Home / پانل آزاد / ئایا داعش نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات؟

ئایا داعش نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات؟

safarسەرهەڵدانی داعش باسێکی زۆری لە لای خەڵک دروستکردووە کە ئایا داعش نوێنەرایەتی هەمان ئایدیا و بۆچونی ئیسلامی ڕاستی دەکات، یان داعش شتێکی جیاوازە لە ئیسلام و ئەو باوەڕانەی کە ئیسلام لە سەری بناغە دانراوە؟

من بۆ خۆم ئاشناییەکی قوڵم بە ئایینی ئیسلام نییە کە بتووانم لە ڕێگای تکستەکانەوە شروڤەیەکی قوڵ بکەم، بەڵام بە حکومی کارەکەم و خوێندنەکەم شارەزایم لە کلتوری ڕۆژهەڵات و ئیسلام بەتایبەتی هەیە، بۆیە دەکرێت لە ڕێگای ئەم شارەزاییەوە تیشکێکی کورت بخەمە سەر ئەم باسە.

سەرهەڵدانی ئیسلام بەگشتی بە دوو قۆناغی دیاریکراودا دوو شێوە لە تێگەیشتن و جیهانبینی بۆ کۆمەڵگای بەشەری هەبووە. ئەم دوو جیهانبینیە لە نێو قورئاندا ڕۆن و بەرچاوە. قۆناغی یەکەم بانگەوازی حەزرەتی موحمەد بۆ ئایینی ئیسلام و دەرکردنی لە مەکە. لەم قۆناغەدا ئیسلام پەیامێکی ئینسانی و ئاشتیخوازانەی هەیە. زۆربەی هەرە زۆری سورەتەکانی قورئان لەم قۆناغەدا بانگەشەیە بۆ مرۆڤدۆستی، پێکەوە ژیان، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و بۆ خودا. بەڵام شاراوە نییە کە کاتی بەهێزیبوونی ئیسلام و پەرەسەندنی، پەیامی موسەڵمانان لە پەیامێکی ئاشتەواییەوە دەگۆڕێت بۆ پەیامێکی توندئاژۆ. ئەڵبەت ئەم جۆرە بادانەوەیە تەنها لە ئایینی ئیسلام بەرچاو نییە، بەڵکو، زۆربەی هەرە زۆری ئایینەکان و بەتایبەت ئایینە ئبراهیمیەکان لە کاتی سەرهەڵدانیاندا پەیامێکی ئاشتیخوازانەیان لە گەڵ خۆیان هێناوە و هەوڵی ئەوەیانداوە خەڵک لە ڕێگای تکستە پیرۆزەکانەوە ڕێنوێنی بکەن بۆ ئەوەی لە کاری نەشییاو دوور بکەونەوە. ئایینەکان لە سەرەتاوە بە گشتی بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و نابەرابەری لە کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدەن. ئەڵبەت لە پاڵ ئەمەشدا سەرهەڵدانە ئایینیەکان هەمیشە گرێدراوی کۆمەڵگای نەخوێندەوار و کۆنەپارێزە. ئایین بۆ خۆی هەمیشە لە کەلێنی کۆمەڵگا و نابەرابەری کۆمەڵایەتی و نەخوێندەواری و زۆڵمی دەوڵەتمەدارانەوە سەری هەڵداوە. بۆیە لە کاتی سەرهەڵدانیان، پەیامەکانیان هەمیشە گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ دونیایەکی جیاوازتر لەم دونیایە بووە. ئیسلام بەدەر نییە لەم خوێندنەوە ئایینییە.

بەهەمە حاڵ ئیسلام بە گوزەشتی زەمان گۆڕانی بەسەردا دێت و بەڕێوەبەرانی ئەم ئایینە بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیان کارنامەیەکی پڕ لە کوشتار و خوێنڕێزی دروست دەکەن. ڕەنگە ئیسلام یەکێک لەو ئایینانە بێت کە قەد ڕوانگەیەکی یەکگرتوو لە لایەن ئەولەماکانی ئیسلامەوە نەبووە و هەر کەسەو بەشێوەیەک تەفسیری ئایەتەکان و خوێندنەوەکانی دەورانی سەرهەڵدانی ئیسلامی کردوە. ئیسلام بەگشتی لە هەرە سەرلێشواوترین ئاینە ئیبراهیمیەکانە. لێ چونکوو دەسەڵاتداران و پیاوە ئایینیەکان بەگوێرەی ویست و بەرژەوەندی خۆیان قورئانیان شرۆڤە کردوە و دەورانی موحەمەدیان تەفسیر کردوە. لە نێو ئیسلامدا دەتووانیت بۆ هەر دیاردەیەک بە دەیان و سەدان لێکدانەوە بدۆزیتەوە. ئەمە وا لە باوەڕدارانی ئەم ئایینە دەکات کە هەمیشە لە سەرلێشێواویدا بمێننەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە قەد ڕێگا نەدراوە لە ڕێگای زانستی مێژووییەوە پەردە لە سەر لایەنە شاراوەکانی ئەم ئایینە بدرێتەوە.

سەرهەڵدانی داعش و پەیام و ئایدیولوژیەکانی پشتی ئەم هێزە ئیسلامییە دەکرێت لە زۆر لە مەرهەڵە زەمانیەکانی دەورانی ئیسلامدا ببینرێت. ڕەوایەت و نووسین زۆرن کە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە دووای بەهێزبوونی ئیسلام بۆ پەرەپێدانی ئەم ئایینە، لایەنگران دەستیان لە هیچ نەپاراستووە و هەر جێگایەکیان داگیر کردوە ژنەکانیان وەک بەردە و کەنیز بردوە و سەر و ماڵ و حاڵی خەڵکی ناموسەڵمان حەڵاڵکراوە. شارەزایانی ئایینی ئیسلام لە دەورانی خەلافەتی ئیسلامییەوە تاکوو ئیمپراتووریەتی ئوسمانی بەدەیان و سەدان بەڵگە دەخەنە ڕو کە گوزارشت لە کوشتن و لەناوبردنی “کافیران” دەگێڕێتەوە. ئەڵبەت باسی ئێمە لەم نووسینە ئیسلامە، وەگەر نە هەمان سەرچاوەگەل باس لە هەمان توندوتێژی ئاینەکانی دیکە دەکەن.

داعش وەک ئایدیولوژیا پەیامی خۆی دەبەستێتەوە بە پەیامی دەورانی حەزرەتی موحەمەد و زۆر لە گەورە پیاوانی ئایینی لەوانە زەواهیری پەیامەکانی داعش پشتڕاست دەکەنەوە. بۆیە ئەگەر ئێمە لە دەرەوەی خودی ئیسلام خوێندنەوەمان بۆ ئەم دیاردەیە هەبێت، هەڵەیە، چونکوو نکۆڵی لەوە ناکرێت داعش پشت بە سەرچاوە ئایینیەکان و دەورانی سونە دەبەستێت بۆ کردەوکانی.

پرسیار لێرەدایە ئەگەر ئایینی ئیسلام بێبەرییە لە کردەوەکانی داعش، گەلۆ بۆ زانایانی ئایینی تاکوو ئێستا فتوایەکیان دژ بەم گروپە دەرنەکردوە؟ گەلو بۆ زانایانی ئایینی بە کەڵک وەرگرتن لە تکستە پیرۆزەکان ناتووانن بەرپرچی کردەوەکانی ئەم گروپە و ئایدولوژیای داعش بدەنەوە؟

گرنگ نییە ڕابردووی ئیسلام چۆن بووە، گرنگ ئەوەیە داهاتووی ئیسلام چۆن وێنا دەکرێت. کەواتە موسەڵمانەکان کە خۆیان بە مەیانەڕەو دەزانن دەبێت لەم قەیرانە فکرێک بۆ ئەم ئایینە بکەنەوە، ڕفورم دروست بکەن و هەوڵ بدەن تەفسیرێک لە قورئان بێننە کایەوە کە بتووانێت جوابگۆی ئەم سەردەمە بێت. ئایینی ئیسلام سەراپایە لە کێشە و دووفاقی، ئەم دووفاقی و کێشانەش کۆنەپەرەستان و بەرژەوەندیخوازان بۆ مەرامی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن. موسەڵمانان چیدی نابێت لە هەنای ئەم هەموو قەیرانانە چاووی خۆیان بنوقێنن و هەمیشە بە خۆگیلکردن بەوەی ئەمانە موسەڵمانی ڕاستی نین، بەئاسانی بەسەر کێشەکاندا ڕد بن. بتەوێت و نەتەوێت داعش لە ڕێگای ئیسلامەوە بۆ کردەوەکانی خۆی پاساو دێنێتەوە. هیچ لەو ڕاستیەش ناتووانرێت فەرار بکرێت کە مێژووی ئیسلام پڕە لە دیاردەی داعشیزم.

بەدەرس وەرگرتن لەم مێژووانە و داننان بە ڕاستیەکانا دەکرێت ڕێگا چارە بدۆزرێتەوە و لە قەیران ڕزگار بکرێت. دوونیای ئەمڕۆ دوونیای ١٤٠٠ ساڵ نییە، کە ئایینی ئیسلام پەیڕەوی لە لوژیکی یونیڤرساڵی بکات و ئەویش بە زۆر هەوڵدان بۆ بە موسەڵامنکردنی خەڵک. ئەم لوژیکە لوژیکی دەورانێکی دیاریکراو بوو. داعش لە ڕێگای بە موسەڵمانکردنی ئیزیدیەکان، کاکەیەکان، مسیحیەکان…هتد هەمان لوژیکی ١٤٠٠ساڵ تکرار دەکاتەوە. کەم نین ئەوانەی کە داعش بە موسەڵمانی واقعی دەزانن، بۆیە لای هاوڕێیانی موسەڵمان سەیر نەبێت ئەگەر بەراوردێک بۆ مێژووی ئیسلام و کردەوەکانی داعش دەکرێت.

سەفەر ئەزیزی

Visits: 45

دیدگاهتان را بنویسید