هاونیشتمانانی بەڕێز
کارەساتی هەڵەبجە یەکێک لە تراژیدیا مێژووییەکانی گەلی کوردە کە هەموو ساڵیک لە ١٦ مانگی مارسدا، لە کوردستان یاد دەکرێتەوە. یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە تاڵە لە مێژووی نەتەوەکەماندا نیشاندانی بێزاری و خستنەڕووی سیاسەتی گڵاوی ڕێژیمە دیکتاتورەکانی داگیرکەری کوردستانە. کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە جنوسایدێکی ئاشکەرای گەلی کورد بوو، کە بە داخەوە لە کاتی ڕودانی ئەم کارەساتە بێوێنەیە، کۆمەڵگای نێونەتەوەی لە ئاست ئەم تراژیدیایە بێدەنگ مان و مافی مرۆڤ کرایە قوربانی بەرژەوەندی ئابوری و سودای سیاسی. ئەم تراژیدیایە نیشانیدا کە دەسەڵاتداران بۆ لە ناوبردن و قڵاچۆکردنی ئینسانەکان لە دڕندانەترین چەک و کەرەسە سوود وەردەگرن.
هاونیشتمانانی ئازیز،
هەڵەبجە ئەمڕۆ بۆتە سیمبولی ئازادی و بەرخۆدانی نەتەوەیی گەلەکەمان. هەرچەند ڕێژیمی دژە مرۆیی بەعس کارەساتێکی بێوێنەی خوڵقاند، بەڵام خەڵکی هەڵەبجە و گەلی کورد زیاتر لە جاران پێداگرییان لە سەر مافەکانیان کرد و دەکەن.
سازمانی دێموکراتیکی یارسان وەک ئەرکی نیشتمانی خۆی لەم یادەدا سڵاو دەنێرێت بۆ ڕوحی پاکی گیانبەختکردوانی هەڵەبجە و لە هەمانکاتدا نەفرەت و بێزاری خۆی دژ بە بکەرانی ئەم کارەساتە و هەموو کارەساتە دژە مرۆییەکان دەردەبڕێت.
سازمانی دێموکراتیکی یارسان کە لە سەر بنەمای جاڕنامەی مافی مرۆڤ بونیات نراوە، دژی ئەم کردەوە دڕندانەیە و بە جیدی لاینگری بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژیە لە سەرانسەری جیهاندا.
لە کەس شاراوە نیە کە شاری هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە بە پێی پێویست ئاوریان لێنەدراوەتەوە، بۆیە هیوادارین کە کاربەدەستانی کوردستان تێبکوشن خزمەتگوزاری زیاتر بۆ خەڵکی هەڵەبجە تەرخان بکەن. بەداخەوە خەڵکی ڕزگاربووی کارەساتی کیمیاوی هەڵبجە هێشتا لە بوواری ڕۆحی و جەستەییەوە بە دەست ئەم کارەساتەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە پێویست و ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەم بووارەدا یارمەتی زیاتر پێشکەش بە قوربانیانی ئەم کارەساتە بکات.
سەری ڕێز و نەوزش بۆ قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە.
سازمان دموکراتیک یارسان
کومیتەی مەرکەزی
2017/03/16

بازدیدها: 34
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website