Breaking News
Home / پانل آزاد / دیموکراسی تەوافقی، مودێلێک بۆ داهاتووی ئێران؟

دیموکراسی تەوافقی، مودێلێک بۆ داهاتووی ئێران؟

یارسان مدیا
‏02‏.05‏.2020
سەفەر عزیزی

Safar Azizi

ڕەنگە بە هۆی مێژوو، کلتور و تێکەڵاوی ئایینی و نەتەوەیی لە ئێران، ئەم وڵاتە هەمیشە ناسوبات و بەردەوام کێشەی ناوخۆیی هەبووە. لە ئێراندا هەمیشە هەوڵدراوە کلتور، زمان و مێژووی نەتەوەیەک و ئایینێکی دیاریکراو زاڵبکرێت و لە زۆر کەناڵەوە بۆ سڕینەوەی لایەنەکانی دیکە بە بەرنامەڕیزی و سیستماتیک هەوڵدراوە و بەمانایەکی دیکە جنوسایدێکی سپی نەتەوەیی و کلتوری هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتی حکومەتە یەک لە دووای یەکەکان. سەنترالیزمی دەسەڵات لە تەهران وایکردووە نەتەوەکان و ئایینەکانی دیکەی ئەم وڵاتە هەمیشە بەچاوی گومانەوە لە دەسەڵات و سەردەمدارانی ئێرانیان ڕوانییەوە. ئەڵبەتە ئەم بەدگومانییە ڕیشەیەکی مێژووی هەیە و لە سەر ئەسڵی ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوکراوە، بناغەی دانراوە.

وڵاتی ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیی وفرە ئایینییە و ئەم ڕاستییە دەبێت ڕۆشنبیرانی پان-ئیرانیستی باش بزانن. یەکپارچەگی ئێران هەرچەندەش بەزەبروزەنگ بێت تەنها لە ڕۆعیای شاعیرانەی ئەم ڕۆشنیرانەدایە. ئێران قەد ناتووانێت بەدیموکراسی و یەکپارچەگی و سوباتی نیشتمانی بگات، تا ئەو کاتەی بەجدی بیر لە داهاتووی ئەم وڵاتە و مودێلێکی سیاسی-دەوڵاتداری بۆ نەکرێتەوە. زەمانی سڕینەوەی نەتەوە و ئایین بەسەرچووە. ئەم ڕاستییە لە زۆربەی دونیا پێگەیشتوون، بێجگە لە ڕۆشنبیرانی ئێرانی. ئەگەر لە زەمانی کورشی کەبیرەوە تاکوو ئێستا نەتووانراوە بەزۆر نەتەوە و ئایینەکانی دیکە ئاسیمیلە بکرێت و زمانێکی واحد و نەتەوەیەکی واحد پێکبهێنرێت، ئێستا لە دونیای تکنەلوژی و سەردەمی بوژانەوەی نەتەوەیی و ئایینی ئیتر مەحاڵە.

کەواتە بەپشت بەستن بەڕاستیەکان، کاتی ئەوە هاتووە ڕۆشبیرانی ئێرانی بیر لە مودێلێک بکەنەوە، کە جارێکی دیکە مێژوو تکرار نەکەوە و بەواقع یەکپارچەگی ئێران بپارێزن. من وەک کورد ڕەنگە لە ڕوانگەی احساسەوە کێشەم لە گەڵ دابەشبوونی ئێراندا نەبێت، بەڵام باش دەزانم کە یەکەم: سیاسەتی ناونەتەوەیی و ژیوپولیتیکی کوردستان ئەم سەربەخۆییە نەتەوەییە مەحاڵ دەکات، دووەم: ئێستا جیهان بەرەو یەکگرتن دەچن و سنورەکان تەسک دەبنەوە و هێز لە یەکگرتوویی دایە، هەربۆیە باش دەزانم کوردستان لە ئێرانێکی دیموکراتیک کە مافە نەتەوەییەکانی مسوگر کرابێت باشتر دەتووانێت لە بوواری ئابووری و بۆژانەوەی فەرهەنگیەوە پێشبکەوێت.

دیموکراسی تەوافقی بژاردەیەکە کە لە هێندێک وڵات تاقیکراوەتەوە. لە زۆربەی وڵاتان کە ئەم مودیلە وەک سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پەیڕەو دەکەن، سەرکەوتوو بووە و تووانیویەتی ڕێگا لە شەڕی ناوخۆیی و پارچە پارچەی وڵات بگرێت. بەرلەوەی باس لەم مودیلە بکەین بۆ داهاتووی ئێران، ئەگەر بەکورتیش بووە، با ئاورێک لەم تئورییە/مودیلە بدەینەوە.

لە ئەساسدا نەزەریە/تێزی دەوڵەتی مەدەنی لیبراڵ دیموکراسی و مەشروعیەتی ئەم دەوڵەتە، نەتەوەیەکی سیاسی یەکگرتووە. ئیدەی دەوڵەتی مەدەنی ئەوەیە کە لە کاروبارە ئایینی و نەتەوەییەکان دەستوەرنەدات و بێلایەن بێت. دەوڵەتی مەدەنی دەبێت پارێزەری مافە شارومەندی ومەدەنییەکانی تاک بێت. لەڕاستیدا دەوڵەتی مەدەنی دەبێت لە سەر مەبنای مافی مروڤ، ئازادی و فەراهمکردنی هەلی ژیان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بکۆشێت، بەبێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی. لێرەدایە دەوڵەت دەتووانێت بۆ یەکیەتی خاکی وڵات ڕابتەی نەتەوەیی، کلتوری و کۆمەڵایەتی تاک لە گەڵ نەتەوەیەکی دیاریکراو بگوازێتەوە بۆ دەوڵەتێکی فەرا-نەتەوەیی. گرنگە لێرەدا ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەین، کە دەوڵەتی مەدەنی لیبراڵ دیموکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و بازاڕی ئازادە، کە ئەستەمە بۆ وڵاتگەلی ڕۆژهەڵات وەک ئێران، عێراق، ئەفقانستان…هتد سودی لێ وەگیرێت، چوونکە ئەم کۆمەڵگایانە لە بوواری کۆمەڵگای مەدەنی و بازارێ ئازادەوە زۆر لاوازن و هەمیشە لە گەڵ شەڕی ناوخۆییدا دەستەویەقە بوونە کە “ڕقێکی ڕیشەیی” لە نێو ئەم وڵاتانەدا داکوتاوە. لەم وڵاتانە دەوڵەت و ناسیونالیزم سەرچاوە لە کلتور و نەتەوەیەکی دیارکراو دەگرێت، کە دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی نەک تەنها سەختە، بگرە مەحاڵە.

سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز و بازارێکی سەنعەتی گەورەیان هەبوو، هەتاکوو دەیەکانی ٦٠ی سەدەی بیستەم، بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوە لە سەر ئەساسی نەتەوە و کلتورێکی دیاریکراو پایە دەنرا. هەر ئەمەش وایکرد کە لە قانوونی ئەساسی وڵاتانی ڕۆژئاوا گۆڕانکاریگەلێکی زۆر قۆڵ بێتە کایەوە، کە بتوانرێت دەوڵەتێکی مەدەنی لە سەر ئەساسی مافی شارومەندی بونیات بنرێت. لە زۆربەی وڵاتان دەسەڵات تا هەدێک دیسنترالایز کرایەوە و حکومەتگەلێکی خۆجەیی دامەزرا.

تێزی دیموکراسی تەوافقی هەڵقوڵاوی ڕخنەی زانستیانەیە لە تئوری لیبراڵ دیموکراس و دەوڵەتی مەدەنییە. بەبۆچوونی لایەنگرانی ئەم نەزەریەیە، دەوڵەتی لیبراڵ دیموکراسی لە وڵاتانی چەند نەتەوەیی و چەند ئایینی قەد ناتووان بێلایەن بن و بگرە مەجبوور دەکەون، کلتور، زمان، مێژوو، سیمبول و هەتا شێوە ژیانی نەتەوەی باڵادەست، بەسەر لایەنەکانی دیکدا بسەپێنن بۆ ئەوەی مشروعیەت بدەن بە دەسەڵاتی خۆیان.

بناغەدانەر و هەرەبەناوبانگترین تئوریسیونی، تئوری دیموکراسی تەوافقی ئاراند لایپهارتە. لایپهارت تئوری دیموکراسی تەوافقی بە کاراترین و باشترین مودیلی دەوڵتداری بۆ وڵاتانی فرە نەتەوە و فرە ئایین دەزانێت. بەباوەڕی لایپهارت دیموکراسی تەوافقی تەنها زامنی دابەشکردنی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگا فرە نەتەوەییەکاندا، کە دەتووانێت وڵاتانی فرە نەتەوە لە شەڕی ناوخۆیی و پارچە بوون ڕزگار بکات. لە هەمانکاتدا ڕێگرە لەبەردەم دروستبوونی دیکتاتووری ئەکسەریەت و زاڵبوونی نەتەوەیەکی دیاریکراو لە وڵاتدا. فاکتورگەلی ئەسڵی دیموکراسی تەوافقی بریتن لە: ١. دەسەڵات و حکومەت و دامودەزگاکان دەبێت لە نوێنەرانی هەموو نەتەوەکان پێک بێت.٢. حکومەتگەلی خۆجەیی. ٣. هەقی ڤیتو بۆ نەتەوەکان بەتایبەت لە پرسە هەستیارەکان.

بۆچوونی لایپهارت ئەوەیە، کە دیموکراسی تەوافقی ئاشتەواییەکی سەراسەری دێنێتە کایەوە و ڕێگا لە دژکردەوەی کەمە ئایینی و نەتەوەییەکان دەگرێت. دروستکردنی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو نەک تەنها ڕێگرە لە جەنگی ناوخۆیی، بەڵکو دەتووانێت لە بوواری ئابووری و پێشکەوتنی کلتوری و کۆمەڵایەتییەوە یارمەتیدەری دروستکردنی کیانێکی یەکگرتوویی فەرا-نەتەوەیی بێت.

ئەڵبەت شێوەی دابەشکردنی دەسەڵات لە دیموکراسی تەوافقی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و دەکرێت بەگوێرەی ڕابردووی هەر وڵاتێک سود لە تئوری دیموکراسی تەوافقی بگیرێت. بۆ نموونە لە بلژیک و سویسرا دەسەڵات لە نیوان نەتەوە جیاوازەکاندا دابەشکراوە. سەڕەڕای ئەمەش، حکومەتە خۆجەییەکان دەسەڵاتێکی باشیان لە خۆبەڕێوەبەریدا هەیە. لە لوبنان دەسەڵاتی پوستە هەستیارەکانی پەرلەمان، سەروکایەتی وڵات و سەروکایەتی حکومەت لە نیوان سێ ئایینە سەرەکیەکەی ئەو وڵاتە دابەشکراوە. بەڵام دەسەڵاتێکی بەهێزی سنتراڵ هەیە.

سەرەڕای ئەوەیکە ئەم تێزە دەتووانێت کاریگەرییەکی باش و پوسەتیڤی بۆ وڵاتانی فرە نەتەوە و فرە ئایین بێت، بەوحاڵەش نابێت خاڵە لاوازەکانی لەبەرچاو نەگیرێت. دیموکراسی تەوافقی ئەگەر لە لایەن نوخبەکان و سیاسەتوانانەوە بەدەرایەت و تێگەیشتنەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، لە ئاکامدا وڵات توشی دەمارگیری و هەستی ناسیونالیستیەکی دماگیک و کوێرانە دەبێت، کە ئاکەمەکەی بەخوێنڕشتن کۆتایی دێت. لەم مودیلەدا دیموکراسی بەمانا لیبراڵەکەی پێناسە ناکرێت، لێ دیموکراسی لە ئەساسدا بەرژەوەندی زۆرینە لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام دیموکراسی تەوافقی بەرژەوەندیەکان دابەش دەکات بە سەر کەیانە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.

ئێستا بەتێگەیشتن لە چەمکی دیموکراسی تەوافقی پرسیار لێرەدایە کە ئایا ئێرانی دووای کۆماری ئیسلامی ئەو فاکتەرگەلەی تێدایا کە بتووانێت لە ئەزموونی دیموکراسی تەوافقی وڵاتانی دیکە سوود وەرگرێت؟ بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیانە کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینییە، دیموکراسی تەوافقی دەتووانێت بژاردەیەک بێت بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە. پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێران بەدریژایی مێژوو لە زۆربەی هەرە زۆری مافەکانیان بێبەش بوون. ئەمە سەرەڕای ئەوەی سیاسەتێک هەمیشە پەیڕەو کراوە بۆ ئەوەی کلتور و زمانەکانی دیکە بە زۆر ئاسیمیلە بکرێت و کلتور و ناسنامەی نەتەوەیەکی دیاریکراو وەک پێناسەی دەوڵەت-نەتەوە داسەپێنرێت. نەتەوەکانی دیکە لەم پێناسەیەدا هەمیشە نامۆ بوونە و سیمبول، زمان، مێژوو و کلتوری نەتەوەکانی دیکە پشگوێ خراوە. ئەم لایەنانە بەردەوام لە شەڕێکی مان و نەماندا بوونە و بەردەوام بۆ پارێزگاری لە ناسنامەی خۆیان خەباتیان کردوە. زۆرجار ئەم خەباتە چۆتە قاڵبی دژایەتیکردن نەک تەنها لە گەڵ دەسەڵاتداراندا، بەڵکو لە گەڵ خۆدی کلتوری نەتەوەی باڵادەست و هەر هەمان گوشارگەل وایکردوە هەستێکی ناسیونالیستی و هزرێکی جوداییخوازی لە لای کەمە ئایینی و کەمە نەتەوەییەکان دروست بێت.

دیموکراسی تەوافقی ڕێگا خۆشدەکات کە نەتەوەکانی دیکە لە ئێران لە سەرنوشتی خۆیان بەشداربن و لە پرۆسەی سیاسی و دەوڵتداری وڵاتدا بەرپرسیاریەتی خۆیان بجێ بێنن. حکومەتی خۆجەیی کە یەکێک لە کۆڵەکە ئەساسیەکانی دیموکراسی تەوافقییە، بەباوەڕی من نەک تەنها یەکپارچەگی وڵاتی ئێران دەپارێزێت، بەڵکو دەکرێت ببێت بەهۆی بەرپرسیاریەتی بۆ سارێژکردنی برینە کۆنەکان. لە هەمانکاتدا تەجروبەی وڵاتانی دیکە نیشاندەدات کە حکومەتگەی خۆجەیی لە بەروپێشبردنی خۆشگوزەرانی و ئابووری ناوچەکانیان زۆر کاریگەری پوستیڤی هەیە. ڕۆشنیران و دەسەڵاتدارانی ئێرانی نابێت چاو لەوڕاستییە بقوچێنن کە لە ئێراندا بێجگە لە چەند شار، زۆربەی هەرە زۆری ناوچە کوردنشینەکان، عەرەبنشینەکان، تورکنشینەکان لە پێداویستیە مرۆییەکان بێبەشبوونە.

دەسەڵاتی وڵاتێک وەک ئێران کە وڵاتێکی پانوبەرینە ناکرێت تەنها لە ناوەند تەمەرکوز بکرێت. لە ڕێگای دیسنتراڵکردنی دەسەڵاتەوە لە ئێران، سیاسەتوانان باشتر دەتووانن لە حاڵ و گوزەرانی خەڵک ئاگاداربن و لە ڕێگای حکومەتگەلی خۆجەییەوە داخوازیەکانی خەڵک فەراهم بکەن. ڕەنگە ڕۆشنبیرانی ئێرانی و بەتایبەت فارس باش لە واقعی کومەڵگای ئێرانی ئاگادار نەبن و هەمیشە تەمەرکوزی هزر و تێگەیشتنیان لە ناوەندەوە شەرچاوەی گرتووە، بۆیە کاتێک باس لە مودلی دیکە دەکرێت، بێجگە لە ترسی پارچەبوونی ئێران، هیچی دیکەیان بەخیاڵدا نەیەت.

بەپشتبەستن بە فاکتورگەلی سەرەوە، من باوەڕم وایە دیموکراسی تەوافقی، هەرچەندەش دەکرێت لە هێندێک بوواردا لاواز بێت، بەڵام مودیلێکی شیاو بێت بۆ داهاتووی ئێران. ئەڵبەت لە پاڵ ئەواشدا ڕاوێژ و دیالوگ لە ناوەندە ڕۆشنبیری و ئاکادیمیکیەکاندا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی مودیلێک بدوزرێتەوە کە زیاتر لە گەڵ پێکهاتەکانی ئێراندا بگونجێت. ڕۆشنبیرانی کورد دەبێت ئەم بابەتە بەجدی بورۆژێنن و سیاسەتووانانی ئێرانی مەجبوور بکەن کە بیر لە ئاڵترناتیڤی دیکە، بێجگە لە دەسەڵاتێکی سنتراڵیزم بکەنەوە. ئاڵترناتیڤی دیموکراسی لیبراڵی دووای کۆماری ئیسلامی ناتووانێت کێشە نێوخۆییەکانی ئێران چارەسەر بکات و وڵات زیاتر بەرەو قەیران دەبات.

سەفەر عزیزی

 

بازدیدها: 145

دیدگاهتان را بنویسید