یارسان مدیا
19-فوريه-21
ن: عەلی ئەسکەر خۆسرەوی

ئایا ئەم کردەوە وەحشیانە و تێرۆریستییە لە لایەن چ گرووپ یان هێزێکی تێکدەرەوە لە نێو خاکی عێراقداروویداوە؟
لە سەرەتادا زانیارییەکان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر تا ڕادەیەک ناشەفاف بوو، بەڵام دواتر لە لایەن هەواڵنێر و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا وێنەی مووشەکەکان و ئەو ماشینەی کە مووشەکەکانی ئاراستەی چەند شووێنێک لە هەولێری کردبوو، بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە. لە لایەکی دیکەوە زۆری نەخایاند کە گرووپێکی میلیشیا بە ناوی “سەرایا ئەولیای دەم” بەرپرسایەتی خۆی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر ڕاگەیاند.
بێگومان هێرشی ئاوا نا ئنسانی بۆ سەر شاری هەولێر، جۆرێک لە مانوڕی نیزامی، شەڕی سایکۆلۆژی و پیشاندانی هێز و دەسەڵاتخوازییە بە مەبەستی وەرگرتنی باج و ڕاکیشانی سەرنجی رای گشتی بۆ لای ئاجندای ئەو گرووپ و لایانانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەێوەندییان بەم هێرشەوە هەیە. ئەم کردەوە تێرۆریستییە لە لایەکی دیکەوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی و ئارامیی شاری هەوڵێر وەکوو پێتەختی سیاسی هەرێم، دانیشتووانی ئەو شارە و تەنانەت هێزەکانی هەوپەێمانان لە هەولێرە.
هیچ شک و گومانێک لەوە دا نییە کە حکوومەتەکانی ناوچەکە و بەکرێگیراوەکانیان دینامیزمی سەرەکی ئەم هێرەشەن و بەم کارەشیان دەیانهەوێت ئەو پەیامە بە گوێ هەموو لایەنێک ڕابگەینن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاواز ، بێ ئیرادە و دەستەمۆیە.
هەڵبەت ئەمن بە پێ مەیل و خواستی باتنی یا دەرونییم دژی هەر جۆرە شەڕ و تێکەڵچوونێکی نیزامییم کە ببێت بە هۆی کوشتنی مرۆڤەکان، بەڵام سۆپای پێشمەرگە مافی ڕەوای خۆیە کە لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا بە توندترین شێوە بەرسەڤی جیرەخۆر و لایەنەکانی دارێژەری ئەو پەلامارە تێرۆریستییە بدەنەوە تاکوو جارێکی دیکە نەوێرن دەست بۆ کردەوەیێکی لەم چەشنە ببەن.
بە قەوڵی سەعدی :
” با نیکان نیک و با بدان بد بجای گل گل باش بجای خار خار”
))واتە با لە گەڵ مرۆڤە باشەکان بە چاکە هەڵسووکەوت بکرێت و مرۆڤە خەرابەکانیش وەکوو خۆیان وەڵام بدرێنەوە((.
تەواوی جیهان بە چاووی خۆیان شاهیدی ئەوە بوون کە چۆن لە کاتی هێرشی ساڵی ٢٠١٤ی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) بۆ سەر خاکی عێراق ، سۆپای عێراق لە ژێر فەرماندەهیی نووری مالیکی، بە شێوەێکی شەرم هێنەرانە پاشەکشەیان کرد و تەنانەت تەواوی چەک و چۆڵی نوێ و پێشکەوتوویی خۆیان کە پێشتر لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە وەکوو یارمەتی لۆجیستیکی پێشکەش بە سۆپای عێراق کرابوو، تەسلیمی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە کرا. لەو ساتە وەختە دژوارەدا ئەگەر سۆپای پێشمەرگە پێشیان لە پێشڕەوییەکانی داعش نەگرتبا ئەو کات ئەگەری ئەوە زۆر بوو کە ئەوان بتوانن بە ئاسانی بەغداش بخەنە ژێر کۆنترۆلێ خۆیان .لە لایەکی دیکەوە، جێگای داخە کە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق زۆر کەمتەرخەمە بەرامبەر بەو گرووپە میلیشیا و تێرۆریستانە کە لە ناو خاکی عێراق لە پشتەوە خنجەر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن.
کەواتە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەبێ ئەم هێرشە تێرۆریستییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە زەنگێکی مەترسیدار بزانن و پێویستە کە بە توندترین شێوەی نیزامی وەڵامی دوژمنانی مرۆڤایەتی بدەنەوە.
پێویستە لە سەر تەواوی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی هێزی پێشمەرگەن بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی هەرێم وەکوو فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی هەرێم یەکبخرێن بە مەبەستی وەڵامدانەوەی خێرا لە بەرانبەر پلان و پەلاماری نەیارانی نەتەوەی کوردا.
لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕوانی لە حکوومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و لایەنەکانی دیکە دەکرێت کە وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی، ئخڵاقی و ئینسانی کۆتایی بە ناکۆکییە لاوەکییەکانی خۆیان بهێنن و لە جیاتی ئەوە پێویستە تەواوی تواناییەکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ خزمەتکردن و پاراستنی حاکمیەت و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان . چونکە هەموومان سەرنشینی کەشتیکیین و ئەگەر شەپۆل و گوشاری دوژمنان و بەکرێگیراوەکانیان زیاد بێت، ئەو کات نەتەوەی ئێمە جارێکی دیکە دەکەوێتە بەردەمی شەپۆلە بێڕەحمەکانی دەریا و بەم جۆرە خەونەکانی نەتەوەیێک دەبێت بە بڵقی سەر ئاو و لە ناو دەچێت.
ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەم جۆرە دەستدرێژییانە بێدەنگ بێت ئەو کات ئەم بێدەنگییە تەنیا نیشانەی بێ دەسەڵاتیی حکوومەتی هەرێم نیشان نادات، بەڵکوو ئەو دەم نە حکوومەتی عێراق و نە کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی ئامادە نیەن حیسابێکی جیدی بۆ کورد بکەن.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەگەر خوازیاری سەروەریی و پاراستنی کەرامەتی خۆیان و خەڵکی هەرێمی کوردستانن دەبێ ببن بە خودان هێز، چوونکە قانوونی سرووشت وایە کە مافی کەسانی لاواز بە ئاسانی لە لایەن ستەمگەرانەوە پێشیل دەکرێت.
لە کۆتاییدا داواکارم کە پەروەردگار نەتەوەی مەزڵووم و بێبەشیی کورد و کۆمەڵگەی ستەملێکراویی یارسان(کاکەیی) بپارێزێت.
عەلی ئەسکەر خۆسرەوی
ستۆکهۆڵم
2021-02-18
[wpforms id=”4110″ title=”true”]بازدیدها: 89