Home / پانل آزاد / کۆماری ئێسلامی ئێران و سیستمێکی کاکیستوکراسی (گەمژەیی) و قەیرانی ڤایروسی کورونا

کۆماری ئێسلامی ئێران و سیستمێکی کاکیستوکراسی (گەمژەیی) و قەیرانی ڤایروسی کورونا

یارسان مدیا
‏12‏.05‏.2020

سەفر عزیزی:

Safar Azizi

کاکیستوکراسی (Kakistocracy) چەمکێکی سیاسی-فەلسەفییە کە ئاماژەیەکە بۆ سیستەمێک و شێوە حکومەتێک کە لە لایەن خرابترین کەسانی نەزان و گەمژە بەڕێوە دەبرێت.

وشەی ( kakistocracy) لە دۆ وشەی یونانی (kakistos) کە بە مانای “خرابترین” و (kratos) بە مانای حوکمڕانی پێکهاتووە. ئەم وشەیە بۆ ئەوەڵین جار لە لایەن نووسەری ئینگلیزی (Thomas Love Peacock) لە ساڵی ١٨٢٩ بە کار بردرا. ئەم واژەیە لە ساڵی ١٩٨٠ وە بە تایبەتی لە باس و دێباتە سیاسیەکانی ئامریکا کەڵکی لێوەرگیرا. لەو کاتەدا ئەوانەی کە باس و دیباتیان دەکرد پێویستیان بە واژەیەک بۆ کە بتوانن سیاسەتمەدارانی دەسەڵاتدار بە نەتوان و ناشایست و نەزان وەسف بکەن.

بە باوەڕی من سیستەمی دەسەڵاتداریەتی ئێران ڕاست لە چل ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن چینێکی کاکیستوکراسیەوە بەڕێوەچووە.

لە سەردەمی کورونادا ئیدی هیچ گومانێک نەماوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران یەکێک لە گەمژەترین دەسەڵاتدارانی مێژوون. کۆمەڵگای ئێرانی ئێستا لەوپەڕی داڕمانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوریدایە و دەسەڵاتدرانی کاکیستوکراسیش نەک تەنها هێج پلان و پرۆژەیەکیان نییە بۆ ئەم قەیرانە، بەڵکو دەیانەوێت لەڕێگای خوڵقاندنی قەیران لەگەڵ وڵاتان، ئۆباڵی شکستەکانی ئەم گەمژەییەی دەسەڵاتداریەتی بخەنە ئەستۆی ئامریکا و وڵاتانی دیکە. گەمژەیی لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری، گەمژەیی بەڕێوەبەری دەسەڵات، گەمژەیی لە سوباتی کۆمەڵایەتی، گەمژەیی لە دیپلوماسیەت…هتد. کاکیستوکراسی ئێرانی تەنها لە سیستەمی سیاسی خۆی و بەڕێوەبەری خۆی نابینێتەوە، بەڵکو کۆی ستراکچوری کۆمەڵگای تەنیوەتەوە. ئەڵبەت کاکیستوکراسی تەنها گرێدراوی دەسەڵات و لایەنێکی دیاریکراوی دەسەڵات نییە، بەڵکو شۆڕدەبێتەوە بۆ نێو هەموو کۆمەڵگا. دەسەڵاتدارانی ئێران کۆمەڵێکی کاکیستوکراسییان بارهێناوە کە تەنانەت هیچ باکیان نییە لەبەکارهێنانی هەرکەرەسەیەک کە دەستەمۆی کۆمەڵگای پێبکەن.

قەیرانی تەندروستی و نەخۆشی کۆرونا ئەوڕاستییە دەسەڵمێنێت کە ئەم دەسەڵاتە هیچ بایخێک بۆ خەڵک دانانێت و هیچ پلان و پرۆژەیەکی بۆ ڕووبەرو بوونەوەی ئەم قەیرانە نییە و تەنها لەڕێگای پەنابردن بۆ “دوعا” و دژمنی دەرەکی، دەیەوێت، گوشارەکان لە سەر خۆی کەمکاتەوە. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم سیستەمە، گەوجاندنی کۆمەڵگایە لەڕێگای دروستکردنی قەیران و خۆبێبەریکردن لێی. ئەم دەسەڵاتە ناتووانێت دەسەڵاتێکی سەردەمیانە بێت. ناتووانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی دوونیا بگونجێنێت.

کۆمەڵگای ئێران، کۆمەڵگایەکی داڕوخاوە لە هەموو بووارێکدا. ژێرخانی ئابووری ئێران لەوپەڕی داڕماندایە، بەملیونان ئێرانی بێکارە و بۆ ژەمێک نان بێباکانە بەروپییری مەرگەوە دەچێت. ئەم ڕۆژانە قسەیەکی باو لە ئێراندا هەیە “ئەگەر بە کۆرونا نەمرم ئەوا لە برساندا دەمرم”.زەبروزەنگی بنەماڵەی لەوپەڕی هەڵکشاندایە. ستراکچوری دامودەزگا سیاسی، پروردەیی، ئابووری، تەندروستی..هتد نەک هیچ بایخێکی پێنادرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بەڵکو خەڵک هیچ بڕوایەکیان بەم سیستەمە نییە. ڕووداوی خستنەخوارەوەی فرۆکە ئوکراینیەکە و پەرەسەندنی پەتای کۆرونا، کەتا دوواساتەکان دەسەڵاتدارانی ئێرانی نکۆڵییان لێدەکرد، دوو نموونەی تازەن کە کۆمەڵە کاکیستوکراسییە لە گەوجاندنی کۆمەڵگای ئێرانیدا بێباکانە خەڵکیان بەلاڕێدا بردووە.

ئەم قەیرانە وەک هەر قەیرانێکی دیکە کاریگەری خۆی لە هەموو کۆمەڵگاکان بەجێدێڵێت. ئەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵاتێکی ئەقڵانی و سیستەمێکی دادپەروەریان هەیە، دوواجار نەک تەنها بەسەر ئەم قەیرانەدا زاڵدەبن، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ نوێ بوونەوە و بەخۆداچوونەوە سوودی لێوەردەگرن. ئەو سیستەمانەی کە لە سەر ئێتماد و و باوەڕ بە خەڵک بونیاد نراون و خەڵک باوەڕیان پێیانە، پەنا بۆ شاردنەوەی زانیاریەکان لە خەڵک نادەن، وەک ئەوەی لە کۆماری ئیسلامیدا بەرچاوو دەکەوێت.
جویسڤ شومپیتر زانای ئوتریشی باوەڕی وایە کە نێوگەرایی پێویستی بەقەیرانە، بەڵکو بەومەرجەی لە قەیراندا دەسەڵاتێکی لوژیکی و ئەقڵانی باڵادەست بێت و لەلایەن خەڵکەوە پشتیووانی بکرێت. چونکە بەقەوڵی ناوبراو، دوواجار قەیران هانماندەدات بیر لە ئاڵترناتیڤی جیاواز بکەینەوە. مرۆڤ لە کاتی قەیران و تەنگانەدا دەتووانێت باشترین داهێنان بکات، بەڵام پێویستە لایەنی پێوەندیدار وەک دەسەڵات ڕێگاخۆشکەر و یارمەتیدەری مادی و مەعنەوی تاکی کۆمەڵگا بێت. ئەم دەسەڵاتە نەک لە ئێرانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو بەگەمژەترین شێوە و پڕوپاگەندەی بێمانا دەیانەوێت وانیشان بدەن کە بەسەر ئەم قەیرانەدا زاڵن.

کورۆنا تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکیانەیە بۆ وڵاتە جیاوازەکان، کە چۆن بەگژیدا دەچن. هەروەها تاقیکردنەوەی ژێرخانی سیاسی، ئابووری و کلتوری دەسەڵاتداری وڵاتانە. ئەم قەیرانە نیشانیدا کە ستراتیژی کاکیستوکراسی کۆماری ئیسلامی لێخنکردن و سەرلێشواندن و بەلاڕێدانبردنە.

ئیبراهیم لینکن ١٦ەمین سەرۆککۆماری ئامریکا لە ووتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت دەسەڵاتی عەقڵانی لەلایەن گەل و بۆ گەل و لە گەڵ بەرژەوەندی گەلدایە، ئەگینا ئەو دەسەڵاتە مەحکوم بەلەناوچونە و هیچ پاڵپشتییەکی جەماوەری نییە. ٤٠ساڵە ئێران لەلایەن کۆمەڵێکی کاکیستوکراس و ئایەتولای گەمژەوە چەپاول وێران دەکرێت.

لەم قەیرانەو زۆربەی قەیرانەکانی ئەم ٤دەیەی ڕابۆردو کەمە نەتەوەیی و ئایینیەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە. لەنەبوونی ئیمکاناتی بهداشتییەوە بگرە تا بوواری دەرامەتی خەڵک، لەوپەڕی کارەساتدایە. خەڵک لە ناووچە دووردەستەکاندا بەبێ گوێدانە خەتەری ئەم پەتایە، بۆ ژەمێک نان، بەرەوپیری مەرگەوە دەچەن. لە چل ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئەم ناوچانەی هەروا بەدوواکەوتوویی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هێشتۆتەوە. ئەڵبەت ئەم ستراتیژییە تەنها لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵکو زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتە یەک لەدووای یەکەکانی ئێران لەسەر هەمان لوژیک و ئایدیلۆژیای شوڤینزمی-شیعەی ناوەنگەرا بەڕێوە چووە.

ئێرانی دووای کورۆنا ئێرانێکی داڕوخاوتر لەجاران دەبێت. ژیانی خەڵک لەمە باشتر نابێت و ڕۆژ لە دووای ڕۆژ ئابووری خەڵک بێبایختر دەبێت. ئاسەواری ئەم کارەساتە ساڵانێکی زۆر شوێندانەر دەبێت لەسەرکۆی کایە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان. دەسەڵاتدارانی کاکیستوکراسی ئێران ناتووانن بەوهاسانییە بەسەر ئەم کارەساتەدا سەکەون.

بۆ دەربازبوون لەم سیستمە کاکیستوکراسیە کە لە ماوەێ زیاتر لە چل ساڵە خوەی تاقیکردووتەوە، تەنیا بە هێنانە سەرکاری سیستمێکی ئەقڵانی، دیموکرات، پلوراڵ و دیسنتراڵ کە لە سەر ئعتماد و توانایی و خاوەنداریەتی خەڵک دەکرێ ئێران لە قەیرانی دەسەڵاتداریی کاکیستوکراسی ڕزگار بکرێت.

سەفر عزیزی

Visits: 82

دیدگاهتان را بنویسید