو ئێستا، کاریگەرییکی ڕیشەیی لە سەر گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان لە ئێراندا داناوە. جیاواز لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لە پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوە سازی لە دەورانی مۆدێڕنیتە هەوڵی یەکیەتییەکی زمانی، کلتووری، ئتنیکی دراوە و بەتایبەتی سازانێکی گشتی دروستبووە کەچی لە ئێراندا بناغەی ئەم پرۆسەیە لەلایەن نوخبەیەکی دیاریکراو سەر بە نەتەوەی فارس و ئایینی شیعە دارێژراوە. هەر بۆیە، هەوێتیی دەوڵەت-نەتەوە ناتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵگایەکی فرە ڕەهەند، فرە ئایین، فرە کلتوور و فرە نەتەوە بکات. ئەمڕۆ ئێرانی بوون بەواتای فارس-شیعە بوونە، چوونکە نەتەوە و ئایینەکانی دیکە لەپرۆسەی دەوڵەت-نەتەوە سازیدا پەراوێز خراون و هەردەنگێکی ناڕازی وەک دژە ئێرانی و جودایخواز پێناسە کراوە.

ڕۆڵی ڕوناکبیرانی ئێرانی لە پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەدا

پرۆسەی سەرهەڵدان و شکڵگیریی شوناسی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا، زۆرتر لەژێر هێژموونیی جریانگەلی ڕوناکبیریدا بووە. نوخبەگەلی ئێرانی لەدەورانی مشرووتە و پەهڵەوی دەورێکی سەرەکییان لە تئوریزەکردنی کۆدە سیاسی کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت-نەتەوە لە  ئێراندا هەبووە. ڕوناکبیرانی ئێرانی باوەڕیان وابوو کە یەکپارچەییی ئێران تەنها لەڕێگەی دروستکردنی شوناسێکی یەکگرتوو لە ڕێگای سیاسەتی زمانی و ئایینێکی دیاریکراوەوە مسۆگر دەبێت. ڕوناکبیرانی ئێران بەکەڵکوەرگرتن لە دیسکۆرسی ناسیونالیزمیی ڕۆژئاوا بۆ دەوڵەت-نەتەوە ، هەوڵیاندەدا ئێران وەک وڵاتێکی یەکگرتوو پێناسە بکەن، بەڵام ئەم هەوڵە بە هۆی لە            بەر چاونەگرتنی فرە ڕهەندیی کۆمەڵگای ئایینی و نەتەوەیی ئێران و چڕکردنەوەی لە نەتەوە و ئایینێکی دیاریکراودا، نەیتوانیوە ئامانجە ئستراتیژیکیەکانی خۆی بپێکێت.

لەدەورانی مشرووتە زۆر لە ڕوناکبیرانی ئێرانی وەک میرزا ملکمخان، عەبدولکەریم تالبوف، میرزافەتعلی ئاخوندزادە و سەید حەسەن تەقیزادە، هەوڵیاندەدا لە ڕێگای نەهادینەکردنی بیرۆکە و کلتوورێکی مۆدێڕن، وڵاتێکی یەکگرتوو پێکبێنن، بەڵام ئەم بیرۆکەیە هەر لەسەرەتاوە بە هێژمونیی  گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندگەرایی فارس، زمانی فارسی و ئایینی شیعە پێکهات.

ئەم ڕوناکبیرانە بەبێ گوێدانە پارادیمیکی فرەزمانی، فرەکەلتووری و فرەئایینی لە ئێراندا هەوڵیاندەدا شوناسێکی یەکگرتوو لە چوارچێوەی پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوەدا دروست بکەن. ئەمانە لەوباوەڕەدا بوون، بۆ دەربازبوون لە کۆمەڵگایەکی فێئوداڵ و گواستنەوە بۆ نێو مۆدێڕنیزاسیون، ئێران پێویستی بە زمان و شوناسێکی یەکگرتوو هەیە. لەپێناو دروستکردنی ئەم شوناسەدا، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵدراوە کە زمان، فەرهەنگ و ئایینی نەتەوە و ئاینەکانی دیکە و یەک لەوانیش کورد ئاسێمیلە بکەن. هەڵبەت فرەتر لە ٢٠٠ساڵە کە نەتەوە و ئاینەکانی ناو ئێران، ئەم مێژووە بە هی خۆیان نازانن و کوردەکان وەکوو نموونە بەرانبەر بەم سیاسەتە ناسیونالیستییە خاوەنی مێژوویەکی دورو و درێژ لە خەبات و تێکوشانن.

لەدەورانی ڕەزاشای یەکەمدا هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەم شوناسی دەوڵەت-نەتەوەیە دەربازی قوناخێکی نوێ بوو. هەوڵدان بۆ شوناسێکی یەکگرتوو لەڕێگای زمانی فارسییەوە بوو بە پلانی ستراتێژییکی ڕەزاشا و ڕوناکبیرانی نەتەوە-پەرەستی  ئەو سەردەمە کە لەژێر کاریگەری پرۆسەی نەتەوەسازی ڕۆژئاوا قەراریان گرتبوو. ئەم سیاسەت و ستراتێژییە خۆی لە پرۆسەی گۆڕینی ناوە غەیرە فارسیەکان، سەرکوتکردنی زمانەکانی کەمە-نەتەوەییەکانی دیکە، گۆڕینی سیستەمی خوێندن و پەراوێزخستنی کەمە-نەتەوەییەکانی دیکە لە گوفتمانی سیاسی-نەتەوەیی ئێراندا. ڕوناکبیرانێک وەک موحمەد عەلی فروغی، عەلی ئەکبەری داور، ئەحمەد کەسرەوی…هتد لەوبڕوایەدا بوون، کە تەنها لەڕێگای ئاسێمیلاسیوون و هەڵاواردنی زمان و ئایینەکانی دیکە، یەکگرتوویی نەتەوەیی مسۆگەر دەبێت.

لە سەردەمی پەهڵەوییی دووهەم و دەسەڵاتی حەمە ڕەزاشا، ڕوناکبیرانی ئێرانی هەوڵیاندەدا تێگەیشتن لە شوناسی نەتەوەیی لە گەڵ شوناسی ئێتنیکی دابڕێنن و مێژووی ئێران وەک سەرچاوە بۆ تێگەیشتن لەم شوناسە نوێیە زەق بکەنەوە. ئێرانی باستان، دەورانی کوروش و داریوش وەک سەروەری مێژووی ئێرانیی پسا-ئیسلام بوو بە دینامیزمی تیۆریک و هاندەرانەی تایبەت بۆ دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە. لەپاڵ ئەم زەقکردنەوە مێژووییەدا، بەشێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی سڕینەوەی مێژوو، ناسنامە، کلتوور و فەرهەنگی کەمە-نەتەوەییەکانی دیکە دەدرا. ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی کە کەمە-نەتەوەیی و کەمە-ئایینیەکانی دیکە خۆیان بە بەشێک لەم پێناسەیە نەزانن و لەهەر دەرفەتێک دژایەتی خۆیان نیشان بدەن. لەدەورانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەم ڕەوت و پرۆسەیە وەکوو ڕابردوو درێژەی هەبووە و تەنیا بە یەک جیاوازییەوە کە  ئایدۆلۆژیی شوناسی نەتەوەیی لە ناسیۆنالیزمیی ئێرانی باستانگەراوە گۆڕدرا بۆ ناسیونالیزمیی شیعە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێبەرایەتی ئاقای ئایەتۆڵا خومەینی لەسەرەتای دەسەڵاتدا بە بانگەوازی بۆ کۆمەڵگای بەرابەر و ئەداڵتخواز حوکمڕانی خۆی دەستپێکرد، بەڵام هەر زوو شوناسی ڕەسمی وڵاتی لەسەر بنەوای ئایینی شیعیی دوازدە ئیمامی پێناسەکرد. ئایینی شیعە وەک ئایینی ڕەسمی وڵات لە قانوونی بنەڕەتی وڵاتدا دیاریکرا. ڕوناکبیرانی ئەم سەردەمە، بەپێچەوانەی ڕوناکبیرانی دەورانی پەهڵەوی، هەوڵیاندەدا لە جێگای ئیلهام وەرگرتن لە ڕابردووی گوتاری ئێرانیی باستان، شوناسی ئیسلامیی ئێرانیان بەرجەستە دەکردەوە. دیسانەوە خواستی کەمە-نەتەوەیی و کەمە-ئایینیەکان نەک تەنها لەبەرچاو نەگیرا، بەڵکوو لەجاران زیاتر پەراوێز خرا.

پرۆسەی سازانی شوناسی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا لەڕاستیدا نەک تەنها نەیتووانیوە کۆمەڵگای ئێران یەکگرتوو بکات، بەڵکو بۆتە هۆی دابڕانێکی قوڵ و زۆر لە کەمە-نەتەوەیی و کەمە ئایینیەکان قەد خۆیان بەبەشێک لەم شوناسە نەزانیوە. ئەم پرۆسەییە نەک تەنها  کەمە-ئایینی و کەمە-نەتەوەییەکانی پراوێز خست، بەڵکوو سیاسەتی هەڵاواردن ، تواندنەوە و لە نێوبردنیشیان دەستپێکرد. بەدرێژای مێژووی مۆدێڕنی ئێران، کەمە ئایینی و کەمە-نەتەوەییەکان لەپرۆسەی نەتەوەسازیدا بەشدار نەکراون و زۆرجار وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سەیر کراون.

ئەنجام

دەرەنجامەکانی ئەم سیاسەت و دیسکۆرسی هەوێتی وایکردوە کە ئێران قەد نەتوانێت ببێت بە خاوەنی شوناسێکی گشتگیر . لەجیاتی ئەوەی شوناسی ئێرانی ببێتە هۆی یەکیەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئێرانی بەهەموو نەتەوە و ئاینەکانەوە، وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن دەوڵەتەوە سودی لێوەرگیراوە بۆ هەڵاواردن و لەناوبردنی کەمە-ئایینی و کەمە-نەتەوەییەکان. سیاسەتی تەکزمانی، تەک کلتووری، تەک ئایینی و یەک پەروەردەیی دەسەڵاتدارانیی ئێرانی بووە هۆی ئەوەی هەستی وڵاتپارێزی و ئێرانی بوون لە نێو کەمە-نەتەوەییەکان لاواز بکات.

کێشەی دیکەی ئەم سیاسەتە ئەوە بووە، لەکاتێکدا لە زۆربەی وڵاتان، کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی نێوخۆیی یان دەرەکی، شوناسی نەتەوەیی وەک ئامرازێکی یەکیەتیبەخش چاوی لێکراوە، کەچی لە ئێراندا بەهۆی هەڵاواردنی زمانی، کلتووری، ئایینی و نەتەوەییەوە لایەنەکانی غەیرە-فارس، دەوڵەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، نەیتوانیوە خەڵک مۆبیلیزە بکات. ئەم خەڵکە هەمیشە بەچاوی گومانەوە لەدەسڵات و سیستەمی وڵاتیان ڕوانیوە، چونکە سیستەم نەک بۆ خۆشبژیوی ئەوان، بەڵکوو وەک ئامرازی سەرکوت سوودی لێوەرگیراوە. دیسکۆرسی نەتەوە-سازی لە ئێراندا لەدیدێکی ناسیۆنالیستی فارسی-شیعەی بەرچاوتەنگەوە، سەرچاوە دەگرێت و هەر چەشنە فرەڕەهەندیی کلتووری، ئایینی، نەتەوەیی وەک هەڕەشە چاولێدەکات.

بۆ دەربازبوون لەم قەیرانی هۆیەتییە، ئێران پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ و پێداچوونەوەیەکی جیدییە بۆ شوناسی نەتەوەیی. ڕوناکبیران، دەسەڵاتداران و نوخبەکانی ئێران دەبێت قەبوڵیان بێت، کە شوناسی وڵاتێکی فرە ڕەهەند لە بوار  نەتەوەیی و ئاینیوە، ناکرێت لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایینێکی تایبەت بونیاد بنرێت. هەر شوناسێک گوزارشت لەم فرە ڕەهەندیەی وڵاتی ئێران نەکات، درەنگ یان زوو دەبێت چاوەڕوانی هەڵوەشانێکی جوگرافی و سیاسی بێت. بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شوناسی نەتەوەیی، پێویستە سیاسەتی پەروەردەیی، کلتووری و کۆمەڵایەتی بگۆڕدرێت. دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئایینە و هەموو ئەم پێکهاتانە لە کردەوادا دەبێت لە داڕشتنەوەی شوناسی ئێرانی داهاتوودا بەشداربن.

زمان، کلتوور و مێژووی نەتەوە و ئایینەکانی دیکە دەبێت لە واقعدا ببنە بەشێک لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و لە قوتابخانەکان دەرس بدرێنەوە. ئێران بەمێژوویەکی دەوڵەمەند و شارستانیەتێکی گەورەوە ئەو پوتنسیاڵەی هەیە کە خۆی لە قەیرانی هەوێتشناسی دەرباز بکات و خوێندنەوەیەکی دووبارە و سازانێکی نیشتمانی بۆ شوناسی ئێرانی دروستبکات، کە گوزارشت لە فرە ڕەهەندیی کلتووری، ئایینی، نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەکات. بۆ ئەوەی هەموو ئێرانییەک خۆی بە ئێرانی بزانێت، دەبێت بتووانێت خۆی لەم شوناسە تازەیەدا ببینێتەوە. بە کورتی، بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی لەو چەشنە پێویشتە کۆتایی بە دیسکۆرسی  پان-ئێرانیزم و ئاپارتایدی سیستماتیکی هەویەتی، زمانی و کلتوری دژی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران بهێندرێت.

سەرچاوەکان

– آبراهامیان، یرواند. (۱۳۹۶). ایران بین دو انقلاب. ترجمه کاظم فیروزمند و دیگران. تهران: نشر نی

– اشرف، احمد. (۱۳۸۴). “مفهوم هویت ملی ایران”. نامه علوم اجتماع

– دوفر، اولیویه. (۱۳۹۳). ایران و ایرانیان. ترجمه ناصر فکوهی. تهران: نشر ثالث

– قاسمی، محمدرضا. (۱۳۹۸). تاریخ اجتماعی ایران معاصر. تهران: انتشارات کویر

Katouzian, Homa. (2009). The Persians: Ancient, Medieval, and Modern Iran. Yale University- Press.

Dabashi, Hamid. (2012). Shi’ism: A Religion of Protest. Harvard University Press-

Vali, Abbas. (2003). The Formation of Kurdish National Identity in Iran. I.B. Tauris-

Vali, Abbas (2014) Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity (International-  Library of Iranian Studies), I.B. Tauris

بازدیدها: 4