بە ناوی ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان، بە گەرمی و لە دڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردانی ئێزدی لە سەرانسەری جیهان دەکەین بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی نوێی ئێزدی. ئەم بۆنەیە، کە سەرچاوەی لە کەلتوور، مێژوو و نەریتە دێرینەکانی کوردستانەوە دەگرێت، کاتێکە بۆ نوێکردنەوەی ئومێد و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان کۆمەڵگای ئێزدی.
هیوادارین ئەم ساڵە نوێیە ببێتە ساڵێکی پڕ لە خێر، بەرەکەت، ئاشتی و سەربەرزی بۆ هەموو ئێزیدییەکان.
هەرلەم بۆنەیەدا، هیوا خوازین کە حکومەتی فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەرۆشییەکی زیاترەوە، چارەسەرێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە بۆ کێشەی ئێزیدییە ئاوارەبووەکان بدۆزنەوە، کە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە لە ئۆردوگاکانی ئاوارەییدا، بەدەست ئازار، بێبەشی و نەبوونی ئاسایشەوە دەناڵێنن. پێویستە هەنگاوی کرداری هەبێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی زیاتر لە سێ سەد هەزار کەس کە لەم ئۆردوگایانەدا دەژین، تا بتوانن بە شكۆمەندی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان.
هەروەها، هیواخوازین کە شەنگال، وەک ناوەندێکی گرنگی کەلتووری و مێژوویی ئێزیدییەکان، دەبێت بە خێرایی ئاوەدان بکرێتەوە و قەرەبوویەکی دادپەروەرانە بۆ خەڵکەکەی دابین بکرێت، تا ئەوانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بتوانن بە ئارامی ژیانێکی شایستە دروست بکەنەوە.
هیوا دەخوازین ئەم ساڵە نوێیە سەرەتایەک بێت بۆ پێشکەوتن، سەقامگیری و پاراستنی مافەکانی کوردانی ئێزدی، کە بەشێکی جەوهەری و گرنگی ناسنامەی کوردستانی عێراقن.
جارێکی تر، جەژنی سەری ساڵی نوێ ئێزدی پیرۆز بێت!
بەهیوای داهاتوویەکی باشتر.
ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان
١٦.٤.٢٠٢٥

بازدیدها: 713
Yarsanmedia Yarsan Democratic Organization Official Website